چراکانی نیشتمان
عهبدولخالق مهعروف: شەهیدی فكرو قەڵەم
عەبدولخالق مەعروف نوسەرێكی دیارو ناسراوی كوردستانەو خاوەن قەڵەمێكی بوێرو ئازاو دیدو تێڕوانینی پێشكەوتنخواز بوو، لەپێناو بیرو باوەڕە پیرۆزەكەیدا گیانی خۆی بەخشیو بووە سومبلی بیری ئازادو شەهیدی فكرو قەڵەم.
ساڵی 1935 لەناوچەی كەندیناوەی هەولێر لە بنەماڵەیەكی ئاینی له دایك بووە.
لەبواری خوێندنی ئاینیو ئاسایی خوێندویەتی.
لەتەمەنی لاوی لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوەوە چۆتە دنیای سیاسهتهوهو پەیوەندی بەپارتی دیموكراتی كوردستانە كردووە.
عەبدولخالق مەعروف خولیای زانستو تەكنیك بووەو ساڵی 1960 ئیزگەیەكی رادیۆی له بهغدا دروست كرد. ساڵی 1963 بەشداری شۆڕشی ئەیلولی كردو رۆڵی دیاری هەبوو لەدانانی ئیزگەی شۆرشو لەو بوارەدا خزمەتی زۆری كرد.
لەشۆڕشی نوێشدا سەرباری ئەوەی پشكۆی كوڕی پێشمەرگەو ئەندازیاری ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستان بوو لەبەرگەڵو، خۆشی هاوكارێكی دڵسۆزی شۆڕشو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، بەنهێنی ئەركی دانانی ئێزگەیهكی شۆڕشی نوێی گرتۆتە ئەستۆو پێداویستییەكانی بۆ دابین كردووە.
عەبدولخالق مەعروف خاوەنی چەندین كتێبی زانستیو فكرییە. كتێبی (ئادەمیزاد لەكۆمەڵی كوردەواریدا) بەدیارترین كتێبی فكری ئەو دادەنرێتو لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكان نوسەری ئەو كتێبەیان بەلادەر لەئیسلام لەقەڵەم داو دژایەتی خۆیان بۆ دەربڕی.
ئاماژەش بەدەكرێت كە تیرۆركردنەكەی پەیوەندی بەبۆچونەكانی ناو دووتوێی ئەو كتێبەوە هەبووە.
بەداخەوە دەستی رەشی تیرۆر گەیشتە خاوەنی ئەم قەڵەمە ئازایەو لە10ی نیسانی1985 لەشاری هەولێر شەهیدیان كرد. بەڵام ناوو ناوبانگو بیرو بۆچونە پێشكەوتنخوازەكانی هەمیشە وەك چرایەكی پرشنگدار دەمێننەوە.
درود بۆ گیانی پاكی مامۆستا عەبدولخالقی شەهیدی فكرو قەڵەم.
چراکانی نیشتمان
ئەحمەد شەماڵ
ئەحمەدی خولە سنەیی یاخود ئەحمەد شەماڵ هونەرمەندێكی میللی كوردستانەو خزمەتێكی زۆری بە هونەری میللی كوردی كردووە.
ئەحمەد مەحمود محەمەد ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیەو لەناو خەڵكدا بە ئەحمەدی خولەسنەیی یاخود ئەحمەد شەماڵ ناسراوە.
ئەم هونەرمەندە بە رەچەڵەك خەڵكی خۆرهەڵاتی كوردستاننو بەهۆی كاری كاروانچێتییەوە باوكو باپیری لەشاری سنەوە هاتونەتە شاری سلێمانیو لەو شارە نیشتەجێبوون.
ئەحمەد شەماڵ ساڵی 1922 لە گەڕەكی چوارباخی سلێمانی لەدایك بووە.
كەسێكی رەنجدەر بووەو ئیشوكاری قورسی وەك كاروانچێتیو تونچێتی كردووەو ژیانێكی سەختو دژوار، بەڵام سەربەرزانە ژیاوە.
لەسەرەتای گەنجییەوە خولیای هونەری گۆرانی بووەو وەك هونەمەندێكی خاكیو میللی لە بۆنەو ئاهەنگەكاندا گۆرانی وتوە.
زۆربەی گۆرانییەكانی گۆرانی فولكلۆری یاخود لە هۆنینەوەی خۆی بوونو رەنگدانەوەو ئاوێنەی ئەو ژیانە كولەمەرگییە بووە كەبەسەری بردووە.
ئەم هونەرمەندە نزیكەی نیو سەدە خزمەتی بە دنیای هونەری كوردی كردو 67 گۆرانی تۆماركراوی هەیە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، وەك پێویستو زۆر ئاوڕ لەم هونەرمەندە نەدراوەتەوەو تیشك نەخراوەتە سەر ژیانو بەرهەمەكانی. بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ساڵی 2016لەیادی ساڵڕۆژی كۆچی دوایی هونەرمەند ئەحمەد شەماڵدا،كەسایەتیی نیشتمانیو كەلتورپەروەر د. تەها رەسوڵ لەسەر ئەركی خۆی پەیكەرێكی بۆ دروستكردو لەزێدی هونەرمەند لەگەڕەكی چوارباخ دانرا.
بەداخەوە ئەم هونەرمەندە خاكیو زەحمەتكێشەلە3ی نیسانی 1997 بەهێمنیو بەهۆی نەخۆشییەوە بۆ دواجار لەشاری سلێمانی ماڵئاوایی لەژیان كردو چووە
دنیای نەمرانەوە.
درود بۆ رۆحی پاكو بێگەردی ئەحمەد شەماڵی هونەرمەندی خاكیو سەربەرز.
لەدرێژەی کارو چالاکیە هاوبەشەکانی بهرێوهبهرایهتی لاوانی ههولێر و ڕێکخراوی UNICEF ، رۆژچوار شەممه 28-3-2018 ناوهندی وهرزش و لاوانی خهبات ، پرۆژه چالاكیهكی تایبهتیرۆژى ئهنجام دا , پرۆژهكه بریتی بوو له سێ چالاكی جیا بۆ خاوهن پێداویستانی جهستهیی و فیزیكی و گشتی بوو.
كەسایەتییەكی گەورەی روناكبیریو نوسەرو بیرمەندێكی هەڵكەوتووی كوردستانەو لەبوارەكانی زمانوئەدەبی كوردیو فەلسەفەدا خزمەتێكی گەورەی پێشكەش كردووە.
مەسعود محەمەد ساڵی 1919لەشاری كۆیە لەدایك بووەو لە ئامێزی بنەماڵەی ناودارو پایەداری كۆمەڵایەتیو ئاینیو زانستپەروەری جەلیزادەدا پەروەردە بووە.
قۆناغەكانی خوێندنی لەكۆیەو هەولێرو بەغدا تەواو كردووە.
ساڵی 1945 كۆلیجی مافی زانكۆی بەغدای تەواو كردووەو بۆتە پارێزەر.
دواتر وەك پەرلەمانتارو وەزیر لە حكومەتی عیراق خزمەتی كردووە.
مەسعود محەمەد بایەخێكی زۆری بەلێكۆڵینەوەی زمانو ئەدەبی كوردیوفەلسەفی داوەو خاوەنی چەندین كتێبی بەنرخە لەو بوارانەدا كە بەهەردوو زمانی كوردیو عەرەبی نوسیونی.
لێكۆڵینەوە ئەدەبیەكانی لەسەر حاجی قادری كۆییو نالیو توێژینەوەكانی تری لەبواری زمانەوانی كوردی بابەتی گرنگو بایەخداری زانستین.
لێكۆڵینەوەكانی دیكەی لەبواری فەلسەفە بەگشتیو بیری ماركسیزم بەتاییەتی بابەتی گرنگی فكرینو هەموو ئەوانە ئەم كەڵە نوسەرە وەك بیرمەندێك پێناسە دەكەن.
مەسعود محەمەد بەحوكمی توانا زانستیەكەی ماوەیەكی زۆر وەك ئەندامی كارای كۆڕی زانیاری كوردو جێگری سەرۆكی كۆڕ خزمەتی كردو لەو بوارەدا خزمەتێكی زۆری پێشكەش كردو شوێن پەنجەی بەپێشخستنی ئەو دەزگایەو ئەدەبیاتی كوردیەوە دیار بوو.
بەداخەوە ئەم پیاوە بەدیمەنو هەڵكەوتووەی كورد لە رۆژی 1ی نیسانی 2002 لەشاری هەولێر كۆچی دوایی كردو رۆژی دواتر تەرمە پیرۆزەكەی برایەوە شاری کۆیەو لەگۆڕستانی دەروێش خدر لەتەنیشت گۆڕی مەلای گەورەی باوكی بەخاك سپێردراو چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە.
درودی رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ روحی پاكی مەسعود محەمەدی نوسەرو بیرمەند.
لەسەردانی ئەمڕۆی کۆنسڵی فەلەستین لەهەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان وێڕایی تەکیدکردنەوە لەسەر پتەوکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان.
لەهەمان کاتدا ئەنجامدانی چالاکی هونەری و ڕۆشنبیرش لەنێوان هەردوولا بەپێوسست زانرا لەم قۆناغ و بارودۆخەدا بۆ ئەم مەبەستەش چەن چالاکیەکی ڕۆشنبیری تاوتوێکرا .
شایانی باسە بەرێز (خالید دۆسکی)وەزیری ڕۆشنبیری ولاوان پێش نێوەڕۆی ئەمڕۆ 2018/3/29 لەنووسینگەی تایبەتی خۆی پێشوازی لە بەرێز (نەزمی حزوری) سەرکونسڵی کۆسڵخانەی فەلەستین لەهەرێمی کوردستان کرد.
چراکانی نیشتمان
ن:خلیل عبدوڵڵا
شاكر فەتاح، شەھیدی بێسەر و شوێن
شاكر فەتاح نوسەرو رۆژنامەنوسێكی دیاری كوردستانەو لەچەند رشتەو كایەیەكی جیادا خزمەتی بە وڵاتەكەی كردووە.
ساڵی ١٩١٤ له سلێمانی لهدایك بووه. قۆناغەكانی خوێندنی لە سلێمانیو بەغدا تەواو كردووەو ساڵی 1936 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی حقوقی لەزانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
لەناوچە جیاجیاكانی كوردستانو عیراق وەك بەرێوەبەری ناحیەو قائیمقام خزمەتی كردووە.
مامۆستا شاكر فەتاح سەرباری خزمەتە ئیدارییەكانی، بەشێكی زۆری ژیانی بۆ خزمەتی ئەدەبو كەلتوور تەرخانكردو هەر لەسییەكانەوە بەرهەمەكانی لە رۆژنامەو گۆڤارەكاندا بڵاو كردەوەو وەك نوسەرو رۆژنامەنوسێك لەرێی قەڵەمەكەیەوە خزمەتی زۆری كردو خاوەنی سەدان وتارە بەزمانەكانی كوردیو عەرەبی.
وەك نوسەرێكیش 64 كتێب و نامیلكهی چاپكراویشی هەیە كەنوسینی خۆین یاخود وەریگێڕاون.
مامۆستا شاكر فەتاح ئەندامی یەكێتیی نوسەرانی كوردو كۆڕی زانیاری كورد بووە. ئەگەرچی ماوەیەك ئەندامو جێگری سەرۆكی دەزگا كارتۆنییەكەی مەجلیسی تەشریعی رژێمی بەغدا بوو، بەڵام بەهەڵوێستێكی بوێرانەو بەگیانو خوێنی خۆی ئەو لەكەیەی سڕیوەتەوە. ئەویش بەوەی كه لهسهروبهندی ئهنفال و لە 11-13ی ئازاری 1988 ئەمیندارێتی گشتیی رۆشنبیریو لاوان لەهەولێر چهند سیمنارێكی بەناوونیشانی (گەلی كورد لەویژدانی سەرۆك سەدام حسێن دا) رێكخستبوو.
بەشدارانی ئەو سیمینارە بەشانو باڵای سەدامو دەستگەوتەكانی رژێمی بەعسدا بۆ كورد هەڵیان دابوو، بەڵام مامۆستا شاكر فەتاح بەپێچەوانەی ئەوانەوە قسەی كردبوو و بەرگری لە شۆڕشو گەلو نیشتمانو زمانەكەی كردبوو، وتبووی ئەبێ حكومەتی عیراق گفتۆگۆ لەگەڵ هێزە كوردستانیەكان بكاتو گەمارۆی سەربازی لەسەر شارو گوندەكان لابباتو بەندەكانی بەیاننامەی ئازار جێبەجێ بكاتو زمانی كوردی بەپێی ئەو بەیاننامەیە كارا بكات.
ئەو هەڵوێستە نیشتمانییەی ئامادەبوانی سەرسامو نیگەران كردبوو، هەر لەتۆڵەی ئەوەدا دهزگا ئهمنیهكانی رژێنی بهعس شەوی 18 لەسەر19ی ئازاری 1988 لەماڵەكەی خۆی لەشاری سلێمانی دەستگیری دەكەنو دەیبەن بۆ ئەمنی هەولێرو پاش ئازارو ئەشكەنجەیەكی زۆر لە 27ی حوزەیرانی 1988 شەهیدی دەكەنو بەنوسراوێك وەك تێكدەر پێناسەی ئەكەنو داوای لە نەخۆشخانەی كۆماری هەولێر ئەكەن كە بڕوانامەی وەفاتی بۆ دەربكەن.
ئەمنی هەولێر تەرمەكەی تەسلیم بەكەسوكاری كاری ناكەنەوەو تائێستا گۆڕ ونە.
درود بۆ گیانی پاكی مامۆستا شاكر فەتاحی نوسەرو رۆژنامەنووسو نیشتمانپەروەر.