Nov 2016

مامۆستایانی ڕاوندی دووه‌می پێداگۆجی به‌سه‌ركه‌وتویی له‌ وڵاتی فنلاند گه‌ڕانه‌وه‌

فنلاند

د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: پێداگۆجی (ڕێگەکانى وانەوتنەوە)‌ به‌ دامه‌زراوه‌یی دەکە‌ین به‌جۆرێك بتوانین په‌یمانگەیه‌كی تايبەت هەبێت بۆ بەخشینى بڕوانامه‌ی دبلۆمى مامۆستایی لەبوارى پێداگۆجى.

ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ میانه‌ی كۆبونه‌وه‌یه‌كی هات له‌گه‌ڵ مامۆستایانى ڕاوندى دوەمى پێداگۆجی (ڕێگەکانى وانە وتنەوە)، كه‌ دوای یەک مانگ مانه‌وه‌ له‌ وڵاتى فنلاند گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان.

 له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشەمە، ڕێكه‌وتی (٢٠/٦/201٩)، به‌ئاماده‌بونی به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی و یاریده‌ده‌ره‌كانیان له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی وه‌زاره‌ت لەشارى هەولێر به‌ڕێوه‌چو، له‌سه‌ره‌تادا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌خێرهێنانه‌وه‌ی مامۆستایانی ڕاوندی دووه‌می پێداگۆجی كردو خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كه‌ دوباره‌و‌ دوای گه‌شتیكی زانستی به‌دیداریان شاد دەبێتەوە‌، له‌و چوارچێوه‌یشدا ڕایگه‌یاند: چوونی ئێوه‌ بۆ ئاشنابوون و خوێندنی ئه‌و میتۆدو ڕێبازانەیە کە له‌وڵاتان ده‌خوێندرێن له‌ بواره‌كانی پێداگۆجی و ڕێگەكانی وانه‌ وتنه‌وه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هەرێمى كوردستانیش جێبه‌جێ بكرێن و بخوێندرێن.

لە وتەکەیدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى وتی: ده‌بێت ئێمه‌ زیاتر له‌ میلله‌تانی دیكه‌ خۆمان ماندووتر بكه‌ین و كاتی زیاتر ته‌رخان بكه‌ین، بۆ ئاشنابون به‌ پێشكه‌وتنه‌كانى دونيا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و پێشچوونه‌كامان له‌ ئاست داواو داخوازییه‌كانمان بێت بۆیەش ئه‌مه‌ی به‌ ئه‌ركی مامۆستایان داناو ڕایگه‌یاند: مامۆستیانی زانكۆ به‌سه‌ركرده‌ی خۆمان ده‌زانین و کاتێک پڕۆژه‌یه‌كى تازە لەدونیادا بڵاودەبێتەوە، پێویستە مامۆستیانی زانكۆ پێشه‌نگ بن بۆ سود وه‌رگرتن لەم پرۆژەیە، چونكه‌ ئه‌گه‌ر مامۆستیانی زانكۆ له‌ ئاست ئەو پێشوازیه‌‌دا نه‌بوون كۆمه‌ڵگه‌ش به‌ده‌م ئه‌و گۆڕانكاریه‌ نایه‌ت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا ڕوو له‌ مامۆستیانی پێداگۆجی د.یوسف گۆران وتی: ئێوه‌ چه‌ندین بابەت و پرۆگرام ئاشنا بوون كه‌ ئێمه‌ نایانزانن ئه‌مه‌ش جێگه‌ی دڵخۆشییه‌و ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ كه‌ نه‌وه‌ی دوای خۆمان گۆش بكه‌ین به‌ پێشكه‌وتن و گۆڕانكارییه‌ جیهانییه‌كان، چونکە میلله‌تانی دونیا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مڕۆیان له‌دوێنێ باشتر بێت، پێویسته‌ ئێمه‌ش بە هه‌مان شێوە كار بۆ پێشخستنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان بكه‌ین، وتیشی: وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ هه‌موو توانایه‌ك پشتگیری پڕۆژه‌ی پێداگۆجى‌ ده‌كات، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ش سوپاسی تیمی وه‌زاره‌تى كرد كه‌ هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بوون له‌سه‌ركه‌وتنی كاره‌كان، به‌تایبه‌ت (د.ئامانج عەبدوڵا سه‌عید) راوێژكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كه‌ هاوكار و پشتیوانتان بووه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی كاری ڕاونده‌كانی پێداگۆجی و هه‌میشه‌ هاوكاری ئێمه‌یه‌ له‌كاره‌كانمان و ڕۆڵی دیاری له‌باش به‌ڕێوه‌چوون و سه‌ركه‌وتنی كاره‌كان هه‌بووه‌، هاوكات سوپاسی هه‌ریه‌ك له‌ (د.داود ئه‌تروشی و م. فواد عه‌لی) كرد بۆ سود وەرگرتنيان لە ئەزمونى فنلاند لەبوارى جیاجیا بۆ سەرخستنى پرۆژەکان، له‌پاڵ ئه‌مانیش سوپاسی سه‌رۆكی سێنته‌ره‌كان و سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆگرامی پێداگۆجی كرد بۆ سه‌رخستنی كاره‌كان.

لە کۆتایى  وته‌كەیدا وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: وه‌ك وه‌زاره‌ت ده‌مانه‌وێت ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌ دامه‌زراوه‌یی بكه‌ین و كاری بۆ ده‌كه‌ین به‌جۆرێك بتوانینپه‌یمانگەیه‌كی تايبەتمان هەبێت بۆ بەخشینى بڕوانامه‌ی دبلۆمى مامۆستایی لەبوارى پێداگۆجى،‌ ئه‌مه‌ش‌ پڕۆژه‌یه‌كی دوور مه‌ودایه‌، وتیشی: ده‌مانه‌وێت ئه‌م خولانه‌ی كه‌ ئێستا له‌سێنتەرەکانى پێداگۆجی ده‌گوترێنه‌وه‌ ته‌نها بۆ ئه‌و مامۆستایانه‌ نه‌بێت كه‌ نازناوی زانستی به‌ده‌ست ده‌هێنن، به‌ڵكو كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ئه‌و مامۆستیانه‌ی ئێستا له‌ زانكۆكان وانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌ به‌شداری خولی هه‌فته‌یی و مانگانه‌یان پێبكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ بگه‌یه‌نین به‌ ته‌واوی مامۆستایانی زانكۆ.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا هه‌ریه‌ك له‌ بەرپرسى پێداگۆجی لە وەزارەت و نوێنه‌ری مامۆستایانی ڕاوندى دووه‌می پێداگۆجی له‌میانی دوو وته‌ی جیادا ئاماژه‌یان به‌ سه‌ركه‌وتنی كاره‌كان كردو پوخته‌ی كاری داهاتوویان له‌سێنته‌ره‌كانى پێداگۆجی ڕوون كرده‌وه‌و سوپاسی هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌تى خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیان كرد كه‌ هه‌میشه‌ پشتیوان و هاوكارن بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌.

له‌دوای پێشكه‌ش كردنی چه‌ند سه‌رنج و تێبینییه‌ك به‌ ئاراسته‌ی باشتر به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كان و سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه‌ی پێداگۆجی هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ وته‌ی جیادا باسیان لە گرنگى پرۆژەکەو سودى بۆ زانکۆکانى کوردستان خسته‌ڕوو، له‌كۆتایشدا بەخستنه‌ڕوی بیروبۆچونه‌كانی ئه‌ندامانی وه‌فده‌كەو پێشكه‌شكردنی چه‌ندین پێشنیازو گۆرینه‌وه‌ی سه‌رنج و تێبینیه‌كان و ئاراسته‌ كردنی پرسیار و بۆچوون كۆتایی به‌كۆبونه‌وه‌كه‌ هات.

جێگەى ئاماژەیە مامۆستایانی ڕاوندى دووه‌می پێداگۆجی كه‌ ژماره‌یان (20) مامۆستایه‌ له‌‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ له‌ وڵاتی فنلاند به‌شداری خولێكی پێداگۆجی (ڕێگاكانی وانه‌ وتنه‌وه‌) یان كرد.