وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لیستی نوێى ئەو زانکۆیانەی دەرەوەی وڵات ڕادەگەیەنێت، کە لەمەودوا لەلایەن وەزارەتەوە پەسەندکراو و باوەڕپێکراون بۆ مەبەستی مۆڵەتی خوێندن و تواناسازی و هەموو جۆرەکانی دیکەی خوێندن لەدەرەوەی وڵات و یەکسانکردنی بڕوانامەکان .
ئەم لیستە، کە لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پەسند کرا، لەسەر بنەماو پێوەری زانستی ئامادەکراوە و، سوود لە سیستمە جیاکانی ڕیزبەندی نێودەوڵەتی و نیشتیمانی زانکۆکانی وڵاتانی جیهان وەرگیراوە.
ئەو بەڕێزانەی کە خوازیارن لەدەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن، پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکەن:
- لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی (8 / 12/ 2016) ەوە کاری پێدەکرێت.
- پابەندبون بەم لیستە، پێشکەشکارانی هەموو جۆرەکانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لەدەرەوەی وڵات دەگرێتەوە (مۆڵەتی خوێندن، تواناسازی، زەمالە)، هەروەك ئەو بەڕێزانەش دەگرێتەوە کە دهخوازن بەشێوازی (نفقە خاصە و مۆڵەتی بێ موچە) دەیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن.
- ئەو بەڕێزانەی کە لە دوای ئەم ڕێكەوتهوه داواکاری بۆ خوێندن لەدەرەوەی وڵات پیشکەش دەکەن، پێویستە (ئۆفەری خوێندن، کۆرسی زمان و کۆرسی ئەکادیمی) لەیەکێک لەو زانکۆیانە بەدەست بهێنن، کە لە هەردو گروپى لیستەکاندا هاتوە، بە پێچەوانەوە لە دوای گەڕانەوەیان مامەڵەی یەکسانکردنی بڕوانامەیان بۆ جێبەجێ ناکرێ.
- پێشکەشکارانی هەموو جۆرەکانی خوێندن لەدەرەوەی وڵات پێویستە بەر لە ڕۆیشتن سەردانی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بکەن، بۆ مەبەستی دڵنیابون لە بونی زانکۆکەیان لە لیستی زانکۆ پەسەندکراوەکانی وەزارەت و کردنەوەی فایلی خوێندن لە بەڕێوەبەرایەتی نێردراوان لە دیوانی وەزارەت.
- ئەو بەڕێزانەی کە لە دهزگاو دامهزراوهكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانەمەزراون و خوازیارن لەدەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن و، دوای تەواوکردنی خوێندن دەیانەوێت لەهەرێمی کوردستان کار بکەن، پێویستە بە هەمان شێوە لە ڕێکەوتی (8/ 12/ 2016)ەوە پابەند بن بە لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات.
- بڕیاری پابەندبون بە لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات ئەو بەڕێزانە ناگرێتەوە کە دانیشتووی دەرەوەی ئێراقن و ڕەگەزنامەی بیانیان هەیە.
- لیستی نوێی زانکۆ پەسەندکراوەکانی دەرەوەی وڵات ئەو بەڕێزانە ناگرێتەوە کە پێش ڕێکەوتی (8/ 12/ 2016) لە دەرەوەی وڵات دەستیان بە خوێندن کردوە، بەڵکو بە لیستى پێشتر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ.
بۆ بینینی بۆ بینینى لیستى ناوى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان تکایە کلیک لەسەر ئەم دو بەستەرەى خوارەوە بکەن