د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: كوردستان خاوه‌ن مێژوییه‌كی قوڵه له پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی، بۆیه به‌خوێندن و زانست و فێركردنی نه‌وه‌كانی داهاتومان درێژه به‌و ڕوحیه‌ته ده‌ده‌ین، ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا و تویژینه‌وه‌ی زانستی، ئه‌مرۆ دوشه‌ممه، ڕێكه‌وتی (4/9/2018) له میانه‌ی پێشوازیكردنی وه‌فدێكی زانكۆی كاسۆلیكی له هه‌ولێر هات.
له دیدارێكدا، كه پ. د.شێرزاد نه‌جار ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ كاروباری خوێندنی باڵا ئاماده‌یبو، گفتوگۆ له‌سه‌ر كارنامه‌ی زانكۆی كاسۆلیكی له هه‌ولێر كرا، له‌سه‌ره‌تادا مه‌تران (به‌شار متی ورده) سوپاسی ئه‌و پێشوازییه‌ی كرد و كورته‌یه‌كی له‌سه‌ر دیدگا و كار و چالاكی زانكۆكه‌یان له‌ماوه‌ی ڕابردو پێشكه‌شكرد، هه‌روه‌ك سوپاسی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیكرد له به‌رامبه‌ر پاڵپشتیه به‌رده‌وامه‌كانیان له زانكۆكه، سه‌باره‌ت به كاری داهاتوی زانكۆكه‌یان ڕونیكرده‌وه له زانكۆكهماندا خوێندكاری پێكهاته جیاوازه‌كانمان هه‌یه و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین ساڵ به‌ساڵ ژماره‌ی خوێندكارانی موسڵمان له زانكۆكه‌مان زیاد بكات، وتیشی له پاڵ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌ك زانستیهكانمان، ده‌مانه‌وێ زانكۆكه‌مان بكه‌ینه ناوه‌ندێكی قوڵكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه ئاینیه‌كان و پێكه‌وه‌ژیان له كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش كاروبه‌رنامه‌ی جیاوازمان هه‌یه و، له ئێستادا كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
له به‌رامبه‌ردا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و تویژینه‌وه‌ی زانستی دوای به‌خیرهێنانی وه‌فدی میوان ڕایگه‌یاند: كوردستان ناوچه‌یه‌كی له‌باره‌ی بۆ قولكردنه‌وه‌ی گیانی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان له ناوچه‌كه، وتیشی كوردستان خاوه‌ن مێژوییه‌كی قوڵه له پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی، بۆیه به‌خوێندن و زانست و فێركردنی نه‌وه‌كانی داهاتومان درێژه به‌و ڕوحیه‌ته ده‌ده‌ین، هه‌ربۆیه بۆ یه‌كه‌مین جاره له‌سه‌ر ئاستی ئێراق و ناوچه‌كه زمانی (سریان)یمان له زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین كرده‌وه، هه‌ر له میانه‌ی قسه‌كانیدا، د.یوسف گۆران پالپشتی و پشتیوانی ته‌واوی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆ زانكۆی كاسۆلیكی له هه‌ولێر و كاروپڕۆژهكانیان دوپاتكرده‌وه و وتی: ئه‌خوازین زانكۆی كاسۆلیكی له‌سه‌ر ئه‌و ڕێچكه‌ی كاركردنه‌ی به‌رده‌وام بێت بۆ گه‌شه‌پێدان به‌گیانی لێبورده‌یی، له‌هه‌مان كاتدا كاری جدی بكات بۆ فراوانكردنی بازنه‌ی په‌یوه‌ندییه ئه‌كادیمی و زانستیه‌كانی خۆی له‌سه‌ر ئاستی دونیا.
له به‌شی كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، د.سه‌باح یوسف مالح سه‌رۆكی زانكۆی كاسۆلیكی له هه‌ولێر كورته‌یه‌كی له‌سه‌ر پێكهاته‌ی زانكۆ و كارنامه‌یان بۆ چه‌ند ساڵی داهاتو خسته‌ڕو.