د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەماوەى ئەم دوو ساڵەدا زیاتر لە (٢٠٠٠) دوو هەزار لە هەڵگرانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى کوردستان توانیویانە بڕوانامە ستانداردەکانى توانستى زمانى ئینگلیزى بەدەست بهێنن، ئەوەش دەسکەوتێکى زانستى گرنگە بۆ زانکۆکانى کوردستان.
ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتی (٢٣/١/٢٠١٨) لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێکیدا هات، کە بەبۆنەى ئاهەنگی دەرچوانی خولی چوارەمى ئەنجوومەنی کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکیەکان بڕوانامەی بۆردی پزیشکی کوردستانی پێشکەشیکرد.
لەو ئاهەنگەدا، کە بەچاودێرى د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، ئامادەبونى ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت و، مامۆستایانى زانکۆ لە هۆڵی هۆتێل ڕۆتانا لە شاری هەولێر بەڕێوەچو، تێدا بڕوانامەى بۆردى پزیشکى بەخشرایە (٧٣) دەرچو لە (٥)پسپۆڕی جیا، هەر بەو بۆنەیەوە چەند وتەیەکی تیادا پێشکەش کرا.
بەر لە پێشکەشکردنی وتارەکان، ئاهەنگەکە بەهاتنەناوەوەی دەرچوان و مامۆستایان دەستپێکرد، پاشان ئامادەبوان بەوتنەوەی سرودی نیشتیمانی (ئەی ڕەقیب) ڕێزیان لە شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری گەلەکەمان نا.
هەر بەو بۆنەیەوە چەند وتارێک پێشکەشکرا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتارێکدا دواى ئەوەى خۆشحاڵى خۆى بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگى دەرچوانى خولى چوارەمى ئەنجوومەنى کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکیەکان دەربڕى، پیرۆزبایى لە دەرچوانیش کرد کە بڕوانامەى بۆردی پزیشکى کوردستانیان پێ بەخشرا.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتارەکەیدا باسى لە گرنگى بوارى پزیشکى کرد و وتى: "گومان لەوە دا نیبیە کە ئاستى پزیشکى وخزمەتگوزارى تەندروستى، لە هەر وڵاتیک یان هەرێمێیک پێوەرێکى گرنگە بۆ خزمەتى هاوڵاتى، چونکە ئاستى ئەو خزمەتگوزاریانە و کار و بوارەکانى پزیشکى پەیوەندیدارە بەژیانى هەمو تاکەکانى ئەو کومەڵگە و ژیانى دانیشتوانەکەى، بۆیە وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەماوەى کارکردنماندا گرنگیەکى زۆرمان بەم لایەنە داوە و دەدەین".
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا د.یوسف گۆران باسى لەو پێشکەوتنانە کرد کە لە بوارى پزیشکى لە کوردستان بەدیهاتوە، بۆ ئەوەش وتى: "وەک ئەزانین لە دواى ڕاپەرینى ساڵى (1991) تەنها یەک کۆلێژى پزیشکى گشتى لە هەولێر هەبو، بەڵام ئەوەتا لە ئێستادا (4) کۆلێژى پزیشکى و، (4) کۆلێژى پزیشکى ددان و (3) کۆلێژى دەرمانسازى و (4) کولێژى پەرستارى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستاندا بوینان هەیە"، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانشتى ئەوەشى ڕاگەیاند: "وەزارەت ڕەزامەندى نیشانداوە لەسەر کردنەوەى دوو کۆلێژى دیکەى پزیشکى بۆ ساڵى خوێندنى داهاتو لە زانکۆکانى (گەرمیان و زاخۆ) داوە"، رونیشى کردەوە جگە لەو کۆلێژ و بەشانە چەندین بەشى تەندروستى و پزیشکى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکانى هەریمى کوردستان هەیە.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ گرنگى و تایبەتەمەندى خوێندنى باڵا لە کۆمەڵگە، بۆ ئەوەش وتى: "تایبەتمەندى خوێندنى باڵا ئەوەیە کە هیچ بواریکى ژیان و هیچ کەرتیک لە کۆمەڵگە لە بیر ناکات و پەرەى پێدەدات، چونکە کۆمەڵگەى پێشکەوتو و تەندروست پێویستى بەپەرەپێدانى سەرجەم لایەن و سێکتەرەکان هەیە، بۆ نمونە پەرەپێدانى کەرتى تەندروستى پێویستى بە پسپۆڕ و شارەزا و زانایانى لێهاتووى زانکۆکان و خوێندنى باڵا هەیە، بەهەمان شێوە پەرەپێدانى پەروەردە و ئەندازیارى و کشتوکاڵ و ڕۆشنبیرى و یاسا و هونەر و ئاوەدانکردنەوە و پیشەسازى، هەمویان پێویستیان بە پسپۆڕ و مامۆستایانى زانکۆکانە"، وتیشى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەرکیکى قورسمان لەسەر شانە، کە بەشدارى فراوان لە هەمو سێکتەرەکانى تر بکەین، ئەوەش بەدو ڕێگە دەکرێ، یەکەمیان بریتیە لە ئامادەکردنى پسپۆڕى لیهاتو لە بوارە جیاکانى خوێندن، هەروەک دوەمیشیان بریتیە لە ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى رەسەن و ئاست بەرزە، کە ڕێگە چارە بۆ کێشەکانى کومەڵگەکەمان دەدوزنەوە، جگە لە ئەرکى ڕاوێژکارى و بەشداریکردن لە بوارەکانى تر، بەخۆشحاڵیەوە وەزارەتەکەشمان سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانەى گرتۆتەبەر بۆ پێشکەوتنى لایەنە جیاکانى خوێندن لە کوردستان.
د.یوسف گۆران باسى لە گرنگى و بایەخدان بەزمانى ئینگلیزى کرد و لەو بارەیەوە وتى: یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانى وەزارەتەکەمان بایەخدانە بەزمانى ئینگلیزى وەک زمانى زانست، بۆیە لە چوارچێوەى پڕۆژەکانمدان تا ئێستا لەماوەى ئەم دوو ساڵەدا زیاتر لە (٢٠٠٠) دوو هەزار لە هەڵگرانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى کوردستان توانیویانە بڕوانامە ستاندارەدەکانى زمانى ئینگلیزى بەدەست بهێینن، ئەوە جگە لە گەڕانەوەى نزیکەى (٢٠٠٠) دوو هەزار لە دەرچوانى تواناسازى، کە بێگومان هەموان بونە بەسەرچاوەیەکى مرۆیى گرنگ لە ناوەندەکانى خوێندن، هەربۆیە بایەخدانەکانمان لەو چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبێ.
لە کۆتایى وتارەکەشیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕوو لە دەرچوان وتى: ئێوە ئەى پزیشکانى دەرچوانى هەڵگرى بڕوانامەى بۆردى کوردستانى پێوستە هەردەم لە هەوڵ و کوشش و بە دواداچونى زانستى پزیشکى بن، چونکە هەمو زانستیک گەر گەشەى پێنەدریت ئەوا لە قوناخیکدا دەوەستیت، بەڵام بۆ بوارە پزیشکیەکان ئەم دیاردەیە زۆر زەق ترە وەک لە بوارە زانستیەکانى تر، بۆ ئەوەش سوپاسى پزیشکانى وەزارەتى تەندروستى و، سەرجەم کۆلێژە پزیشکیەکانى کرد، کە هاوکار و هەماهەنگ بون لە پێگەیاندن و پەروەردەکردن و ڕاهێنانى زانستى بەو پۆلە لە دەرچوانى خولى چوارەمى ئەنجومەنى کوردستانى بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان، کە دەرچوان لە پسپۆڕییەکانى (هەناو، نەشتەرگەرى، ددان، پاسۆلۆجى، تیشک) بڕوانامەى بۆردى پزیشکیان پێ بەخشرا، هیواشى خواست دەرچوان شوێن دەستیان لە خزمەتکردن بە بوارى پزیشکى لە کوردستان بەدەربخەن، هەروەک پاڵپشتى و پشتیوانى وەزارەتیشى وەک هەمیشە بۆ کارو پڕۆژەکانى ئەنجومەنى کوردستانى بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان دوپات کردەوە.
هەر لەو بۆنەیەدا وتاری بەخێرهێنان لەلایەن (دکتۆرسەلیم سەعید) سەرۆکی ئەنجومەنی کوردستانی بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان پێشکەشکرا, لەوتارەکەیدا دوای بەخێرهێنانی ئامادەبووان, ئاماژەی بەوەدا کە لە خولی چوارەمدا پاش تەواوکردنی ڕاهێنان و دەرچونیان بەسەرکەوتویی لە تاقیکردنەوەکان (٧٣) پزیشک لە (٥) پسپۆڕی جیاواز بڕوانامەی بۆردی پزیشکی کوردستانیان پێ دەبەخشرێ، وتیشی ئەم خولەی دەرچوان سامانێکی زۆر گرنگ و پڕ بەهان بۆ وڵاتەکەمان و، ئامادەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستین لە سەرجەم دەزگاو دامەزراوە تەندروستیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان .
هەر لە ڕێوەڕەسمی ئاهەنگەکەدا دوای سوێند خواردنی دەرچوان، لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی کوردستانی بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان بڕوانامەی بۆردی پزیشکی کوردستانی بەخشرایە دەرچوان، کە ژمارەیان (٧٣) دەرچو بو.
بەپێشکەشکردنی خەڵات و دیارى لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و لایەنە پەیوەندارەکان بە یەکەمى خولەکە، کۆتایی بەئاهەنگەکە هات .