د.یوسف ڕایگەیاند: پەیوەندى نێوان گەلى کورد و گەلى فەڵەستینى مێژوییەکى قولى هەیە و ، شانازیش بەوە دەکەین کە بەردەوامى بەو پەیوەندییانە بدەین.
ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (١٧/٧/٢٠١٧) لەمیانەى دیدارێکى لەگەڵ (نەزمى حەزورى) کونسڵى گشتى فەڵەستین لە هەرێمى کوردستان هات.
لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى د. ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێنددنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.داود سلێمان ئەتروشى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى ئەندازە و پڕۆژەکان لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو، گفتوگۆ لەبارەى پەیوەندییە ئەکادیمى و زانستیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و فەڵەستین کرا.
لە سەرەتایى دیدارەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، بەگرنگیەوە باسى لە پەیوەندى زانستى نێوان هەرێمى کوردستان و فەلەستین کرد و وتى: لەسەردەمى شۆڕشى گەلى کورد، سەرکردەکان پەیوەندى پتەویان لەگەڵ هێزى بەرگرى فەڵەستنى دەستپێکرد و، وتیشى وەک هەمیشە هانى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و زانکۆکانى فەڵەستینى دەدەین، چونکە پێمان وایە لەو ڕێگەیەوە باشتر دەتوانین پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیشمان بەهیز بکەین، بەتایبەت لە نێوان گەلى فەڵەستینى و گەلى کورد، کە مێژویەکى هاوبەشیان لە قوربانیدان و بەرگرى هەیە، لە ڕابردوشدا چەندین ڕۆڵەى کورد بەشدارى لە خەباتى شۆڕشگێڕى و شۆڕشى فەڵەستینى کردوە، بۆ ئەوەش نمونەى بەشەهیدى سەرکردە مامەڕیشە هێنایەوە.
سەبارەت بەپەیوەندییە زانستیەکان و کارئاسانیکردن بۆ خوێندنى خوێندکارانى فەڵەستینى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، پاڵپشتى تەواوى وەزارەتەکەى بۆ خوێندکارانى فەڵەستینى دوپاتکردەوە و، هەروەک تەئیکیدی کردەوە کە وەزارەتى خوێندنى باڵا پشتیوانى بەردەوامبونى پڕۆسەى پێدانى سکۆلەرشیپى بەخوێندکارانى فەڵەستینى دەکات تا بتوانن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان درێژە بەخوێندن بدەن، ڕونیشیکردەوە کە بۆ ئەو مەبەستە ڕاوێژ لەگەڵ زانکۆکانى کوردستان دەکەن بۆ دەستنیشانکردنى ژمارەى کورسیەکان و بوار و پسپۆڕییەکان، لەهەمان کاتدا بەڵێنى چارەسەرکردنى سەرجەم ئەو کێشانەشیدا، کە دەبنە لەمپەر بەردەم سەرکەوتنى ئەو پڕۆسەی هاتنى خوێندکاران بۆ هەرێمى کوردستان، هیواشى خواست پەیوەندییەکانیان لەسەرجەم بوارەکان پەرە پێ بدەن.
لە بەرامبەردا (نەزمى حەزورى) کونسڵى گشتى فەڵەستین لە هەرێمى کوردستان وێڕاى سوپاسکردنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ئەو پیشوازیە گەرمەى لێیان کرد، ئینجا کورتەیەکى لەبارەى دۆخى فەڵەستین لە بوارى سیاسى و ئەکادیمى و کۆمەڵایەتى پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، هەروەک باسى لە ئاستى پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان کرد و، بەپەیوەندییەکى لە مێژینە و پێویستى نێوان هەردو گەل وەسفى کرد، بەتایبەت لە بەشداریکردنى ڕۆڵەکانى کورد لە شۆڕشى فەڵەستینى، وتیشى لە بەرنامەماندایە لە داهاتودا سەردانى بنەماڵەى (شەهید مامەڕیشە) بکەین و، سوپاسى حکومەتى و گەلى فەڵەستینى بەبنەماڵەکەى بگەێنین لە بەرامبەر بەشداریکردنى لە خەباتى شۆڕشى فەڵەستینى.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، کونسڵى گشتى فەڵەستین لە هەرێمى کوردستان، سوپاسى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ دابینکردنى ژمارەیەک کوردسى خوێندن و، لەخۆگرتنى خوێندکارانى فەڵەستینى کە لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەرفەتى خوێندنیان بۆ ڕەخساندوە، هەروەک سوپاسى (د.یوسف گۆران)یشى کرد بۆ دوپاتکردنەوەى بەهێزکردنى پەیوەندییەکانیان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى کە ڕوبەروى خوێندکاران دەبنەوە.