حکومەتى هەرێم تەواوى پابەندییەکانى بەرامبەر زانکۆکان و خوێندکارانى تواناسازى جێبەجێ دەکات

uk

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: حکومەتى هەرێمى کوردستان تەواوى پایەندییەکانى بەرامبەر بەو زانکۆیانەى کە خوێندکارانى تواناسازى تێیدا دەخوێنن جێبەجێ دەکات و سەرجەم شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج دەکات.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى کۆبونەوەیەکى لەگەڵ ژمارەیەک لە زانکۆکانى بەریتانیا هات.

لەو کۆبونەوەیەدا، کە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا بەئامادەبونى کاروان جەمال تاهیر نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەریتانیا و، د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى و، د. جوان جەلال بەڕێوەبەرى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان بەڕێوەچو، گفتوگۆ لەبارەى دۆخى دارایى خوێندکاران و بڕیارى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ خەرجکردنى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى تواناسازى گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا کاروان جەمال تاهیر نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەریتانیا بەخێرهاتنى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەفدى هاورێى بۆ بەریتانیا کرد و، نوێنەرى زانکۆکانى بەریتانیا کرد.

پاشان وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا، سوپاسى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەریتانیاى کرد بۆ ڕێکخستنى ئەو کۆبونەوەیە، پاشان کورتەیەکى لەبارەى دۆخى دارایى و ئەمنى هەرێمى کوردستان بۆ ئامادەبوانى کۆبونەوەکە خستەڕو وتى: هەرێمى کوردستان دواى ئەوەى ڕوبەڕوى قەیرانى دارایى بوەوە، هاوکات ڕوبەڕوى جەنگێکى قورس لەگەڵ ڕێکخراوى تێرۆرستى داعش بوەوە، بەوەش ژمارەیەکى زۆرى ئاوارە ڕویان لە هەرێمى کوردستان کرد، بەوەش باری دارایى هەرێمى کوردستان ئەوەندى دیکە قورس بو، د.یوسف گۆران ڕاشیگەیاند: سەربارى ئەو بارە داراییە سەختەى لە هەرێمى کوردستان هەبو، بەڵام وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەوڵەکانى بەردەوام بو بۆ دابینکردنى شایستە داراییەکانى خوێندکاران، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى ئەو زانکۆیانەشى کرد کە لە دۆخى دارایى هەرێمى کوردستان تێگەیشتن و فشاری زۆریان نەدەخستە سەر خوێندکاران بۆ پێدانى شایستە داراییەکانیان.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان لە هەوڵ و کۆششەکانى بەردەوام بو بۆ ئەوەى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى تواناسازى دابین بکات، خۆشبەختانە لە ڕێکەوتى (٦/٣/٢٠١٧) سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندى نیشاندا بەتەرخانکردنى بڕى (٣٠) سى میلۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى تواناسازى بەتایبەت ئەوانەى ئێستا لە پڕۆسەى خوێندندان، د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕاگەیاند بەتەرخانکردنى ئەو بڕە پارەیە کێشەى هەر زۆرى ئەو خوێندکارانەى تواناسازى چارەسەر دەکات کە ئێستا دەخوێنن، ئەوەشى ڕاگەیاند: حکومەتی هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تەواوى پابەندییەکانى خۆى بەرامبەر زانکۆکان و خوێندکارانی تواناسازی جێبەجێ دەکات.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، نوێنەرى زانکۆکان ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێمى کوردستان و، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیان بەرز نرخاند و، ئەوەشیان ڕاگەیاند کە ئەوانیش هاوکار ئەبن و، ڕێژەیەک لە شایستە داراییە خەرجنەکراوەکانی خوێندکارانى تواناسازی دائەشکێنن.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا، باس لە چەند کێشە و گرفتێک کرا و، بڕیاری پێویستیان لە بارەوە درا بەتایبەت بۆ لەمەودوا بڕیارى ئەوە درا، کە گواستنەوەى شایستە داراییەکانى خوێندکاران لە ڕێگەى سستمى بانکیەوە بێ، نەک وەک پێشتر کە ڕاستەوخۆ ڕادەستى خوێندکاران دەکرا، ئامانجیش لەو پڕۆسەیە پەیڕەوکردنى شەفافیەتى زیاترە لە جێبەجێکردن و ڕایکردنى کاروبارەکانى پڕۆسەکانى بەرنامەى تواناسازى.

بڕیارە وایە، هەر لە چوارچێوەى سەردانەکەیاندا بۆ بەریتانیا ئەمڕۆ شەممە، ڕێکەوتى (۲۰۱۷/۳/۲٥) وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرۆکایەتى د.یوسف گۆران لەگەڵ نوێنەرانی خوێندکاران لە سەرجەم زانکۆکانی بەریتانیا کۆببێتەوە بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربون و گفتوگۆکردن سەبارەت بە بڕیاری حکومەتی هەرێمى کوردستان، کە تایبەتە بە خەرج ردنی شایسته داراییەکانی خوێندکارانی تواناسازی.