د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى بەسەرکردنەوەو سەرپەرشتيکردنى کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى هەڵەبجە، بڕیاریدا بەشێک لە کێشە کارگێڕی و دارایيە پێویستییەکانى زانکۆى هەڵەبجە چارەسەر بکات، هەروەک ڕاشیگەیاند لەڕێگەى رێکخراوێکى نێودەوڵەتیەوە کار بۆ تاوتوێکردنى جێبەجێکردنى پرۆژەی بەرهەم هێنانى کارەبا لەڕێگەى وزەى خۆرەوە بۆ زانکۆى هەڵەبجە دەکەین.
لەدرێژەى بەسەرکردنەوە مەیدانییەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، بۆ لە نزیکەوە ئاگادرابون لە کێشە و گرفتى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٦-٢-٢-٢٠١٧) د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، زانکۆى هەڵەبجەى بەسەرکردەوە و سەرپەرشتى کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى هەڵەبجەشى کرد، لە کۆبونەوەکەشدا بڕیارى چارەسەرى کێشە پێویست و هەنووکەییەکانى زانکۆكەى دا.
لەکۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى هەڵەبجە کە هەریەک لە د. ئاراس مستەفا سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە و، د. ئامانج عەبدوڵا سەعید راوێژکارى وەزیر و، د. خەتاب ئەحمەد شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى وەزارەت و، ڕاگێرى کۆلێژەکانى زانکۆى هەڵەبجە ئامادەیبون، د. يوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرپەرشتى کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى هەڵەبجەى کرد.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. یوسف گۆران ڕایگەیاند: مەبەستى سەرەکیمان لەم سەردانە و سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆکە بۆ گوێگرتنە لە کێشە و گرفتەکانى زانکۆکە و، هەوڵدان بۆ دانانى میکانزمێکى گونجاو بۆ چارەسەرى کێشەکانى زانکۆى هەڵەبجە بەتایبەت ئەو کێشانەى لە دەسەڵاتماندایە، بۆ ئەوەش لە وەزارەتەوە درێغى ناکەین بۆ خزمەتکردن بە خەڵکى هەڵەبجە و خوێندکارانى سنورەکە بۆ ئەوەى لەئاست ئەو زوڵم و ستەمانەى لەسەردەمى رژێمى بەعس لەو شارە کراوە، بتوانین بەخزمەتکردن بە هەڵەبجە کەمێک لەو ئازارانە کەم بکەینەوە، بەتایبەتیش چارەسەکردنى کێشەکانى زانکۆى هەڵەبجە وەک گرفتى بەشە ناوخۆییەکان و نەبونى سوتەمەنى و دابینکردنى کەلوپەل و پێداویستى و میلاک، وتیشى ئەو کێشانەشى پەیوەندى بە وەزارەتەکانى دیکەى حکومەتەوە هەیە لە ڕێگەى خۆمانەوە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان دەدەین.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى درک بە ماندوبون و هەوڵى مامۆستا و فەرمانبەرانى زانکۆکەتان دەکەین و، لەوە تێدەگەین کە هەوڵ بۆ پێشخستنى زانکۆکەتان دەدەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت باشتر لە ڕابردو بەردەوام لە پێشخستنى زانکۆى هەڵەبجەتان بن، بۆیە ئەرکى هەمومانە بایەخى زیاتر بە زانکۆکە بدەین و، هەوڵ بۆ پێشخستنى توانا زانستى و ئەکادیمییەکان بدەین.
لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کێشەى زانکۆ بچوکەکان بەبەراورد بە زانکۆ گەورەکان زیاترە، چونکە بەهۆى ئەوەى تازە دروستبون و ستاف و تواناى زانستى و ئیدارییان کەمترە، بەڵام لەماوەى دو ساڵى ڕابردو و، لە ئێستاشدا بەبەردەوام هاوکارى و پاڵپشتى زانکۆکانمان کردوە بۆ ئەوەى بتوانین ئاستى زانستییان پێش بخەین و، ئەو کێشە کارگێڕى و داراییانەى هەیانە چارەسەریان بۆ بکەین، لەو ڕوەوە وەزارەتەکەمان درێغى ناکات بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆکەتان هاوکاریکردنى لەبوارە جیاکاندا.
لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بەپڕۆژەى سەربەخۆى دارایى زانکۆکان کردو ڕایگەیاند، ئامانج لەم پڕۆژەیە ئەوەیە زانکۆکان بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن و، لەڕوى زانستى و کارگێڕی گەشە بەخۆیان بدەن و، هەنگاو بە هەنگاو کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بۆیەش زانکۆى هەڵەبجە وەک هەریەک لە زانکۆکانى دیکەى هەرێمى کوردستان، دەتوانێت سوود لە داهاتەکانى وەربگرێت بۆ بەرەوپێشبردنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى خۆى و، پڕکردنەوەى پێداویستییە گرنگەکانى، کە پێویستن بۆ شێوازى بەڕێوەبردنى زانکۆ.
لە کۆتایى وتەکەیدا د. يوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە پڕۆژەى یەکێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ کە بەنیازە لە زانکۆى هەڵەبجە جێبەجێى بکات، بۆ ئەوەش وتى پڕۆژەکە بریتیە لە تاوتوێکردنى جێبەجێکردنى پرۆژەیەک بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا لەڕێگەى وزەى خۆر بۆ زانکۆى هەڵەبجە، ئاشکراشیکرد لەئێستادا پڕۆژەکە لە قۆناغى لێکۆڵێنەوەدایە، بڕیار وایە دواى ئەنجامدانى ڕوپێویەکى مەیدانى ئینجا بڕیار لەبارەى جێبەجێکردنى بدرێت.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا د. ئاراس مستەفا سەرۆکى زانکۆى هەڵەجە بەوەکالەت، لە وتەیەکدا ئاماژەى بە پاڵپشتیە بەردەوامەکانى وەزیرى خوێدنى باڵا وتوێژنەوەى زانستى بۆ زانکۆى هەڵەبجە کرد و ڕایگەیاند: ئەم سەردانەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ زانکۆکە، ئەوە نیشان دەدات کە خەمخۆرى خەڵکى هەڵەبجە و زانکۆکەیە، چونکە زانکۆى هەڵەبجە زانکۆى هەموانە و بەخوینى شەهیدان دروستکراوە، بۆیە پێویستمان بەهەماهەنگى و هاوکارى وەزارەتە بۆ چاسەرەکردنى ئەو کێشانەى کە پێوستە و گرنک بۆ بەرەو پێشبردنى زانکۆکەمان.
لەبەشێکى دیکەى سەردانەکەیدا بۆ زانکۆى هەڵەبجە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دادگاى نمونەیى لەبەشى یاساى زانکۆى هەڵەبجە کردەوە، کە سوودى ئەم دادگا نمونەییە برییتیە لە پەیڕەوکردنى شێوازى پراکتیکى لە چۆنیەتى بەرزکردنەوەى سکاڵا لە دادگا بۆ خوێندکارانى کۆلێژى یاسا و دەرەوەى زانکۆ.
لە کۆتا وێستگەى سەردانەکەیدا بۆ زانکۆى هەڵەبجە د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ، بەشێک لە کۆلێژ و بەشەکانى زانکۆکەى بەسەر کردەوەو لەنزیکەوە لەگەڵ مامۆستایان و خوێندکارانى بەشەکان گفتوگۆى لەبارەى پرۆسەى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و پەرەپێدانى تواناى خوێندکاران لە وانەکانیاندا کرد.
لە بەشێکى دیکەى وێستگەى سەردانەکەیدا بۆ پارێزگاى هەڵبجە هەمان ڕۆژ د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەیاوەرى ستافى وەزارەت و زانکۆى هەڵەبجە، سەردانى پارێزگاى هەڵەبجەى کرد و لەلایەن عەلى عوسمان پارێزگارى هەڵەبجە بەوەکالەت و نوخشە ناصیح قائیمقامى هەڵەبجە پێشوازی لێکرا. لە دیدارێکدا هەردولا جەختیان لەسەر بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانى زانکۆى هەڵەبجە کرد.
لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرجەم پشتیوانییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و بەرەوپێشبردنى زانکۆکە دوپاتکردەوە.