د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لەبارەى گرنگى و پێگەى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان ڕایگەیاند: هەمومان دەبێت ئەو ڕاستیەمان لەبەرچاوبێت، کە خوێندنى تەکنیکى و زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان لە ئێستادا لە هەمو کاتێک زیاتر پێویستە بۆ وڵاتەکەمان.

دەستپێکى ئاهەنگەکە
ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە چوارچێوەى وتارێکدا هات، کە ئێوارەى ڕۆژى سێ شەممە، ڕێکەوتى (١/١١/٢٠١٦) لە ئاهەنگى دەرچوانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر پێشکەشى کرد.
لە ئاهەنگى دەرچوانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر کە بەچاودێرى و ئامادەبونى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و، سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکان و، یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان و مامۆستایان و لێپرسراوانى حکومى و، کەس وکارى دەرچوان لە پارکى ماجیدى لاند لە هەولێر بەڕێوەچو، بڕوانامەى بەکالۆریۆس و دبلۆمى تەکنیکى پێشکەش بە نزیکەى (٤٠٠٠) دەرچو لە (٣) کۆلێژ و (٨) پەیمانگەى تەکنیکى و (٣٧) پسپۆڕى لە بەشە جیاکانى ئەو زانکۆیە کرا.
ئاهەنگەکە بەهاتنەناوەوەى دەرچوانى کۆلێژ و پەیمانگە جیاکانى زانکۆکەو مامۆستایان و ستافى ئەنجومەنى زانکۆ دەستیپێکرد، پاشان چەند ئایەتێک لە قورئانى پیرۆز خوێندرایەوە، بەدوایدا ئامادەبوان بەساتێک ڕاوەستان ڕێزیان لە شەهیدانى ڕێگەى ڕزگارى کوردستان گرت.

دەرچوان بەگەشبینیەوە لە ئایندە بڕوانن
هەر بەو بۆنەیەوە د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەش کرد، لەسەرەتای وتارەکەیدا د.یوسف گۆران وتى:" پیرۆزباى گەرم لە دەرچوانى ئەم خولەى زانکۆکەتان دەکەم، خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم ڕێوڕەسمەدا بەشدارى دەکەم، داواکارم دەرچوانى زانکۆکەتان بەئومێد و گەشبینییەوە خۆیان بۆ بەشدارى لە گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەى کوردستان ئامادە بکەن".
دەرچوان دەبێ لە پەیوەندى بەردەوامدا بن لەگەڵ زانکۆکەیان
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە باسى لە سێنتەرى (Alumni) کرد و وتى: ئەمڕۆ کە لەسەروبەندى ئاهەنگى دەرونن هیوادارم لە دواى تەواوکردنى خوێندنیان هەوڵ بدەن پەیوەندیتان لەگەڵ زانکۆکەتان بمێنێت و هەماهەنگى بکەن بۆ ڕیکخستن و ئەنجامدانى پڕۆژەو کارى هاوبەش، هاوکات داواکارم زانکۆکەتان کار بکات بۆ دامەزراندن و کردنەوەى ئۆفیسێکى (Alumni)ى کارا بۆ بەدواداچون و هەماهەنگى لەگەڵ دەرچوان.

خوێندنى تەکنیکى لە ئەمڕۆدا گرنگە بۆ وڵاتەکەمان
هەر لە وتارەکەیدا د.یوسف گۆران ئاماژەى بەگرنگى خوێندن تەکنیکى و زانکۆ پۆلیتەکنیکەکان کردو ڕایگەیاند:" زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر ڕۆڵێکى گرنگ لە سیستمى خوێندنى باڵا لە هەرێمەکەمان دەگێڕێت، بەو پێیەى کە ساڵانە ژمارەیەکى بەرچاو لە دەرچوانى ئامادەییەکان لە کۆلێژو پەیمانگەکانى وەردەگرێت و جێگەیان دەکاتەوە و دەرفەتى خوێندنیان بۆ دەڕەخسێنێت، هەروەک زۆربەى جاریش زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بەسوپاسەوە زیاتر لە تواناى ڕاستەقینەى خۆى خوێندکار وەردەگیرێت". وتیشى " بابەت و پرۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر تەکنیکیەو خوێندکاران بۆ بازارى کارى هەرێم ئامادە دەکات" د.یوسف گۆران وتى: "دەبێت هەمومان ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاو بێت کە خوێندنى تەکنیکى ئێستا لە هەمو کاتێک زیاتر بۆ وڵاتەکەمان پێویستە، زۆر بوارى گرنگ هەیە، زۆر کارامەیى و دەستڕەنگینى هەیە کە دەبێت بەهەند وەربگیرێت و لەناو پرۆگرامەکانى خوێندنى تەکنیکیدا پەرەیان پەرەیان پێ بدرێت و جێگەیان بکرێتەوە، چونکە بونى ژێرخانى فراوان بێ ئامادەکردنى خەڵکى پیشەیى بۆ پاراستنى پڕۆسەى گەشەپێدان لە کوردستان بەنیوە ناچڵى لە کوردستان دەهێڵێتەوە".

دەبێ زانکۆ پۆلیتەکنیکەکان بەوریایەوە لە بازارى کار بڕوانن
هەر لە وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند:" بازارى کارو سیستمى ئابورى لەسەرەتاسەرى دونیا زۆر بەخێرایى گۆڕانکارى بەسەردا دێ، بۆیە گرنگە زانکۆى پۆلیتەکنیک وەک زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بەوریایەوە لە پێداویستیەکانى بازارى کار بڕوانێت و، ساڵانە توێژینەوەى زانستى و ڕوپێوى ورد ئەنجام بدەن بۆ تێگەیشتن لەو کارامەییانەى کە کەرتى گشتى و خاوەن کارو کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەت پێویستى پێیانە، گرنگیشە لەبەر ڕۆشنایى ئەو توێژینەوە و ڕوپێوییانەدا هەم گۆڕانکارى لە پڕۆگرام و ڕاهێنانى خوێندن ئەنجام بدەن و، هەم پلانى کردنەوەى بەشى نوێ دابڕێژن، هاوکات گرنگە پەیوەندى بەردەوامتان لەگەڵ کەرتى گشتى و کەرتى تایبەت هەبێت و، ساڵانە بەشدارییان لە داڕشتنى سیاسەتى گشتى خوێندن و ڕاهێنان لە زانکۆکەتان پێ بکەن".
دەرفەتى ڕاهێنانى پراکتیکى لەگەڵ کەرتى گشتى و تایبەت فراوانتر بکەن
هەر لە چوارچێوەى وتارەکەیدا د.یوسف گۆران ڕو لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر وتى:" هەوڵ بدەن دەرفەتى ڕاهێنانى پراکتیکى (Internship) بەهەماهەنگى لەگەڵ کەرتى گشتى و تایبەت فراوانتر بکەن، هەروەها لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش دەبێت هەوڵ بدەن دەرفەتى لەو جۆرە بۆ خوێندکاران بڕخسێنن، ئەو جۆرە هەماهەنگى و کارکردنە زۆر گرنگە بۆ پتەوکردنى پەیوەندى لەگەڵ بازارى کار، هەروەک تێگەیشتن و بەرچاوڕونى زیاتر بۆ هەمولایەک فەراهەم دەکات" وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە ئەنجومەنى وەزیران و ڕێکخراوى (Irex) دەکەم کە دەستپێشخەرى فراوانیان هەبوە بۆ یارمەتیدانى زانکۆکانمان لەم بوارە".

بەردەوام بن لە فراوانکردنى تۆڕى پە یوەندى نێودەوڵەتى
ده ستخوشى له زانکوکەتان دەکەین کە ساڵى پار بە سەرکەوتویى توانیتان ژمارەیەکى بە رچاو لە کۆنفرانسى نێودەوڵەتى ئە نجام بدەن و هە وڵەکانتان بۆ فراوانکردنى تۆڕى پە یوەندى نێودەوڵەتى جیگەى سوپاس و دەستخۆشییە، هیوامان وایە بەردەوام بن و بەتایبەت تەرکیز لەسەر پەرەپێدانى پڕۆگرامەکان و بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى بۆ پڕۆگرامەکانتان بکەن.هەروەها خۆشحالین زانکۆکەتان بە هاوکارى زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانى دیکەى کوردستان کاردەکەن بۆ جێبەجێکردنى پڕۆسەى بۆلۆنیا و گونجاندنى پرۆگرام و یەکەکانى خویندن لەگەڵ سیستمى ستانداردى دنیا کە بێگومان ئاستى خوێندنى تەکنیکى بەرەو قۆناغێکى نوێ و ئاستى بەرز دەبات.
دەرچونتان پیرۆز بێ
لە کۆتایى وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە ڕێکخەرانى ئاهەنگەکە کرد، هەروەک دەستخۆشى لە مامۆستایان و ستافى زانستى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر کرد بۆ پێگەیاندنى نەوەیەکى نوێ، لەهەمان کاتدا پیرۆزبایى لە دەرچوان و کەس وکاری دەرچوانیش کرد.

لە بەشێکى دیکەى ئەو ئاهەنگەدا د.کاوە شێروانى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بەوەکالەت و، نوێنەرى خوێندکاران وتاریان پێشکەش کرد.
بڕوانامەى بەکالۆریۆس و دبلۆمى تەکنیکى پێشکەش بە نزیکەى (٤٠٠٠) دەرچو کرا
هەر لەو ئاهەنگەدا، دواى سوێندخواردن، لەسەر داواى ڕاگرى کۆلێژ و پەیمانەگەکان، لەلایەن سەرۆکى زانکۆوە بڕوانامەى بەکالۆریۆس و دبلۆمى تەکنیکى پێشکەش بەسەرجەم دەرچوان کرا، کە ژمارەیان نزیکەى (٤٠٠٠) دەرچوبو.
یەکەمەکان خەڵات کران
بەپێشکەشکردنى خەڵات بەسەر یەکەمەکانى کۆلێژ و پەیمانگەکان لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خویندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و، لێپرسراوانى ئامادەبو، ئاهەنگەکە کۆتایى پێهات.
