وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەشداری پڕۆژەیەك بۆ شەهیدان و ئەنفالكراوان دەكات

1.jpg

 د. یوسف گۆران لەگەڵ رێكخراوی دادوەرانی نێودەوڵەتی كۆبۆوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەیی نیشان دەدات بۆ بەشداریكردن لە پرۆژەیەكی رێكخراوی دەستەی دادوەرانی نێودەوڵەتی بۆ بەرپرسیارەتی كە تایبەتە بە كه‌س و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی كوردستان.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، ئەمڕۆ سێ شه‌ممه‌، رێكەوتی (24/2/2015)  د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشوازیكرد له‌ (ریچارد ستیڤان) پسپۆڕ لە بواری كه‌س و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و، (كێڵی برۆكل) بەڕێوەبەری بەرنامەكانی ڕێكخراوی دەستەی دادوەرانی نیودەوڵەتی بۆ بەرپرسیارێیەتی لە وڵاتی ئەڵمانیا.

له‌ دیدارێكدا سەرەتا وەفدەكەی رێكخراوی دەستەی دادوەرانی نێودەوڵەتی بۆ بەرپرسیارەتی، ئامانجی سەردانەكەیان ئاشكرا كرد، كه‌ بریتیبوو له‌ پێشكەشكردنی پرۆژەیەك بۆ كه‌س و كاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ش داوایان له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد به‌شداری له‌ پڕۆژه‌كه‌دا بكه‌ن، ئه‌وه‌شیان ڕونكرده‌وه‌ پرۆژەكەیان پەیوەندی بە ژماره‌یەك لە وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانه‌وه‌ هەیە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی یەكێك دەبێت لەو وەزارەتانە.

له‌ به‌رامبه‌ردا د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەهەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ خزمه‌تكردن به‌كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوان بەو پێیەی بە بەشێك لە ئەولەویاتی كارەكانی خۆی زانیوە، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: تاوانەكانی دژ بەگەلی كورد لەنێویاندا تاوانی ئەنفال و جینۆساید و شەهیدكردنی خەڵكی كوردستان بەشێكن لەمێژووی مەزڵومییەتی گەلی كوردستان.

سه‌باره‌ت به‌كارو ئه‌ركی زانكۆكانیش د.یوسف گۆران ڕاگه‌یاند: له‌ ماوه‌ی ڕابردودا زانكۆ و پەیمانگه‌كانی هەرێمی كوردستان گرنگیان بەو بابەتە داوە و، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا چەندین توێژینەوەی زانستیان پێشكه‌ش كردوه‌، بۆ پڕۆژه‌كه‌شیان، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاگه‌یاند: "ئامادەین هاوكاریتان بكەین بۆ ئەوەی پڕۆژەكەتان سەركەوتوبێت و سود بەكەیسی شەهیدان و ئەنفالكراووان بگەیەنێت".

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوای لە ڕێكخراوی دەستەی دادوەرانی نێودەوڵەتی بۆ بەرپرسیارەتی كرد، وردەكاری پڕۆژەكەیان پێشكەش وەزارەت بكەن تا دوای هه‌ڵسه‌نگاندنی زانكۆكان ڕابسپێرن بەپێی پسپۆڕیەتی و پێویستی بەشداری تێدا بكه‌ن.