د.یوسف گۆران: یادی 53ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان پیرۆز بێت

wazir1_0.jpg
وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی كوردستان سوپاسی زۆری مامۆستایان ده‌كات كه‌ ڕێگه‌یان نه‌دا قه‌یرانی دارایی كارێگه‌ری بكات سه‌ر پڕۆسه‌ی خوێندن و، له‌ ئه‌مساڵی خوێندندا ئه‌ركی خۆیان به‌ته‌واوه‌تی جێبه‌جێكردوه‌.
 
ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ میانه‌ی بروسكه‌یه‌كی پیرۆزبایه‌دا هات بۆ ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان، له‌و بروسكه‌ی پیرۆزبایه‌دا جگه‌ له‌ نرخاندنی رۆڵی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانی گه‌له‌كه‌مان، به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ پێگه‌ی مامۆستایان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن و كۆمه‌ڵگه‌ كردوه‌، ئه‌مه‌ی خوراوه‌ ده‌قی بروسكه‌ی پیرۆزبایه‌كه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌..  
 
سكرتێر و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان
مامۆستایانی ئازیز و زانست
سڵاوی قه‌ڵه‌م و پێشكه‌وتن...    
یادی (53) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان له‌ سه‌رجه‌م مامۆستایانی كوردستان پیرۆز ده‌كه‌م.
 
یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان كه‌ له‌ (15/5/1962) دامه‌زرا، گه‌له‌كه‌مان شۆڕشێكی گه‌وره‌ی به‌رپا كردبو بۆ به‌دیهێنانی ڕزگاری یه‌كجاره‌كی و دورخستنه‌وه‌ی زوڵم و سته‌م له‌سه‌ر خاكی پیرۆزی كوردستان، له‌و ڕۆژگاره‌دا كه‌ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان به‌شداریان له‌و شۆڕشه‌دا كرد، مامۆستایانیش له‌ چوارچێوه‌ی یه‌كێتیه‌كدا خۆتان كۆكرده‌وه‌ به‌شداریان له‌و شۆڕشه‌دا كرد، به‌شداریكردنی ئێوه‌ شانبه‌شانی خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی، خه‌باتی چه‌كی زانست و پێگه‌یاندنیشی گرته‌وه‌، بۆیه‌ ئێوه‌ی یه‌كێتیی مامۆستایان له‌و ڕۆژگاره‌وه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆ ده‌گات پێشه‌نگی خه‌باتی دیموكراسی و رزگاری گه‌له‌كه‌مان بون. 
 
‌ مامۆستا كه‌ هه‌ڵگری په‌یامی په‌روه‌رده‌و فێركردنه‌ پیرۆزترین په‌یامه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌، چونكه‌ له‌وێوه‌ بنه‌ماكانی شارستانیه‌ت وپێشكه‌وتن وئاینده‌ی گه‌شی كۆمه‌ڵگه‌ ڕه‌نگڕێژ ده‌كرێت، بۆیه‌ پیشەی مامۆستا گرنگترین و پاکترین پیشەیه‌، مامۆستایان له‌ هه‌مو قۆناغه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵ بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیان لە ئەستۆدایە، كه‌ بریتیه‌ له‌ گەیاندن زانست و زانیاری و پێگەیاندنی نەوە دوای نەوە بۆ ئەوەی خزمەتی کۆمەڵگەو نیشتیمانەکەیان بکەن.
 
پێگه‌ی مامۆستا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌ گرنگه‌كانی پڕۆسه‌ی خوێندنی باڵا داده‌نێین، چونكه‌ لە ژێر دەستی ئەواندا پزیشک و ئەندازیارو ئەفسەرو کەسانی ئەکادیمی پێڕادەگەن كه‌ له‌ ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خزمه‌ت به‌كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ چیمان بۆ بكرێت بۆ زیاتر خزمه‌تكردنیان درێخی ناكه‌ین.
 
ئێستاش كه‌ گه‌له‌كه‌مان به‌ قۆناغێكی گرنگ و هه‌ستیاردا تێبه‌ڕ ده‌بێت، كاروئەركی مامۆستایان و یه‌كێتیی مامۆستایان جیاوازه‌ به‌به‌راورد به‌توێژه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌، چونكه‌ ئه‌ركی ئێوه‌ له‌ زانكۆكان و ناوه‌نده‌كانی دیكه‌ی خوێندن بریتیه‌ له‌ بەرەوپێشبردن و سەررخستنی زانست ومەعریفەو گەشەپێدانی هزروهۆشی ونەتەوایەتی و، پێگەیاندنی نەوەیەكی بیرتیژ  بۆ بونیاتنانی دواڕۆژێكی گه‌شه‌دار بۆ كۆمەڵگەكەمان، هه‌ربۆیه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی سوپاسی زۆری مامۆستایان ده‌كه‌ین كه‌ ڕێگه‌یان نه‌دا قه‌یرانی دارایی كارێگه‌ری بكات سه‌ر پڕۆسه‌ی خوێندن و، له‌ ئه‌مساڵی خوێندندا ئه‌ركی خۆیان به‌ته‌واوه‌تی جێبه‌جێكردوه‌.
 
یه‌كێتیى مامۆستایانى كوردستان كه‌ ڕێكخراوێكى پیشه‌ه‌و ، نوێنه‌رایه‌تى سه‌رجه‌م مامۆستایانى كوردستان به‌  جیاوازى نه‌ته‌وه‌و ئاین و ڕه‌گه‌زو بیروباوه‌رِى سیاسی ده‌كات‌، هیوادارم وه‌ك هه‌میشه‌ هه‌وڵ بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی، نیشتیمانى، ئه‌كادیمیی، په‌روه‌رده‌یی، ڕوناكبیری، كۆمه‌ڵایه‌تى و پیشه‌ییه‌كان بده‌ن و، هاوبەشی یەكتر بین لە خزمەتكردنی بنەما گشتیەكانی دیموكراسیەت و به‌دەستهێنانی ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان و خزمه‌تكردنی زیاتر به‌ بواری خوێندنی باڵا له‌ كوردستان.

د.یوسف گۆران
وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی
2015/5/15