سەرۆكی لێژنەی كۆچبەرانی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق: داوا لە حكومەتی عیراق دەكەین موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەكاتی خۆی ڕهوانه بكات
د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: "حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری و كۆمەكی پێشكەشی ئاوارەكانی عیراق كە لەهەرێم نیشتەجێن كردوە، لەبواری خوێندنی باڵادا زیاتر لە 20 هەزار خوێندكاری ئاوارەی ناوچهكانی دیكهی عێراق لە هەرێمی كوردستان تاقیكردنەوەیان كردوە، مامۆستاو پێداویستیان بۆ دابینكراوەو نوسینگەی زانكۆكانیش لەهەرێم كراونەتەوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئابوری هەرێم ناتوانین لەوە زیاتر هاوكارییەكان درێژەیان پێبدرێت، لەهەمان كاتیشدا حكومەتی عیراق وەك پێویست هاوكاری هەرێمی نەكردووە بۆ ئاوارەكان كە پێویست بوو هاوكاری حكومەتی ناوەند بۆ ئاوارەكان هەبێت".
ئەم ڕاگەیاندنەی (د. یوسف گۆران) لەمیانی پێشوازی كردنی لە وەفدێكی لێژنەی كۆچ و كۆچبەرانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و بریكاری وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی عێراقی هات، كە ئەمڕۆ دوو شهممه، رێكەوتی 23/2/2015 سەردانی وەزارتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان-یان كرد.
وهفدهكه پێكهاتبون لە (رەعد حەمید) سەرۆكی لێژنەی كۆچ و كۆچبهرانی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق و، (د. سەلام خۆشناو) بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عیراق.
لە سهرهتای دیدارەكەدا سەرۆكی لێژنەی كۆچ و كۆچبەران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سوپاس و ستایشی كارەكانی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد بۆ هاریكاریكردنی خوێندكارە ئاوارەكان، بۆ ئەوەش وتی: ئێمە بەردەوام دەبین لەپەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوكاریمان لەگەڵ هەرێم، چونكە سەرەڕای كێشە داراییەكان كه ڕویان له ههرێمی كوردستان كردوه هاوكاری زۆری ئاوارەكانیشی كردوە.
لەبارەی كێشەی دارایی هەرێم و ناوەند و بڕینی موچەی فەرمانبەران، سەرۆكی لێژنەی كۆچ و كۆچبەران رایگەیاند: "لەڕێگەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە داواو جەخت لە حكومەتی عیراقی دەكەین كۆتایی بەو كێشەیە بهێنێت و، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەكات و ساتی خۆی ڕهوانهی ههرێمی كوردستان بكات و، كێشە سیاسییەكان نەبنە هۆكاری بڕینی موچەی خەڵكی كوردستان.
له بهشێكی دیكهی دیدارهكهدا بریكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی عیراق سوپاس و ستایشی هاوكارییەكانی هەرێمی كرد بۆ ئاوارەكان بەتایبەت وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان كە پێشكەشی خوێندكارە ئاوارەكانی كردوە.
له بهرامبهردا د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: "حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی لەتوانایدا بو هاوكاری ئاوارەكانی كرد، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ناسەقامگیر و كێشەی دارایی نێوان هەرێم و ناوەند، ناتوانین لەوە زیاتر هاوكارییەكان درێژە پێبدرێت، لەهەمان كاتیشدا حكومەتی عیراقی وەك پێویست هاوكاری ئاوارەكان نهكردوه. بۆ ئەوەش داوای لەحكومەتی عیراقی كرد هاوكاری ئاوارەكان بكات، بەتایبەت لەبواری خوێندنی باڵا، ههروهك داوای كرد كێشە داراییەكانی هەرێم و ناوەندیش چارەسەر بكرێت و موچەی خەڵكی كوردستان ڕهوانه بكرێت.