وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی پۆلۆنیا كۆبوه‌وه‌

newsitem-1456-28.11.2012-ku.jpg1_.JPG

به‌مه‌به‌ستی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌كادیمیه‌كانی نیوان هه‌ردوولا، ئه‌مرۆ چوار شه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی 28/11/2012 وه‌فدێكی پۆلۆنیا كه‌ پێكهاتبوون له‌ (Lech Stesani ak) باڵیۆزی پۆڵندا له‌ عێراق و (Mr.Leszaek Wojasik) یاریده‌ده‌ری مارشاڵی هه‌رێمی (ویكلۆ پۆسنان) له‌و وڵاته‌و نوێنه‌ری (8) زانكۆ به‌ناوبانگه‌كانی پۆلۆنیا سه‌ردانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستیان كرد و، به‌گه‌رمی له‌لایه‌ن د.عه‌لی سه‌عید وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و لێپرسراوانی باڵای وه‌زاره‌ت پێشوازی كران.
له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌كادیمی و زانستیه‌كانی نێوان زانكۆكانی كوردستان و زانكۆ به‌ناوبانگه‌كانی پۆلۆنیا كرا بۆ چۆنێتی سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زمونی سه‌ركه‌وتوو یه‌كترو ئاڵوگۆڕكردنی شاره‌زاییه‌كانیان.
ده‌رباره‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌ش وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ ڕۆژنامه‌وانی ڕاگه‌یاند: وه‌فده‌كه‌ی پۆلۆِنیا كه‌ وه‌فدێكی باڵایه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ كوردستان، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستیان كرد به‌ئامانجی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌ ئه‌كادیمیه‌كانی نێوان هه‌ردوو، ڕونیشی كرده‌وه‌ هه‌ر له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاند له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین له‌گه‌ڵ مامۆستایان و كاندیدانی تواناسازی كۆده‌بنه‌وه‌، له‌ ڕۆژانی داهاتوشدا سه‌ردانی زانكۆی سلێمانی و دهۆكیش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن په‌یوه‌ندییه‌ زانستی و ئه‌كادیمیه‌كانی نێوانیان په‌ره‌ پێبده‌ن.