باڵیوزخانەی ئیتاڵیا: كارئاسانی بۆ نزیكەی 100 كاندیدی تواناسازی

newsitem-1336-22.05.2012-ku_01.jpg

بەئامانجی كارئاسانیكردن و هاریكاریكردنی كاندیداكانی بەرنامەی تواناسازی بۆ خوێندن لە زانكۆ و دامەزراوە زانستیەكانی ئیتاڵیا، ئەمرۆ سێ‌ شەممە 22/5/2012 یاداشتێكی لێك تێگەیشتن لە نێوان د.عەلی سەعید وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و ( جێرارتۆ كەرانتی) باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق ئیمزا كرا.

ئیمزاكردنی ئەو یاداشتە لە میانەی سەردانێكی وەفدی باڵۆزخانەی ئیتاڵیا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا هات كە بەپێی ناوەرۆكی ئەو یاداشتە باڵیوزخانەی ئیتاڵیا لە رێگەی كۆنسڵگەری وڵاتەكەی لە هەولێر كارئاسانی بۆ كاندیداكانی بەرنامەی تواناسازی دەكات بەتایبەت لە وەرگرتنی ئۆفەری ئەكادیمی و ئۆفەری زمان لە زانكۆ و دامەزراوە پێشكەوتووەكانی ئیتاڵیا.

دوا بەدوای ئیمزاكردنی یاداشتەكەش د.عەلی سەعید وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن بەگرنگیەوە ئاماژەی بە ئیمزاكردنی ئەو یاداشتە كرد، هەروەك ناوەرۆكی یاداشتەكەشی بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن رونكردەوە، هیواشی خواست پەیوەندی زانستی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

هەر بەو بۆنەیەوە ( جێرارتۆ كەرانتی) باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق لە لێدوانێكدا بۆ پەیامنێران دوای ئەوەی خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەكەی بۆ كوردستان و ئیمزاكردنی ئەو یاداشتە دەربڕی كە بەهۆیەوە ئۆفەری ئەكادیمی و ئۆفەری زمان بۆ نزیكەی 100 خوێندكاری و قوتابی بەرنامەی تواناسازی دابین دەكرێت، ئاماژەی بەوەشدا كێشەی كۆمپانیا ئیتاڵیەكان لە كوردستان ئەو كارمەندە كوردانەیە كە لەگەڵیان كاردەكەن و زمانی ئیتاڵی نازانن، هیوای خواست ئیمزاكردنی ئەو گرێبەستە رێگە خۆش بكات بۆ خوێندكاران و قوتابیان تا لە زانكۆكان نەك هەر فێری زمانی ئیتاڵی ببن، بەڵكو فێری كولتوری خەڵكی ئیتاڵیاش ببن تا لە گەڕانەوەیان بۆ كوردستان هاریكاری ئەو كۆمپانیا ئیتاڵیانە بكەن كە لە كوردستان كار دەكەن.