لە کەلار چوارەمین کۆنفراسی کتێبخانە گشتییەکان بەڕێوەچوو
د سالار عوسمان: نەخوێندنەوەی کتێب گرفتێکی ڕیشەییە و دەبێ چارەسەر بکرێت
کۆنفراسی چوارەمی کتێبخانە گشتییەکان کۆتایی ھات و کۆنفرانس بە چەندین بڕیار و ڕاسپاردە ھەوڵ دەدات گرفتی کەم خوێندنەوە لە کۆمەڵگەی کوردستان چارەسەر بکات.
بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان د. سالار عوسمان لە ڕێوڕەسمی دەسپێکی کۆنفرانسەکەدا، کە لە شارۆچکەی کەلار بەڕێوەچوو، وتاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە بابەتگەلێکی پێوەنددار بە کتێب، ڕۆڵ و بایەخی بنەڕەتیی کتێب، کتێب و تاک، کتێب و جڤاک، نەخوێندنەوە و گرفتەکانی و کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی نەخوێندنەوە و ڕێگاکانی چارەسەر کرد و وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی کۆنفرانس، ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.