وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بۆ من گەرمیان لانکەى خەبات و تێکۆشانە و، لەڕیزى پێشەوەى قوربانیدان بووە، بەڵام تا ئێستا هەموو لایەکمان قەرزارى گەرمیان و گەرمیانەکانین و، پێویستە ئاوڕى زیاتریان لێبدرێتەوە، بۆیە لەدڵەوە خۆشحاڵم ئەرکێک کەوتۆتە ئەستۆم بتوانم لە ڕێگەی زانکۆی گەرمیانەوە خزمەت بە خەڵکى ئەم ناوچەیە بکەم.
ئەو ڕاگەیاندنەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتى (٥/٨/٢٠١٩) لەمیانى بەشداریکردنى لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى گەرمیان هات، کە هەریەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى و ڕاگرى کۆلێژەکانى زانکۆى گەرمیان بەشداربوون.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.سیروان حەسەن سەرۆکى زانکۆى گەرمیان بەناوى ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى گەرمیان بەخێرهاتنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەتى کرد، هیواى خواست سەردانى د. ئارام محمد بۆ گەرمیان و زانکۆى گەرمیان ببێتە هۆى گەشانەوە و پێشکەوتنى زیاتری ئاستى زانکۆکە، هەروەک کورتەیەکیشى لەبارەى پێکهاتەى زانکۆ و ژمارەى مامۆستا و فەرمانبەرانى زانکۆى گەرمیان پێشکەش کرد.
وەزیرى خوێندنى باڵا: گەرمیان لانکەى خەبات و تێکۆشان و شۆڕشگێڕییە
د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا خۆشحاڵى خۆى نیشادا، کە ئەمڕۆ لەگەڵ ستافى وەزارەت لە خزمەتى زانکۆى گەرمیانن، بۆ ئەمەش وتى: لەدڵەوە خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم ئەرکێک کەوتۆتە ئەستۆم بتوانم لەڕێگەی زانکۆ و بە پێشکەشکردنى کوالێتى بەرزى خوێندن، پاداشتى قوربانیەکانى گەرمیان بدەینەوە، چونکە بۆ من گەرمیان لانکەى خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانى زۆرە، لێرەوە ئەلف و بێى کوردایەتى و شۆڕشگێڕى فێربووین، وتیشى: بەپێشکەوتنى زیاتری زانکۆى گەرمیان و، بەرزکردنەوەى کوالێتى خوێندن دەمانەوێت لە داهاتودا زانکۆى گەرمیان ببێتە ناوەندێکى گرنگى زانستى و مەعریفى، بۆ ئەوەش داوا لە دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین ئاوڕى جدیتر لە پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى زیاتر بە گەرمیان بداتەوە.
وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى: زانکۆى گەرمیان یەکێک بووە لە پاداشتەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ خەڵکى ئەم ناوچەیە، هیوادارم لە چوار ساڵى کارکردنمان خزمەتى زیاترى ئەم زانکۆیە بکەین و، قەرەبوى بەشێک لە ئازارى خەڵکى گەرمیان بدەینەوە، چونکە ئازارەکانى گەرمیان زۆرە و هێشتا پێویستمان بەکارى زۆرتر و پێویستترە، بۆیە ئازارەکانى ئەم ناوچەیە وادەکات گەرمیان لە ئەولەویاتى کارەکان بێت بۆ خزمەتکردن.
زانکۆى گەرمیان دەتوانێت قەرەبوى بەشێک لە نەهامەتى خەڵکى ناوچەکە بکاتەوە
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەر لە وتەیەکەیدا لەبەردەم سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى گەرمیان ڕایگەیاند: زانکۆى گەرمیان لە پێگەیاندنى خەڵکى ئەم ناوچەیە ڕۆڵێکى گرنگى بینیووە، بۆ ئەوى زانکۆکە زیاتر پێش بکەوێت پێویستە خزمەت بکرێت و، وابکەین ناوەڕۆکى پرۆگرامەکانى خوێندن بەشێوەیەک بێت هاوتەریب و هەماهەنگ بێت لەگەڵ بازاڕى کارى کوردستان، بۆ ئەوەش د. ئارام محمد دوپاتى هاوکارى پشتیوانى خۆى و ستافى وەزارەتى بۆ زانکۆ دوپاتکردەوە، بەشێوەیەک قەرەبوى بەشێک لە نەهامەتى خەڵکى گەرمیان بکاتەوە.
بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆى گەرمیان، پشتیوان و هاوکارى تەواوى زانکۆکە دەبین
لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا د.ئارام محمد قادر سوپاسى سەرۆک زانکۆى پێشو و مامۆستا و فەرمانبەر و هەموو ئەو کەس و لایەنانەى کرد، کە رۆژێک لە ڕۆژان هاوکار و پشتیوانى زانکۆى گەرمیان بوون، لەم چوارچێوەیەشدا داواى لە سەرۆکى زانکۆ و تەواوى ڕاگر و مامۆستا و فەرمانبەران کرد هاوکاربن، بۆ ئەوەى ئەم زانکۆیە بکرێت بە زانکۆیەکى نمونەیى لە ناوچەکە و، بازاڕى کارى کوردستان چاوى لەسەر دەرچوانى ئەم زانکۆیە گەشەى زیاتر بکات و، بەهیواین لە داهاتودا ببێتە یەکێک لە زانکۆ پێشکەوتوەکانى کوردستان و ناوچەکە، بەجۆرێک بڕێکى زۆر لە پێداویستیەکانى بازاڕى کار پڕبکاتەوە و، ببێت بە ناوەندێکى گرنگى پێگەیاندنى کادیر و سەرکردەى ئەکادیمى لە سەرجەم بوارەکاندا.
لەبەشێکى دیکەى وتەکانیشیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا وتى: ئەگەر دەمانەوێت خزمەتى میللەتى خۆمان بکەین، پێویستە وەک یەک تیم کار بکەین بۆ پێشخستنى زانکۆى گەرمیان، لەمەشدا هاوکار و پشتیوانتان دەبین بۆ ئەوەى زانکۆى گەرمیان ببێت بە زانکۆیەکى پێشکەوتنخواز و پیادەکردنى سیستمێک لە ناوچەکە بۆ ئەوەى ناوچەکانى ترى کوردستانیش بتوانن سود لەم زانکۆیە وەربگرن و، نمونەیەکى جوانى کوالێتى و بەرزى ئاستى زانستى مامۆستا و خوێندکارەکانى پێشکەش بکەن.
دەمانەوێت لە چوار ساڵى کارکردندا زانکۆى گەرمیان پێشکەوتنى زیاتر بەدەستبهێنێت
سەبارەت بە پلان و کارى زانکۆى گەرمیان بۆ چوار ساڵى ئایندە، د. ئارام محمد دوپاتیکردەوە دەمانەوێت لە چوار ساڵى کارکردنمان زانکۆى گەرمیان پێشکەوتنى زیاتر بەدەستهێنابێت و، کۆلێژ و بەشەکانى لەڕوى کوالێتى و ئاستى بەرزى زانستیەوە بوژانەوەى زیاترى بەخۆیەوە ببینێت، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا داواى لە ئەنجومەنى زانکۆ کرد بۆ دەوڵەمەندکردنى کارنامە و پلانى ستراتیژى چوار ساڵى ئایندە، بە پێشکەشکردنى دید و پێشنیازى بەسود هاوکارمان بن، هەروەک وتیشى: پێوستە زانکۆى گەرمیانیش پلانى چوار ساڵى کارکردنى دابڕێژێت بەشێوەیەک خۆى لە بنەما سەرەکییەکانى پلانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ببینێتەوە و ببێتە هۆکارێک بۆ خزمەتکردنى زیاتر بە سێکتەرى خوێندنى باڵا.
لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا، هەریەک لە ڕاگرى کۆلێژەکانى زانکۆى گەرمیان چەندین پرسیار و تێبینیان لەبارەى کاروبارەکانى زانکۆ و کەموکوڕییەکان پێشکەشکرد، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڵێنى خزمەتکردن و هاوکارکردنى زیاترى زانکۆى گەرمیان دوپاتکردەوە، لەو چوارچێوەیەشدا د. ئارام محمد بەشێک لە پێداویستى و داواکارى زانکۆى گەرمیانى پەسەندکرد بەمەبەستى جێبەجێکردن.
پڕۆژەکان بەسەر کرانەوە
لە پەراوێزى سەردانهكهیدا بۆ قەزاى کەلار و گەرمیان، د.ئارام محمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێوەیەکى مەیدانى پڕۆژە تەواو نەکراوەکانى زانکۆى گەرمیانى بەسەر کردەوە و، لەنزیکەوە لە شێوازى بەرێوەچوونى کارەکانى پرسى و دووپاتى کردەوە، کە پێویستە کارەکان بەپێى کاتى دیارى کراو تەواو بکرێن هەرچى پێویستیەکیش هەبێت بۆ باشتر بەڕێوەچوونى کارەکان ئامادەیى و هاوکارى وەزارەتى بۆ دووپاتکردنەوە.