Nov 2016

د. یوسف گۆران: پێویستە پاڕلەمانى کوردستان یاسایەکى تایبەت بۆ بەرهەمهێنانى توێژینەوە دەربکات

2_0.JPG

رۆژى چوارشەممە رێکەوتى (15/4/2015) لە شاری سلێمانی دوەمین كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بەدروشمی (گەشەپێدانی مرۆیی، دیدێكی هاوچەرخ) بەڕێوەچو.

لە مەراسیمی كردنەوەی كۆنفڕانسەكەدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى ستایشكردنی ڕۆڵی بەرپرسانی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بۆ سازدانی دوەمین كۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی، نیگەرانیش بوو لەوەی کە لە هەرێمی كوردستاندا بوارەكانی توێژینەوە لاوازن، بۆ ئەو مەبەستەش ڕوی لە سەرۆكی پاڕلەمان كردو ڕایگەیاند: پێویستە ئەم مسەلەیە لە پاڕلەمانی كوردستان بەیاسا ڕێكبخرێت و، یاسایەكی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی توێژینەوە لە كوردستاندا لەلایەن پاڕلەمانەوە دەربچێت و، بودجەیەكی تایبەتیش لەلایەن حكومەتەوە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بكرێت.

لە وتەیەکیشدا سەرۆكی زانكۆى گەشەپێدانى مرۆیى ڕایگەیاند: مایەی خۆشحاڵیمانە كە زانكۆ گەیشتۆتە ئەم ئاستە، هەروەک بۆ ئامادەبوانی ڕونكردەوە هەماهەنگی تەواو لەنێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو زانكۆدا هەیە، خودی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستیش هاریكاری بەردەوامی زانكۆیە، بۆ ئەو مەبەستەش سوپاسی بەڕێزیانی كرد.

لەماوەی دوساڵى ڕابردودا ئەوە دوەمین كۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتیە كە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی ئەنجامی دەدات و، تیایدا چەندین توێژەر بەتوێژینەوەی زانستى نوێ لە وڵاتانی جیاوازەوە بەشداری تێدا دەكەن.