Nov 2016

شاندێكی خوێندنی باڵا زانكۆكانی توركیا به‌سه‌رده‌كه‌نه‌وه‌

newsitem-1205-15.12.2011-ar-01.JPG

به‌ بانگهێشتنامه‌یه‌كی فه‌رمی له‌ رۆژانی 5 تا 8/12/2011ی رابردوو،شاندێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كه‌ پێكهاتبوو له‌ د.گۆڤه‌ند شێروانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ناردن و په‌یوه‌ندییه‌ رۆشنبرییه‌كان و جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی تواناسازی و به‌ڕێوه‌به‌ری نێردراوان له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا سه‌ردانی وڵاتی توركیایان كرد بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك زانكۆی وڵاتی توركیا. كه‌ زانكۆكانی بریتی بوون له‌ زانكۆكانی (غازی عه‌نتاب و زێرفه‌ و غازی كێنت و باخچه‌شێر).

سه‌باره‌ت به‌ ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌، د.گۆڤه‌ند شێروانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ناردن و په‌یوه‌ندییه‌ رۆشنبرییه‌كان گوتی بۆ زیاتر به‌هێزكردنی پردی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات له‌ بواره‌كانی ئه‌كادیمی و توانا زانستییه‌كانی زانكۆكان و هه‌روه‌ها سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی زانكۆكانی توركیا به‌ تایبه‌ت له‌ بواری راهێنان و توێژینه‌وه‌ی زانستی و هه‌روه‌ها ئاڵوگۆڕی خوێندكاران و مامۆستایان، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌و زانكۆیانه‌ی كه‌ سه‌ردانمان كردوون،‌ ئاماده‌یی خۆیان پێشانداوه‌ بۆ هاوكاریكردن و پاڵپشتی كردنی زانكۆ و ده‌سته‌ ته‌كنیكییه‌كان هه‌رێم و هه‌روه‌ها زانكۆكانی‌ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق.

له‌ ئاماژه‌یه‌كیشدا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ناردن و په‌یوه‌ندییه‌ رۆشنبیرییه‌كان گوتی له‌ میانی ئه‌و سه‌ردانه‌ چه‌ند رۆژییه‌دا شاندی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای هه‌رێم له‌لایه‌ن سه‌باح ده‌باغ كونسوڵی عێراقی له‌ شاری غازی عه‌نتاب به‌ گه‌رمی پێشوازی كراین، كه‌وا ئاماده‌یی خۆی و كۆنسوڵگه‌ری عێراقی پێشاندا به‌ مه‌به‌ستی یارمه‌تیدانی شانده‌ فه‌رمییه‌ عێراقییه‌كان كه‌وا ئه‌وانه‌ی سه‌ردانی ئه‌م ناوچانه‌ ده‌كه‌ن به‌ ئامانجی فراوانكردن و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ زانكۆكانی توركیا و عێراق.

جێگه‌ی باسه‌ ساڵانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خوێندكارانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ته‌واوكردنی خوێندن، رووده‌كه‌نه‌ زانكۆكانی توركیا به‌هۆی ئه‌و كارئاسانییه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ بۆ پێشكه‌شكاران ده‌یكه‌ن به‌ تایبه‌ت بۆ دابه‌زاندی كرێی خوێندن بۆ 50% و هه‌روه‌ها ره‌خساندنی شوێنی حه‌وانه‌ و بیمه‌ی پزیشكی.