رۆژى شەممە 6/11/2010 پڕۆفیسۆر دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەددین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە هاوڕێیەتى شاندێک، سەردانى شارى هەڵەبجەى کرد و لەوێد لەلایەن د.تەحسین عەبدولکەریم ئەمین راگرى کۆلێجى پەروەردەى بنەڕەتى هەڵەبجەى شەهیدەوە بەرگەرمى پێشوازیان لێکرا.
ئەم سەردانەى وەزیرى خوێندنى باڵا، هاوکات بوو لەگەڵ ساڵوەگەڕى دامەزراندنى کۆلێجى پەروەردەى بنەڕەتى هەڵەبجەى شەهید، وێڕاى پیرۆزبایى کردن، بە هەلى زانى هەریەکە لە پڕۆژەى کامپى تازەى زانکۆى هەڵەبجەى شەهیدى بەسەر بکاتەوە و لەنزیکەوە لە بەڕێووەچوون و بنیاتنانى باڵەخانەکە بپرسێتەوە، دواتر لە هەمان رۆژ چاوى بە گروپێک لە خوێندکارانى کۆلێج و پەیمانگاکانى هەڵەبجەى شەهید کەوت و بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد لەبارەى چۆنیەتى جێبەجێکردن و پیادەکردنى پڕۆسەى دڵنیایى جۆریى لە کۆلێج و پەیمانگاکان.
لەپاشان بە ئامادەبوونى گۆران ئەدهەم قایمقامى نوێ هەڵەبجەى شەهید، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ گروپێک لە بەهرەمەندان کۆبووەوە، کە کاندیدى بەرنامەى تواناسازی بوون، لەمیانیدا ڕووناکى خرایە سەر ئەم پڕۆژە درێژخایەنە و بە هەنگاوێکى گرنگى حکوومەتى هەرێم وەسف کرا، لەپێناو برەودان بە تواناکانى لاوان و بیاتنانى کادیر و بەهرەمەندى پیشەی لە هەرێمى کوردستان.
دواى نیوەڕۆى هەمان رۆژ لەژێر چاودێرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە مەراسمێکى تایبەتدا هۆڵێکى داخراوى وەرزشى بۆ کۆلێجى پەروەردەى وەرزشى هەڵەبجە کرایەوە و لە وتەیەکیدا وەزیرى خوێندنى باڵا وێڕاى ئاڕاستەکردنى پەیامى سەرۆکى حکوومەت و تەواوى کابینەى شەشەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، پیرۆزبایى ئەم هۆڵە داخراوە وەرزشییەى لێکردن و ئومێدى پەرەسەندنى زیاتر و بەرزرکردنەوەى ئاستى خوێندنى لە هەڵەبجەى شەهید بۆ خواستن.
لە کۆتایدا، وەزیرى خوێندنى باڵا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى بە ئامادەبوونى دەزگاکانى راگەیاندن، تیشکى خستە سەر بەڕێوەچوونى کارەکانى پڕۆژەى دروستکردنى کامپى زانکۆى هەڵەبجەى شەهید و بۆ ئەم مەبەستە گوتى کاروانى دروستکردنى کامپى زانکۆى هەڵەبجەى شەهید درێژخایەنە لە چەندین لاوە کارى بۆ دەکرێت، لەڕووى هەیکەلى کارگێڕییەوە سەرۆکى بۆ بەرزکراوەتەوە، ئومێد دەکەین کە ئەم زانکۆیە ببێتە سەرچاوەى داهێنانى زانست و توێژینەوەى پێویست و خزمەت بە دۆزى نەتەوەکەمان بکات، هەروەها ببێتە سەرچاوەى بوژاندنەوە بۆ شارى هەڵەبجەى شەهید، هەروەها لە ئایندەدا ببێتە مەڵبەندێکى توێژینەوە و لێکۆڵینەوە".