وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى دەرچوانى (١٢)ى ئامادەیى ئاگادار دەکات، کە لە کاتى پێشکەشکردنى داوا بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان و پڕکردنەوەى فۆرمى (زانکۆلاین) ڕەچاوى ئەم دو خاڵە بکەن:
ئەو دەرچوانەى کە کارتى نیشتیمانیان دەرکردوەو، ناسنامەى بارى شارستانى و ڕەگەزنامەییان لێ وەرگیراوەتەوە، لەکاتى پرکردنەوەى فۆرمى پێشکەشکردن لە (زانکۆلاین) و، لە هەر شوێنێک داواى ژمارەى ڕەگەزنامەو ناسنامەى بارى شارستانى، ئەوا دەتوانن ژمارەى کارتى نیشتیمانیان بنوسن تا کارەکانیان بەتەواوەتى بۆ ڕایبکرێ.
لە هەندێک شوێن لە ناوچە جیاکانى کوردستان، ژمارەیەک شوێن و سێنتەر بانگەشە بۆ پڕکردنەوەى فۆرمى (زانکۆلاین) دەکەن، بۆیە ئێمە لێرەوە ڕایدەگەێنین ئەو سێنتەرەو شوێنانە دورو نزیک پەیوەندییان بەوەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى نیە، هەربۆیە داوا لە دەرچوانى (١٢) ئامادەیى دەکەین بەهیچ جۆرێک پەنا نەبەنە بەر ئەو شوێن و سێنتەرانە، بەپێچەوانەوە خۆیان لە هەر کەموکوڕییەکى پڕکردنەوە بەرپرسیار دەبن، هەر بۆیە وەزارەتەکەمان لە زانکۆکانى کوردستان ژمارەیەک (مەڵبەندى ڕاوێژکارى) ئامادەکردەوە، دەرچوان دەتوانن بۆ هەر پرس و ڕاوێژێک سەردانى ئەو مەڵبەندانە بکەن تا دوچارى هیچ جۆرە کیشەو گرفتێک نەبنەوە، هەروەک ئەوەش ڕادەگەێنین کە دەرچوانى دوانزەیى ئامادەیى خۆیان بەرپرسیارن لە پڕکردنەوەى فۆرمى پێشکەشکردن بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان لە ڕێگەى (زانکۆلاین) بەپێى ویست و ئارەزوى خۆیان و ڕەچاوکردنى کۆنمرەیان بۆ پێشبڕکێ، بەڵام دەبێ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى ڕەچاوى ئەوەش بکەن کە بەهیچ شێوەیەم نابێ لە (٢٥) هەڵبژاردە کەمترو (٥٠) هەڵژاردە زیاتر پڕبکەنەوە، بەو پێیە دەرفەتى وەرگرتنیان بەپێیى کۆنمرە زیاتر دەبێت، هەر فۆرمێکیش لە (٢٥) هەڵبژاردەى کەمتر پڕکردبێتەوە ئەوا فۆرمەکەى بۆ پڕۆسس ناکرێ.