Nov 2016

کۆبونەوەى زانکۆ ئەهلیەکان و بەرێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى

newsitem-1224-10.01.2012-ku-01.JPG

 بەئامانجى دارشتنى میکانزمێکى نوێ بۆ پەیرەوکردنى سیستەمى تەندروستى و سەلامەتى لە زانکۆ ئەهلیەکانى کوردستان، ئەمرۆ سێشەممە 10/1/2012 لە هۆڵى کۆبونەوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا، د.بڕوا محمد میرزا سەعید بەڕێوەبەرى تەندروستى و سەلامەتى یەکەمین کۆبونەوەى لەگەڵ زانکۆ ئەهلیەکانى کوردستان سازدا.

لە سەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. جەمال کەمال بەرێوەبەرى گشتى زانکۆ ئەهلیەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا لە وتەیەکدا ئاماژەى بەپێویستى چاکسازى لە زانکۆ ئەهلیەکان کرد بەتایبەت لەرووى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و کارگێڕییەوە، لەو چوارچێوەیەشدا داواى لە نوێنەرى زانکۆ ئەهلیەکان کرد هاریکارى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى و سەمەلاتى بکەن بۆ پاراستنى گیانى خوێندکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان و ئەو کەسانەى روو لە زانکۆ ئەهلیەکان دەکەن.
پاشان د.بڕوا محمد میرزا بەڕێوەبەرى تەندروستى و سەلامەتى کورتە باسێکى لەبارەى تەندروستى و سەلامەتى پێشکەش بەئامادەبووان کرد، بۆ ئەوەش رونیکردەوە کە هەرچەندە تەندروستى و سەلامەتى لە بنەرەتدا مێژوویەکى دوردرێژى هەیە، بەڵام بۆ کوردستان بابەتێکى تازەیە، بۆیە بەپێویستى زانى کە بەهەموو لایەک هەوڵى بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستى لەناو تاکەکانى کۆمەڵ بدرێت بەتایبەت لە زانکۆکان کە بەناوەندى رۆشنبیرى و مەعریفى ئەژمار دەکرێن، هەر لە چوارچێوەى قسەکانیدا بەڕێوەبەرى تەندروستى و سەلامەتى باسى لەو کاروچالاکیانە کرد کە لە ماوەى دەستبەکاربونیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى کوردستان ئەنجامیانداوە بۆ پاراستنى گیانى خوێندکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان لە هەر روداوێکى نەخوازراو، ئەوەشى راگەیاند کە پلانى درێژخایەنى بەڕێوەبەراتیەکەیان ئامادەکردنى پرۆژەى قانونێکە تا لە رێگەیەوە لە هەموو دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان گیانى هاوڵاتیان بپارێزن، لە کۆتایشدا هیواى خواست زانکۆ ئەهلیەکان هاریکاربن لە جێبەجێکردنى ئەو بریارو راسپاردەو رێنمایانەى کە بۆ تەندروستى و سەلامەتى دەردەکرێن.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا م. ئیسماعیل ئەحمەد لێپرسراوى زانکۆ ئەهلیەکان لە بەرێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى لە رێگەى داتا شۆوە ئەو رێنمایىو رێوشوێنانەى کە پێویستە بۆ تەندروستى و سەلامەتى گیانى خوێندکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان لە زانکۆ و دامەزراوەکانى خویندنى باڵا بگیرێنەبەر پێشکەشى نوێنەرانى زانکۆ ئەهلیەکان کرد.
کۆبونەوەکە بەخستنەرووى راو سەرەنج و پرسیارى نوێنەرى زانکۆ ئەهلیەکان بۆ چۆنێتى کارکردنیان و دارشتنى میکانزمێک کۆتایى پێهات.