Nov 2016

وەزیرى خوێندنى باڵا پێشوازى لە وەزیرى پەروەردە و خوێندنى باڵاى لوبنان دەکات

 

كاتژمێر 10ی پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 17/5/2010 لە دیوانی وه‌زاره‌ت، پڕۆفیسۆر د.دلاوەر عەلائەددین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشوازیکرد لە (حەسەن منیمنە) وەزیرى پەروەردە و خوێندنى باڵاى لوبنان و شاندێکى هاوڕێى.

له‌ میانی دیداره‌كه‌دا باس لە رەوشى خوێندنى باڵا و کێشە و گرفتەکانى بەردەم بوارى خوێندنى باڵا و چارەسەركردنیان کرا، هه‌روه‌ك جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌ هه‌ماهه‌نگی و كاری هاوبه‌شی ئەکادیمى و زانستى و سوودوەرگرتن لە ئەزموونى نێوان لوبنان و هەرێمى کوردستان.

له‌ وته‌یه‌كدا پڕۆفیسۆر د.دلاوەر عەلائەددین تیشکى خستەسەر بەرنامەى درێژخایەنى تواناسازیی مرۆیى لە هەرێمى کوردستان، سەبارەت بە ناردنى گەنجانى بەهرەمەند و لێهاتوو بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنى دکتۆرا و ماستەر لە وڵاتانى پێشکەوتوو تەواو بکەن، بەئامانجى پێگەیاندنی نەوەیەکى زانستپەروەر بۆ ئایندەى کوردستان.

لەبەرامبەردا وەزیرى پەروەردە و خوێندنى باڵاى لوبنان، ستایشى ئەم بەرنامەیەى وەزارەتى خوێندنى باڵاى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى کرد و بە بەردى بناغەی گەشەکردن و پێشکەوتنى هه‌رێمی كوردستانی وەسف کرد، له‌م بواره‌شدا ئامادەگى و هاوكاری له‌ رۆڵبینینى زانکۆکانى وڵاتەکەى بۆ سەرخستنى ئەم پرۆگرامه‌ ستراتیژییه‌ پیشاندا.