بەبۆنەى هاتنەوەى جەژنى نەتەوەیى نەورۆز و ساڵى نوێى کوردییەوە، پیرۆزبایى گەرم لە سەرجەم مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران و فەرمانبەرانی ئازیزی زانکۆو پەیمانگەکانی کوردستان و سەرجەم کۆمیونیتى ئەکادیمى کوردستان و ھەمو ھاوڵاتیانی ئازیز دەکەم .
نەورۆز کە ھێمای کۆڵنەدان و خۆڕاگری و نەبەزینە، لەم دۆخەشدا بۆ میللەتەکەمان کە شێلگیرانە ڕوبەڕوی پەتای جیھانگیری ''کۆرۆنا ڤایروس'' بوەتەوە، پێویستە ئیلھام بەخشی پابەندبون و کۆڵنەدان و خۆڕاگریمان بێت و لەناو ماڵەکانی خۆمانەوە بە جێبەجێکردنی سەرجەم ڕێنماییە تەندروستییەکان بۆ شکستپێهێنانى ئەم پەتا ئیقلیمگیر و جیھانگیرە کوشندەیە بمێنینەوە، ھەرچۆن لەڕابردودا ''نەورۆز'' گیانی بەرەنگاربونەوەو ھیواو ئومێد و ڕوبەڕوبونەوەی تەحەداو چالێنجەکانی تێدا زیندو ڕادەگرتین، ىپێویستیشە بەھەمان گوڕو تینەوە لەم جەنگی پەتاو ڤایرۆسەشدا کە (جگە لەسەرکەوتن ھیچ رێگە چارەیەکی تر لەبەردەم میللەتەکەماندا نیە)، ھەر دەبێت پێکەوە سەرکەوین و میللەتەکەمان بەسەلامەتی دەرباز بکەین، بۆیە لەم قۆناغەدا گەورەترین و جوانترین مانای تێکۆشان و فیداکاری بۆ گەل و نیشتمانەکەمان پابەند بونمانە بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزی و ماڵنشینی.
خودای گەورە پشتیوانمان بێت و ڕۆژانی گەش و ئایندەی ڕوناک چاوەرێی گەلەکەمانە، با خۆمان و ئازیزانمان بپارێزین، باپێکەوە خۆمان ئامادە بکەین بۆ جەژنی سەرکەوتنی گەلەکەمان بەسەر ئەم پەتا ئیقلیمگیر و جیھانگیرە ترسناکەدا، داواکاریشم لە پەروەردگارى مەزن خۆتان وخانەوادە بەڕێزەکانتان بەدور بگرێت لە ھەمو جۆرە نەخۆشی و ناخۆشییەک.
دوبارە نەورۆزتان پیرۆز و ھەمو ڕۆژێکتان جەژن و شادی بێت.
د.ئارام محمد قادر
وەزیری خوێندنی باڵا و تۆیژینەوەی زانستی