وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: سەرکەوتنى زانکۆى گەرمیان بۆ وەزارەتەکەمان و کوردستان گرنگە، چونکە سەرخستنى ئەم زانکۆیە بەشێکە لە پابەندبونمان بە قەرەبوکردنەوەى قوربانیانى ئەم دەڤەرە، پێشمان وایە چۆن گەرمیان لەڕیزى پێشەوەى قوربانیدان بوە، پێویستە لە خزمەت و پێشکەوتنیش پێشەنگ بێت، هەر بۆیە شایستەى زانکۆیەکى پێشکەوتو و گەشەکردوە بۆ ئەوەى بە بەرزکردنەوەى کواڵێتى، زانکۆى گەرمیان بخەینە سەر نەخشەى ئەکادیمى ناوچەکە.
لە وەرزێکى دیکەى سەردانە مەیدانیەکانى بۆ زانکۆکانى کوردستان و بەبۆنەى دەستبەکاربونى وەک سەرۆکى نوێى زانکۆى گەرمیان، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٩/٢/٢٠٢٠) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى گەرمیانى کردو جگە لە بەشداریکردنى لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆ، کۆمەڵگەى تاقیگەکانى زانکۆى گەرمیانى کردەوە کە یەکێکە لە گەورەترین تاقیگە زانستیەکان لە ناوچەکە.
لەوێستەگەى یەکەمى سەردانەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەت لەلایەن سەرۆکى ئیدارەى گەرمیان پێشوازییان لێکراو لە کۆبونەوەیەکدا بهڕێز سەڵاح کوێخا سەرۆکى ئیدارەى گەرمیان ستایشى کارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە گەرمیان کرد، بۆ ئەمەش وتى: وەزارەتەکەتان بۆ پێشخستنى ئاستى زانکۆى گەرمیان درێغى نەکردوەو بەڵێنى دوپاتکردەوە پشتیوانى لە هەنگاوەکانى وەزارەت بکەن بۆ زانکۆى گەرمیان.
لەلایەن خۆشیەوە د. ئارام محمد ڕایگەیاند لە کارو پرۆژە زانستییەکانمان بۆ زانکۆ و دمەزراوەکان، زانکۆى گەرمیان لە ترۆپکى کارەکانمان دەبێت و دەمانەوێت خزمەتى زیاتر پێشکەش بە زانکۆ بکەین، بەشێوەیەک لە ئاست ئەو قوربانى و زوڵمانە بێت کە لەڕابردو لە خەڵکى گەرمیان و ئەو ناوچەیە کراوە، بۆ ئەمەش پاڵپشتییەکانى سەرۆکى ئیدارەى گەرمیانى بۆ زانکۆکە بەرزنرخاند.
هەر لەمیانى بەسەرکردنەوەى زانکۆى گەرمیان، د. ئارام محمد قادر بەشداریکرد لە کۆبونەوەیەکى ئەنجومەنى زانکۆى گەرمیان کە هەریەک لە ڕاگرى کۆلێژەکان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرى گشتى وەزارەت ئامادەیبون.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. فەرهاد قادر سەرۆکى زانکۆى گەرمیان لە وتەیەکدا: بەناوى ئەنجومەنى زانکۆى گەرمیان بەخێرهاتنى وەزیرى خوێندنى باڵاى کردو بەرچاو ڕونى لەبارەى کار و هەنگاوە زانستییەکانى زانکۆکە خستەرو و وتى: دڵنیاین وەک هەمیشە پشتیوانمان دەبن، چونکە خۆشتان بەشێکن لەمێژوى ئەو دەڤەرە.
لەلایەن خۆشیەوە د.ئارام محەمەد قادر پیرۆزبایى لە سەرۆکى تازەى زانکۆ کردو ڕایگەیاند: هیوادارم بتوانین بەیەکەوە خزمەت بە ناوچەکە بکەین، وتیشى: گرنگیدان بە زانکۆى گەرمیان لە ئەولەویەتى کارەکانماندایەو هەمومان پابەندین بەوەى وەک بەشێک لە قەرەبوى قوربانى ئەو ناوچەیە هەرچى پێمان بکرێت بۆ گەرمیان بیکەین، لاى هەموانیش ئاشکرایە بەرپرسیاریەتیەکەمان گرنگەو ئاستى تواناکانى خۆشمان دەزانین و دەبێت داواکاریەکانمان لە ئاستى تواناکاندا بێت لەهەمو ڕوێکەوە.
هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: هیوادارم ئێوە بەگیانى برایەتى کار بۆ سەرخستنى کارەکان بکەن، دڵنیام تواناى باش لەو زانکۆیە هەیەو پێویستە وەک یەک تیم کار بۆ پێشخستنى زانکۆى گەرمیان بکەین، ئەوەى دەکەوێتە ئەستۆى ئێمە، دڵنیابن درێخى لە جێبەجێ کردنى ناکەین.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەبایەخەوە ئاماژەى بە ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى خوێندنى باڵا کرد، کە بڕیار وایە سبەى لە تەواوى زانکۆکانى کوردستان ئەنجام بدرێت، لەم ڕوەوە ڕایگەیاند: زۆر گرنگە لە هەمو پرۆسەکانى پێشبڕکێ و وەرگرتن لە خوێندنى باڵا رەچاوى بنەماکانى هەلى یەکسان و شەفافیەت و دادەپەروەرى کۆمەڵایەتى بکرێت، ئەویش دور لە هەمو دەسکارى و پێشێلکارێک. بۆیە داواى کرد بەوردى کار بۆ پاراستنى پڕۆسەکە بکرێت و هەوڵ بدرێت بەیەکەوە لەچوارچێوەى جێبەجێکردنى ڕێنماییە بەردەستە کارپێکراوەکان کار بۆ سەرخستنى ئەو پڕۆسە زانستییە گرنگە بکرێت و دڵنیام لە جێبەجێ کردنى ڕێنماییەکاندا زانکۆى گەرمیان نمونەیى دەبێت.
هەر لە میانى بەسەرکردنەوەى گەرمیاندا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بیناى کۆمەڵگەى تاقیگەکانى لە زانکۆى گەرمیان کردەوە، کە پێکهاتوە لە (٣٨) تاقیگەو (٩٠) ژورى تایبەت بە ئۆفیس و لەسەر ڕوبەرى زیاتر لە (١١) هەزار مەتر چوارگۆشە بە بودجەى زیاتر لە (٧) ملیۆن دۆلار دروستکراوە، کە بەیەکێک لە گەورەترین تاقیگە زانستییەکانى ناوچەکە دادەنرێت.
لەبارەى گرنگى کردنەوەى تاقیگەیەکى لەم شێوەیە بۆ ناوچەکە و زانکۆى گەرمیان، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: ئەم تاقیگەیە یەکێک دەبێت لە گەورەترین و گرنگترین تاقیگە زانستییەکان لە نێو دامەزراوەکانمان و بە کەوتنە سەرکارى خزمەتێکى بەرچاو بە زانکۆ و پێشخستنى ئاستى زانکۆکە دەکات، وتیشى: هەوڵى تەواو بۆ دابینکردنى کەلوپەل و پێداویستییەکانى دەدەین و لەم ڕوەوە لە هەوڵەکان بەردەوام دەبین.
لە کۆتایى سەردانەکەیدا بۆ دەڤەرى گەرمیان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پەیمانگەى تەکنیکى کەلارى بەسەرکردەوەو لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ڕاگر و سەرۆک بەشەکانى پەیمانگە، د. ئارام محمد دەستخۆشى لێکردن و داواى لێکردن بۆ خزمەت بە نەوەکانى داهاتو و پێگەیاندنیان بۆ بازاڕى کارى کوردستان درێخى نەکەن. بۆ ئەمەش ڕاگر و مامۆستایانى پەیمانگە بۆچون و پێشنیازەکانیان بۆ پێشخستنى ئاستى پەیمانگەکە خستەڕو.