وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەماوەى چوار ساڵى کارکرندا دەمانەوێت دەرفەتى کارلێکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەکادیمی نێودەوڵەتی باشتر بڕەخسێنین، بۆ ئەوەى بەرهەمی توێژینەوەکانی هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەکادیمی نێودەوڵەتی دانەبڕێن.
ئەم وتانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٦/١٠/٢٠١٩) لەمیانى پێشکەشکردنى وتارێکداهات کە لە دوەمین کۆنفرانسى پرۆژەى تایگرس (بەرەو بنیادنانى ستراتیجى بۆ خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان - عێراق) بە ئامادەبونى ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى و نوێنەرى دامەزراوە ئەوروپییەکان، لەشارى سلێمانى پێشکەشى کرد.
لەسەرەتاى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە بەهێزکردنى رەهەندى نێودەوڵەتى زانکۆکانى کوردستان یەکێکە لە ستراتیژە گرنگەکانى کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، چونکە وەک دەزانن یەکێک لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی ئەکادیمیا لە سەدەی بیست و یەکدا بریتییە لە کرانەوەو بە نێودەوڵەتی بونی پرۆسەی خوێندن و بەرهەمهێنانی مەعریفە.
د. ئارام محمد وتیشى: ئاڵوگۆری مامۆستایان و خوێندکاران و هاوبەشکردنی بەرهەمی توێژینەوە زانستییەکان چیتر لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا قەتیس نابێت و جولەی بەردەوامی خوێندکاران و مامۆستایان لە نێوان زانکۆ جیاجیاکان و فراوانبوونی تۆڕی پەیوەندی نێوان گروپە فرە کلتورییەکانی توێژینەوەی زانستی دەرفەتی بەرهەمهێنانی مەعریفەی زیاتر کردووە، توێژینەوەکان پێمان دەڵێن هەمیشە ئەو دامەزراوانەی کە فرە کلتور و مۆزاییکن توانای بەرهەمهێنانی زانست و داهێنانیان کاراترە. بۆیە بونی خوێندکار و ستافی نێودەوڵەتی لە نێو زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا نیشانەیەکی پۆزەتیڤی کرانەوەو گەشەکردنی دامەزراوەکانە.
هەر لە وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داڕشتنی پلانی ستراتیجی بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆو دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای هەرێمى کوردستان بە پێویست زانى و وتى: لەماوەى چوار ساڵى کارکرندا پێویستمان بەوەیە کە دەرفەتەکانی کارلێکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەکادیمی نێودەوڵەتی باشتر بڕەخسێنین، بۆ ئەوەى دەستمان بگاتە بەرهەمە مەعریفییەکانی دونیاو لێیان بە ئاگابین و بەرهەمی توێژینەوکانی هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەکادیمی نێودەوڵەتی هاوبەش بکەین و لەم هەلومەرجە دانەبڕێین، بۆ ئەمەش پێویستمان بەهەبونى خواستێکى بەهێز و کاریگەر هەیە بۆ ئەوەى بتوانین لەم پرۆژانەدا بەشداریمان هەبێت و کارى لەسەر بکەین.
لە کۆتایى وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر هیواى سەرکەوتنى بۆ کارەکانى دوو رۆژى کۆنفرانسەکە خواستن و ڕایگەیاند: بەهیوام راسپاردەکانتان ببنە بنەمایەکى سەرەکى بۆ کارنامەى کارکردنمان لە وەزارەت بۆ ئەوەى بتوانین ئەم دەستکەوتانەى بەدەستهاتون پەرەى زیاتریان پێبدەین و بیخەینە بەرنامەى جێبەجێ کردنەوە.
هەر لە دوەمین کۆنفرانسى پرۆژەى تایگرس (بەرەو بنیادنانى ستراتیجى بۆ خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان – عێراق)، د. پۆڵا خانەقا سەرۆکى دەستەى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیژى و لێکۆڵینەوە زانستى لە وتەیەکدا ئاماژەى بە گرنگى جێبەجێکردنى پرۆژەى تایگرس بۆ داڕشتنى ستراتیژى خوێندنى باڵاى کوردستان و ئەنجامى کارکردنى ڕابردوى بەشداربوانى بۆ ئامادەبوان خستەڕوو. لەلایەن خۆشیانەوە نوێنەرى دامەزراوەکانى بەشدار لە پرۆژەى تایگرس لە وتەى جیادا ئاماژەیان بە گرنگى پرۆژەکە کرد.
جێگەى ئاماژەیە لەڕێگەی پرۆگرامی تایگرس (١٠) زانکۆ و دامەزراوەى هەرێمى کوردستان و (٥) دامەزراوەى ئەوروپی هەماهەنگی دەکەن بۆ فراوانکردنی رەهەندی نێودەوڵەتی زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، ئەم بەرنامەیەش بە پشتیوانی دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و پرۆگرامی ئیراسمەس پڵەسی ئەوروپی جێبەجێ کراوە.