Nov 2016

هاوڵاتیان بەسیستمى ئەلیکترۆنى دەتوانن کاروبارەکانیان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایی بکەن

BE eliktronikrdin

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: سیستمى بەئەلیکترۆنیکردنى وەزارەت کارئاسانى بۆ هاوڵاتیان دەکات و گلەیى هاوڵاتیان لە دواکەوتنى نوسراو و دوبارە و سێبارە ناردنەوەیان ناهێڵێت و دەبێتە چارەسەرى نەهێشتنى ڕۆتین لە ڕاییکردنى مامەڵەى هاوڵاتیان.

ئەم وتانەى (د.یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبونى (د.خەتاب شێخانى) بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى و (د.داود سلێمان) بەرێوەبەرى گشتى ئەندازە و پڕۆژەکان لە میانى کۆبوونەوەیەکیدا هات، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (13/6/2018) لەگەڵ بەڕێوەبەر و بەرپرسى بەشەکان و ستافى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکى کۆبونەوەکەدا (د.خەتاب شێخانى) بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى وردەکارى پڕۆژەى بە ئەلیکترۆنیکردنى وەزارەتى ڕون کردەوە، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: ئەم سیستمە خۆى لە ئەپلیکەیشنێکى مۆبایل دەبینێتەوە کە چوار بەشى سەرەکى تێدایە بۆ چاودێرى و بەدواداچونى مامەڵەى هاوڵاتیان (بەدواداچونى نووسراو)، هەروەک زانیارى و داتا لەبارەى فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا (زانیارى کەسى) و، هەواڵ و چالاکیەکانى وەزارەت (هەواڵ) و ناردنى پەیام لە وەزارەتەوە بۆ فەرمانبەر بۆ ئاگاداربون لەدواین بریار و راسپاردەکان، وتیشى: ئەم ئەپڵیکەیشنە دەبێتە کەناڵێکى فەرمى وەزارەت بۆ فەرمانبەرانى لەخۆگرتوە.

بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى ڕاشیگەیاند: سیستەمەکە بەشێوەیەکى گشتى شەش بەش لەخۆ دەگرێت، کە تایبەتە بەفەرمانبەران و هاوڵاتیان و ڕایکردنى مامەڵەکان، بەشە ئەلیکترۆکانیش بریتین لە: (سەرچاوە مرۆییەکان، ژمێریارى، نووسراوەکان، سکۆڵەرشیپ، داتا و زانیارى خوێندکاران و قوتابیان ، یەکسانکردنى بڕوانامەکان).

لە کۆبونەوەکەدا (د.یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەى ڕون کردەوە، کە دونیاى ئێستا دونیا پێشکەوتنە لەبوارى تەکنەلۆژیا، بۆیە پێوست دەکات بۆ هاوڵاتیان لەڕێگەى سیستم و بەرنامەى ئەلیکترۆنیەوە خزمەتى زیاتر بکرێن، بۆ ئەوەش وتى: پێویستە و دەبێت ئەم سیستمە بەسەرکەوتویى جێبەجێ بکرێت، چونکە هۆکارێکى گرنگە بۆ باشتر بەڕێوەچونى کارەکان و ڕاییکردنى مامەڵەکانیان، لەبەرئەوەى مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و هاوڵاتیان شایستەى ئەوەن زیاتر لەم ڕوەوە خزمەت بکرێن.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: ئەگەر ئەم سیستمە جێبەجێ نەکەین چى ڕوودەدات؟ لەو بارەیەوە ڕونکردنەوەى تەواوى پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: ئەگەر ئەم سیستمە جێبەجی نەکەین دوادەکەوین و ناتوانین بەگوێرەى پێویست خزمەتگوزاریەکانمان پێشکەش بکەین، وتیشى: ئێمە خۆمان پابەند کردوە بە جێبەجێکردنى ئەو سیستمە و دەبێت کارى پێبکەین، چونکە ئامانجى ئێمە ئەوەیە هۆکارەکانى تەکنەلۆژیا بخەینە خزمەتى هاوڵاتیان.

لەبارەى پێشەنگى وەزارەتیش بۆ جێبەجێکردنى ئەو سیستمە وەزیرى خوێندنى باڵا ئاشکرایکرد، کە دەبێت وەزارەتى خوێندنى باڵا پێشەنگ بێت، چونکە ئەم وەزارەتە لوتکەى زانست و زانیاریە لەوڵات، حکومەت چاوەڕوانى ئەوە لەئێمە دەکات و هاوڵاتیانیش لەئاستى ئەو داواکاریەن بۆیە دەبێت ئامانجەکەمان بپێکین.

لەکۆتایى وتەکانیشیدا (د.یوسف گۆران) وتى: لە جێبەجێکردنى ئەو سیستمە گەڕانەوە نیە و ئێمە ڕیگەیەکى دروستمان گرتۆتەبەر بۆ خزمەتى هاوڵاتیان.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا د. داود سلێمان بەڕێوەبەرى گشتى ئەندازە و پرۆژەکان لە وتەیەکدا، دەستخۆشى لەم هەنگاوە گرنگ و پڕ بایەخەى وەزارەت کرد بە ئامانجى کەمکردنەوەى ڕۆتین و جێەجێکردنى تەواوى بەرنامە و پرۆژەکانى وەزارەت بە سەرکەوتویى هاوشان لەگەڵ سیستم و تەکنەلۆژیا تازەکانى دونیا و بەڕونى گەیاندنى پەیام و خزمەتى وەزارەتەکەمان بۆ فەرمانبەران و هاوڵاتیان، وتیشى بۆ سەرخستنى ئەم پڕۆژە گرنگە پێویستمان بەهەماهەنگى و تەواوى فەرمانگەو فەرمانبەرانى وەزارەت و هاوکارى هاوڵاتیان دەبێت.

بە جێبەجێکردنى سیستمى ئەلیکترۆنى کردنى وەزارەت، چیتر هاوڵاتیان پێویست ناکات بۆ ڕاییکردن و بەدواداچونى مامەڵەکانیان کاتى زۆر بە ڕۆتینى کارگێڕى بەسەر بەرن، بەڵکو لەڕێگەى ئەپڵیکەیشنێکى تایبەتى مۆبایلەوە دەتوانێت بچێتە ناو سیستمەکە و تەواوى زانیارییەکانى لەبارەى مامەڵەکەیەوە بزانێت، ئەویش بە دابەزاندنى ئەم ئەپڵیکەیشنە لە مۆبایل بە ناونیشانى (MHE KRG) لە سیستەمى ئەندرۆید لە (Play store) یاخود بەم لینکە (https://play.google.com/store/apps/details?id=com.kardo.mhe) کە ئێستا بەردەستە و، بۆ سیستەمى (IOS) لە (App store ) بەم زووانە بەردەست دەبێت.