لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت, کە بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو، ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا (ماستەر و دکتۆرا) پەسند کرا.
لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە, ڕێکەوتى (٩/٥/٢٠١٦) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى وەزارەت بەئامادەبونى ڕاوێژکارو سەرۆکى سەرجەم زانکۆکان و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەت بەڕێوەچوو, لەسەرەتادا د.یوسف گۆران کورتەیەکى لەبارەى گرنگى وەرگرتن و شێوازى وەرگرتن باسکرد و ئاماژەى بەوەشدا کە کۆبونەوەى داهاتوى ئەنجومەنى وەزارەت تەرخان دەکرێت بۆ ناوەندى وەرگرتن.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى ڕێنماییەکانى خوێندنى ماستەرو دکتۆرا کرا، لەو چوارچێوەیەدا دواى ئەوەى ڕێنماییەکانى خوێندنى دکتۆرا لەلایەن ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەتەوە تاوتوێ کرا، بەچەند گۆڕانکارییەک پەسند کرا، بەپێى ڕێنمایى خوێندنى دکتۆرا ئەمساڵ جیاواز لە ساڵى ڕابردوو ژمارەیەک له كورسیه‌كانی دكتۆرا بۆ دەزگاو دامەزراوەکانى ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى به سيستمى پارالێل ده‌بێت تەرخان دەکرێت, ئه‌وه‌ش له پێناو هاندانی خوازیارانی دكتۆرا بۆ ئه‌وه‌ی ڕوو له زانكۆ ئاست نزمه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات نه‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر كه لە دەزگاو دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵان و خوازيارن درێژه به خوێندنی دكتۆرا له زانكۆكانی هه‌رێم بده‌ن، ئه‌وا خوێندن بەپێى پلانى زانکۆکان بێ به‌رامبه‌ر ده‌بێت. لەهەمان کاتدا ڕێنماییەکە دەرفەتى خوێندنى بەو خوازیارانەش داوە کە دانیشتووى دەرەوەى ئێراقن (واتە هەڵگڕى رەگەزنامەى ئێراقى نین) بەمانەش دەوترێ پێشکەشکارى نێودەوڵەتی, بەهەمان شێوەى ئەو خوازیارانەش لە کاتى دەستەبەرکردنى مەرجە زانستیەکاندا ڕاستەوخۆ بە سیستمى پارالێل وەردەگیرێن و ناچنە پێشبرکێ، مەبەست لەم هەنگاوەش بریتییە لە هاندانى پێشکەشکارى نێودەوڵەتى بۆ مەبەستى ئەنجامدانى خوێندنى دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.
بەپێى خاڵێکى دیکەى ڕێنماییەکەدا هەر پێشکەشکارێک لە ناوەو دەرەوەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەگەر تەمەنى لە سەروى مەرجى یاساییەوە بێت بەهەمان شێوە بۆى هەیە داواكارى خوێندن پێشکەشى بکات، بەڵام خوێندنەکەى بەسیستمى پارالێل دەبێت.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا/ ماستەر لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) کرا، لەو چوارچێوەیەشدا یەکە یەکەى خاڵەکانى ڕێنماییەکە گفتوگۆى چڕى لەبارەوە کرا، دواجار ڕێنماییەکان بەهەندێک گۆڕانکارى، ئەنجومەنى وەزارەت ڕێنماییەکەى پەسند کرد، بەپێى رێنماییەکانى خوێندنى ماستەر تێکراى نمرە (معدل)ى بەکالۆریۆسى پێشکەشکار (60%) دياريكراوە، جگە لە دەرچووانى فاکەڵتى/کۆلێژ و سکوڵەکانى ( پزیشکى، پزیشى ددان، دەرمانسازى) کە رەچاوى کۆنمرەيان بؤ ناکرێت.
سەبارەت بە مەرجى زمانیش، بەپێى ڕێنماییە پەسندکراوەکە له قۆناغی پرۆسه‌ی پێشكه‌شكردن هه‌موو خوازیارێك مافی پێشكه‌شكردنی بۆ خوێندنی ماسته‌ر هه‌یه ، به‌بێ هه‌بوونی مه‌رجی توانستی زمانی ئینگلیزی، به‌ڵام قوتابی/خوێندكاری ماسته‌ر دوای وه‌رگیرانی له خوێندن، مه‌رجه ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی به‌رزبكاته‌وه بۆ نمره‌ی (5)ی ئایلتس یان نمره‌ی(56ى TOEFL-IBT) یان نمره‌ی (495ى TOEFL-PBT) یاخود (47ی (PEARSON ACADEMIC-PTEبه مه‌به‌ستی چوونه ناوه‌وه‌ی بۆ كۆڕسی ئه‌كادیمی خوێندن، به پێچه‌وانه‌وه مافی به‌شداریكردنی له كۆرسی ئه‌كادیمی نابێت تا مه‌رجی زمانی ئینگلیزی نمره‌ی داواكراوی سه‌ره‌وه به‌ده‌ست ده‌هێنێت تەنها دەبێتە کاندیدى خوێندنى ماستەر, كاتێک کە ئاستى زمانى پێویستى هێنا ئەو کات دەبێتە خوێندکارى ماستەر. لەهەمان کاتدا ئەو خوازیارانەى کە مەرجى توانستى زمانى ئینگلیزی داواکراوی سەرەوەیان تێدا بوو، ئەوا ڕاستەوخۆ دەست بە خوێندنى ئەکادیمى دەکەن. بۆ ئەو خوازیارانەشى کە مەرجى توانستى زمانى ئینگلیزى داواکراوی سەرەوەیان تێدا نیە، دەتوانن ئاستى توانستى زمانى ئینگلیزى خۆیان بەرز بکەنەوە ئەوەش بە ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ گەیشتن بە ئاستى (56ى TOEFL-IBT) و هاوشێوەى ئاستى ستانداردى نێودەوڵەتى زمانى ئاماژەپێکراو. ڕێنماییە پەسندکراوەکە جەختى لەسەر ئەوەش کردۆتەوە کە ئه‌و پێشكه‌شكارانه‌ی هەڵگرى بڕوانامەى (بەکالۆریۆسن لە پسپۆرى زمانی ئینگلیزى و وه‌رگێڕان)، پێویسته تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زمانی ئینگلیزی ئه‌نجام بده‌ن و هه‌مان ئاست كه له خاله‌كانی سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێدراوه به‌ده‌ست بهێنن.
بۆ مه‌رجی تاقیکردنەوەى توانستى زانستى لە ڕێنماییەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە كەتاقیکردنەوەى توانستى زانستى (30%) نمرەى بۆ تەرخان دەکرێت و، (70%)ى دیکەى نمرە لەسەر تێکراى نمرەى بەکالۆریۆس بۆ چوونه پێشبركێ ئەژمار دەکرێت، هەروەک مەرجە پێشکەشکار لەو تاقیکردنەوەیە دەربچێت (واتە مەرجە 15 نمرە یان زیاتر لەسەر 30 نمرەى تەرخانکراو بۆ تاقیکردنەوە بەدەست بهێنێت، به پێچه‌وانه‌وه مافی چوونه پێشبركێی نیه)، ئاماژە بەوەش کراوە کە نمرەى (15) پانزه له تاقیكردنه‌وه هیچ خاڵ وەرناگرێت واتە (0) سفر (خاڵ)ی دەبێت و بە زیادبونى هەر نمرەیەک (1) یەک خاڵی بۆ زیاد دەکرێت.
سەبارەت مەرجى میچى تەمەنيش نابێت تەمەنى خوازیار لە (45) چل و پێنج ساڵ (له‌سه‌ر بنه‌مای ساڵی له‌دایكبوون) بۆ کارمەندانى سه‌ر به دەزگاو دامەزراوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا لە کاتى پێشکەشکردندا زیاتر بێت. سەبارەت بە پێشکەشکارانى دەرەوەى دەزگاو دامەزراوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا خوێندنەکەیان بە شێوازى پارالێل دەبێت، هەروەک ئه‌و معید و فەرمانبەرانەى سه‌ر به دەزگاو دامەزراوەکانى سه‌ر به وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵان و ته‌مه‌نیان له (45) چل و پێنج ساڵ زیاتره، بۆیان هه‌یه داوا پێشكهشكهشی بكه‌ن به هه‌مان پێوه‌ره‌كانى سیستمى پاراڵێڵ.
هەر بە پێیى ڕێنماییەکان مەرجى ساڵانى خزمەت و تێپەربوونى ماوەى پێویست بەسەر دەرچووندا بەم شێوەیە دياريكرا بۆ خوازیارانى دامەزراو (واتە دامەزراو بن لە یەکێک له دامودەزگاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان)، پێشکەشکار مەرجە دوو ساڵى تەواوى خزمەتى فعلى دواى بەدەستهێنانى بڕوانامەى بەکالۆریۆس تا رێکەوتى دوایین رۆژى پێشکەشکردن هەبێت، بە پێچەوانەوە مافى وەرگرتنى مۆڵەتى خوێندنى نییە، هەروەک ئەو خوازیارانەى کە دانەمەزراون لە هیچ لە دەزگاو دامەزراوەیەکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، به‌بێ هه‌بوونی مه‌رجی دوو ساڵ ده‌رچوون و تێپه‌ڕین به‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی به‌كالۆرۆس مافی پێشكه‌شكردنیان هه‌یه.
سەبارەت بەو پێشکەشکارانەى کە دانیشتوى شارەکانى دیکەى ئێراقن یان هەڵگڕى رەگەزنامەى ئێراقى نین، بەهەمان شێوە مافى پێشکەشکردنى بۆ خوێندنى ماستەر بە سیستمى پارالێل هەیە. بۆ دەرچووانى زانکۆ تایبەتەکان-یش بەهەمان شێوە مافى پێشکەشکردنیان بە هەمان مەرج و رێنماییەکانى سەرەوە به سيستمى پارالێل هەیە، بە مەرجێک زانکۆکە مۆڵەتى فەرمى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تى هەرێمی كوردستان وەرگرتبێت و بڕوانامەکەى لە لایەن وەزارەتەوە پەسەندکرابێت.
هەروەک مه‌رجه خوازیار پێشکەشى هەمان بوارى خوێندنى ماستەر بکات لەسەر بنەماى پسپۆرى بڕوانامەى بەکالۆریۆسەکەى، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌و به‌ش و پسپۆڕیانه‌ی کە لێک نزیکن یان لێكچوون هه‌یه له نێوان پسپۆری هەردوو به‌كالۆریۆس و ئه‌و پسپۆرییه‌ی كه خوازیار ده‌یه‌وێت له ماسته‌ر پێشكه‌شی بكات ئه‌وا دوای ئه‌نجامدانی بەراوردی زانستی (المقاصة العلمية) له لایه‌ن لیژنه‌ی زانستی به‌ش له نێوان بڕوانامه‌ی هەردوو به‌كالۆریۆس و دەستنیشانکردنى پێداویستى لە خوێندنى چەند بابەتێک، دەتوانێ داواکارى پێشکەش بکەن.
لە کۆتایشدا لە ڕێنماییەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە کورسیە گشتیەکان بۆ دەرەوەى خوێندنى باڵا به سیستمى پارالێل دەبێت و، کورسیەکانى تر بۆ خودى زانکۆکە و زانکۆ تازەکان و زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان دەبێت. پێشکەشکاران بۆ کورسیە تەرخانکراوەکانى زانکۆ تازەکان و زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان پێشبرکێ دەکەن لەسەر ئەو کورسیانە. هەروەک كاندیدانی خولی دوه‌م و سێیه‌می به‌رنامه‌ی تواناسازی مرۆیی بۆ خوێندنی ماسته‌ر ئه‌وانه‌ی تا ئێستا مامه‌ڵه‌كانیان پرۆسێس نه‌كراوه و سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌یان نه‌كردووه بۆ مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندیكردن به خوێندن، ده‌توانن داواكاری پێشكه‌ش بكه‌ن، ئه‌گه‌ر له پێشبركێ سه‌ركه‌وتوو بن و به فه‌رمی وه‌رگیران ئه‌وا ناویان له لیستی كاندیدانی تواناسازی ده‌سرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌رنه‌گیران ئه‌وا مافیان وه‌ك كاندیدی تواناسازی پارێزراو ده‌بێت.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى کێشەى دارایى زانکۆى حەیات بۆ زانست و تەکنەلۆژیا کرا، بۆ ئەوەش د.جەمال کەمال سەرپەرشتیارى زانکۆ تایبەتەکان لە دیوانى وەزارەت کورتەیەکى لەبارەى کێشەى زانکۆى حەیان بۆ زانست و تەکنەلۆژیا خستەڕوو، لەو چوارچێوەیەشدا دواى تاوتوێکردنى لایەنەکانى کێشەکە، بەپێى مادەى (٢٦/١) لە یاساى ژمارە (٢)ى ساڵى (٢٠١٣)ى زانکۆ تایبەتەکان ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بەپێدانى ماوەى (٣) مانگ تا ڕێکەوتى (١٠/٨/٢٠١٦) بۆ ئەوەى زانکۆکە کێشە داراییەکانى چارەسەر بکات، بەپێچەوانەوە پاڵپشت بەو مادەیەى سەرەوە زانکۆ لەلایەنى دامەزرێنەر جیا دەکرێتەوە و ئەنجومەنى زانکۆ بەسەرپەرشتى وەزارەت بەڕێوەدەبرێت تا دۆزینەوەى جێگرەوەیەک بەپێى دیاریکردنى ڕێنماییەک بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارەکانى لەئەستۆ دەگرن.