Nov 2016

وەزارەتى پەروەردەو خوێندنى باڵا کۆبونەوەو چەند بریارێکى گرنگیان دا

DSC_0103.JPG

 بە ئامانجى کاراکردنى زیاتر و زوو ڕاپەڕاندنى کارە هاوبەشەکان، هەردوو وەزارەتى (خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى) و (وەزارەتى پەروەردە)، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا کە تیایدا بە وردى گفتوگۆ لەسەر بابەتە هاوبەش و پەیوەندارەکانى نێوان هەردوو وەزارەت کرا و چەند بڕیارێکى پێویستیشی تێدا درا.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (٩/٣/٢٠١٦) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى دیوانى وەزارەتى پەروەردە ئەنجام درا، هەر یەک لە (د.یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و (د.پشتیوان سادق) وەزیرى پەروەردە و چەند ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرێکى گشتیی هەردوو وەزارەت بەشدار بوون.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، وەزیرى پەروەردە پاش بەخێرهاتنى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، باسی‌ هه‌ماهه‌نگى نێوان هه‌ردوو وەزارەتى کرد و وتى: " وەک هەردوو وەزارەت لە ڕابردوو پەیوەندى باشمان هەبووە و، هيوادارم هه‌ردوولا بتوانين كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌ و پلانه‌كانمان بكه‌ين بە تایبەت پێویستە پیش دەست پێکردنەوەى ساڵى نوێى خوێندن زۆر شت یەکلا بکەینەوە تا ساڵى داهاتوو كێشه‌كان کەمتر و کەمتر بکەینەوە، هەر ئەوەش وامان لێ دەکات هەردوو وەزارەت بەردەوام‌ دانيشتن و كارى زياتر و وۆرکشۆپ و کۆنفڕانسى زانستى هاوبەش ئەنجام بدەین."

دواتر وه‌زيرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سوپاسی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ى کرد و باسى لەوە کرد کە پێویستە پێکەوە کار بکرێت و "وەزارەتەکانمان له‌و وه‌زاره‌ته‌ ده‌گمه‌نانه‌ن كه‌ پێويستیان به‌ نزيكى زیاتر هه‌يه‌ و پڕۆسه‌ى خوێندن له‌ باخچه‌كانى منداڵان تا زانكۆ و دواتريش، پڕۆسەیەکى هاوبەش و نیشتمانیی و فرە ڕەهەندە، بۆيه‌ پێويسته‌ خه‌مى هه‌ردوولامان بێت."

د.یوسف گۆران ڕوونیشی کردەوە کە دەبێت هەردوو وەزارەت وەک یەک تیم و بە یەک پڕۆگرام و تیڕوانین کار بۆ ئایندە بکەن، چونکە پێکڕا دەتوانرێت پڕۆسەکە سەر بخرێت.

 

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر  کارنامەى کۆبونەوەکە کرا، خاڵى یەکەمى کۆبونەوەکە کە تایبەت بوو بەڕەوانەکردنى ئەنجامەکانى کۆتایى پۆلى دوانزەى ئامادەیى لە وەزارەتى پەروەردەوە بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى، بۆ ئەوەى زوتر کار لەسەر (زانکۆلاین) بکرێ، تا ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان لە زانکۆکانى ڕابگیندرێ، بۆ ئەوەش دواى گۆڕینەوەى بیروڕاکان و هەڵسەنگاندنى پێشنیازەکان، کۆبونەوەکە بڕیاریدا لە ڕێکەوتى (١٥/٧) هەموو داتاکانى خوێندکاران و قوتابیان پۆلى دوانزەى ئامادەیى ڕەوانەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بکرێت، هەروەک پێش ڕێکەوتى (١٥/١٠) نمرەى سەرجەم خوێندکاران و قوتابیان بەهەمان شێوە لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە ڕەوانەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى بکرێ.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى بەخشینى نمرە بەدەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى کرا، بۆ ئەوەشى کۆبونەوەکە پشتگیرى لە بڕیارەکەى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو تویژینەوەى زانستى کرد بەوەستاندنى بەخشینى ئەو سێ نمرە بەخوێندکاران، هەروەک کۆبونەوەکە جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو بڕیارە بەسەر ئەو خوێندکارانە جێبەجێ دەکرێت کە ساڵى داهاتوو، واتە ساڵى خویندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) دەبنە پۆلى دوانزەى ئامادەیى، لەهەمان کاتدا بڕیار لەسەر ئەوە درا کە وەزارەتى پەروەردە سەرجەم قوتابخانەو خوێندنگە دواناوەندى و ئامادەییەکان لەو بڕیارە بەشێوەى نوسراوى ڕەسمى ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەوەى خویندکاران و قوتابیان ئاگادارى ئەو بریارە بن.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخى خوێندنى ئێواران لە کۆلێژەکانى پەروەردەى بنەڕەتى زانکۆکان و بۆ مامۆستایانى میلاکى بنەڕەتى وەزارەتى پەروەردەو، پێداچونەوە بەپڕۆگرامەکانى خوێندن لە کۆلێژەکانى پەروەردەو، پەروەردەى بنەڕەتى کرا و، لێژنەى پێویست بۆ چۆنێیەتى شیکردنەوەى ئەو بابەتانە پێکهات.

لە خاڵى کۆتاییشدا، کۆبونەوەکە هەڵسەنگاندنى بۆ پڕۆسەى خوێندنى تایبەت بۆ بەشەکانى پەروەردەى تایبەت و دەرونزانى لە زانکۆکانى کوردستان بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان کرا, پڕۆسەکە بەسەرەتایەکى باش و سەرکەوتوو لە پێناو خزمەتکردن بەپڕۆسەى پەروەردەو کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت بەرز نرخێندرا