Nov 2016

وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى كۆلیژى ته‌كنیكى سلێمانى به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

كاتژمێر 10 ى سه‌ر له‌به‌یانى ئه‌مرِۆ سێ شه‌ممه‌ 13/4/2010 پرۆفیسۆر د.دلاوه‌ر عه‌لائه‌ددین وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى به‌هاورِێیه‌تى شاندێكى وه‌زاره‌ت سه‌ردانى كۆلیژى ته‌كنیكى سلێمانى كرد و له‌لایه‌ن سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ته‌كنیكى و راگرى كۆلیژ و مامۆستایان و خوێندكارانه‌وه‌ پێشوازییه‌كى گه‌رمى لێكرا.


له‌ كۆرِێكى كراوه‌دا له‌ هۆڵى سیمیناره‌كانى كۆلیژ، وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى  مه‌به‌ستى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ ئاماده‌بووان و خۆشحاڵى خۆى ده‌ربرِى كه‌ ده‌توانىَ له‌ نزیكه‌وه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ مامۆستایان و خوێندكارانى كۆلیژه‌كه‌ ده‌كات و باسى له‌ روانگه‌ى خوێندنى باڵا كرد و ئه‌وه‌ى دووپاتكرده‌وه‌، كه‌ چه‌قى بیركردنه‌وه‌و كاركردنى ئێمه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ئه‌كادیمى و زانستی خوێندنى باڵایه‌. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ى وه‌بیر هێنایه‌وه‌، كه‌ وه‌زاره‌ت پرۆسه‌یه‌كى ستراتیژى بۆ چاوپێداخشاندنه‌وه‌ى سیسته‌مى خوێندنى باڵا ده‌ستپێكردووه‌، بۆیه‌ داواى لێكردن له‌رِێگه‌ى ئاراسته‌كردنى ره‌خنه‌و پێشنیار و ده‌ستنیشانكردنى گرفت و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى گونجاو و لۆژیكى هاوكارى وه‌زاره‌ت بكه‌ن له‌پێناو سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى (دڵنیایی جۆرى) كه‌ پرۆسه‌یه‌كى ئه‌كادیمى و زانستییه‌ و تاكه‌ زامنى به‌ره‌وپێشچوون و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى زانستیى خوێندنى باڵایه‌.


له‌ به‌شێكى ترى سه‌ردانه‌كه‌یدا د.دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین به‌ش و تاقیگه‌و هۆڵه‌كانى خوێندنى كۆلیژه‌كه‌ى به‌سه‌ركرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ خوێندكاران و مامۆستایان گفتوگۆى كراوه‌ى ئه‌نجامدا و ئاشنابوو به‌ گرفت و كه‌موكورِییه‌كانى كۆلیژه‌كه‌ و به‌ڵێنى هاوكارى و چاره‌سه‌رى پێدان.
له‌كۆتایشدا ئاماده‌بووان  سوپاسگوزارى خۆیان ئاراسته‌ى وه‌زیرى خوێندنى باڵا كرد و خۆشحاڵى خۆیان به‌و سه‌ردانه‌ ده‌ربرِى.