د. خەتاب شێخانى: ئەرکی زانکۆكان جگە لە پێگەیاندنی کادیری پیشەیی بۆ بازاڕی کار، ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیە

سێیەمین کۆنفرانسی بایۆلۆجی و زانستە تەندروستییەکان

ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠/٤/٢٠١٩ سێیەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى (بایۆلۆجی و زانستە تەندروستییەکان) لەنێوان زانکۆى جیهان هەولێر و زانکۆى هەولێرى پزیشکى بەئامادەبونى نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی ھەولێری پزیشکی و سەرۆک و ئەندامانی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆکانی جیھان و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی جیھان و بەڕێوەبەرانى گشتى و توێژەران و مامۆستایان و پزیشکان بەڕێوەچوو.

وەزارەتى خوێندنى باڵا بە گرینگیەوە لە ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانکۆکان دەڕوانێت

لەسەرەتاى کۆنفرانسەکەدا د. خەتاب ئەحمەد شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى لە وەزارەت لە وتەیەکدا بەناوى د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دەستخۆشی ئەنجامدانی سێیەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی (بایۆلۆجی و زانستە تەندروستییەکان) لە زانکۆى جيهان و زانکۆی ھەولێری پزیشکی و لیژنەی ئامادەکاری کۆنفڕانس كرد بەو پێیەى دوو زانکۆی ئاستبەرز لەسەر ئاستی حکومی و تایبەت، کە بە پێی دواین ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکان لە گروپە پێشەنگەکان بوون، توانیویانە بە یەکەوە کاری ھاوبەشی زانستی بکەن، ئومێدی سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

هەر لە وتارەکەیدا د. خەتاب ئەحمەد شێخانى ڕایگەیاند وەزارەتەکەمان بە گرینگیەوە لە ئەنجامدانی کۆنفڕانسەکانی زانکۆکان دەڕوانێت و چونکە ئەرکی زانکۆ جگە لە بواری پێگەیاندنی کادیری پیشەیی بۆ بازاڕی کاری ھەرێمی کوردستان، کارێکیتری ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستییە، بێگومان ئەم جۆرە کۆنفڕانسانە زەمینەسازی و دەرفەت دروست دەکات، کە پۆلێک لە توێژەران بە ھۆی توێژینەوەکانیان دەست بخەنە سەر کێشەکانی ناو کۆمەڵگە و ڕێگامان نیشان بدەن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەیان یاخود لە ناو تاقیگەکان داھێنانەکانیان پێشکەش بکەن، ھاوکات ئەم جۆرە کۆنفڕانسانە دەبێتە ھۆی لە یەکتر نزیکبوونەوەی ئەکادیمیستان و گۆڕینەوەی ڕاوبۆچوونیان لەسەر بابەتە زانستیەکان و ھاوبەشیکردنی یەکتر لە پڕۆژەکانیان.

ئەکادیمیستان جگە لە ئەرکە زانستیەکان بەرپرسیاریەتی مرۆڤایەتی و ویژدانیشیان لەسەرشانە

بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى هەر لە وتارەکەیدا بەناوى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە گۆڕانى کەشوهەواو بەرزبونەوەى پلەکانى گەرما کردو ڕایگەیاند: لای ھەموومان ڕوونە ھەسارەکەمان ڕووبەڕووی دەیان ئافات و کێشەی گەورە بۆتەوە، ئەمڕۆ بە ھۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی و پیسبوونی ژینگەکەی و پابەند نەبوونی وڵاتە پیشەسازییە گەورەکان بە پاراستنی پێوەرە تەندروستی و ژینگەییەکان، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆتە باسێکی گەرم و وروژێنەر، بە جۆرێک وای کرد کە سەرۆکی وڵاتانی زلھێزی دونیا لە لوتکەی پاریس کۆببنەوە و ھەوڵی چارەسەکردنی ئەم کێشە گەورەیە بدەن، چونکە بۆتە ھۆی دروست بوونی چەندین گرفتی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی دەیان نەخۆشی دەگمەن کە زانایانیان تووشی شۆککردووە، کە ئەمەش ئەرکی ئەکادیمیستانی بوارەکانی پزیشکی و بایۆلۆجی قورستر کردوە، بەوەی جگە لە ئەرکە زانستیەکانیان بەرپرسیاریەتی مۆڕاڵی و مرۆڤایەتی و ویژدانیشیان لەسەر شانە، تاکو زیاتر شەونخوونی بکەن و توێژینەوەی ووردتر و زیاتر ئەنجام بدەن بەمەبەستی ڕووبەڕوو بوونەوە و چارەسەر کردنی گرفتە تەندروستییەکان.

کارمان کردوە بۆ گۆڕین و بەرەوپێشبردنی پڕۆگرامەکانی بواری پزیشکی لە زانکۆکان

د. خەتاب ئەحمەد شێخانى باسى لە پلانى وەزارەت کردو دوپاتیکردەوە، وەزارەتەکەمان بە بایەخەوە لە بواری زانستەکانی پزیشکی و بایۆلۆجی دەڕوانێت، هەربۆیەش بە پێی پلانێکی ستراتیژی کارمان کرد بۆ گۆڕین و بەرەوپێشبردنی پڕۆگرامەکانی بواری پزیشکی لە زانکۆکانمان، بە جۆرێک کە بگونجێت لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکانی دونیای مۆدێرن، ھاوکات ھەوڵماندووە پزیشکێک پێبگەیەنین لەسەر خەرمانەی داھێنانەکانی پێشوو نەخەوێت، بە کەرەستە کۆنەکان کار نەکات، لەیەکاتدا پزیشکێکی پرۆفیشناڵ و لەهەمان کاتدا زانا و توێژەرێکی بەتواناش بێت، پزیشکێک کە سەرەڕای چارەسەر کردنی نەخۆش، ھەوڵ بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری خۆپارێزی بدات.

بە دامەزراندنى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى ئامانجی گەورەمان بە دەستھێناوە

لە درێژەى وتارەکەیدا زیاتر وتیشى ئێمە وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دانەبڕاو لە دونیای دەرەوە، بۆ بەنێودەوڵەتکردنی سێکتەری خوێندنی باڵا كاری دیارمان بەئەنجام گەیاندووە، دەستەبژێرەکانی بواری ئەکادیمیمان زیاتر ھاندا زمانە زیندووەکانی دونیا فێربن و پەرەی پێبدەن، لەبەر ئەوەی پێمان وایە کە تەنها بە توێژینەوە وڵات پێش ئەخرێت و نەتەوە بونیاد ئەنرێت، بۆیە لە بواری توێژینەوەی زانستى بە دامەزراندنى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى ئامانجی گەورەمان بە دەستھێناوە، بە جۆرێک کە ڕێژەی توێژینەوە لە زانکۆکانی هەرێم لە چوار ساڵی ڕابردوو چەندین ھێندەی ساڵانی پێشووتر زیاد کردووە، ھاوکات وەزارەتەکەمان گرانتی بۆ توێژینەوە تەرخان کرد و لە قۆناغی یەکەم لە نێوان ٨۰ پڕۆپۆزەڵی توێژینەوە ۷ پڕۆپۆزەڵ ئەم گرانتەی وەرگرت، ئەمانە و لە لایەکیتر وەزارەتەکەمان هەوڵ ئەدات هاوشانی توێژەرە ناوەخۆییەکان، توێژەری نێودەوڵەتیش بهێنێتە کوردستان، بۆ نموونە لە ئێستادا لە لایەن دەزگایەکی توێژینەوەی ئەڵمانی توێژینەوە لەسەر کاریگەرییەکانی دوای کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە ئەنجام ئەدرێت، لە سەرەڕای ئەمانەش کار ئاسانیمان کرد بۆ ئەوەی زانا و توێژەرانمان دەستیان بە سەرچاوە زانستیە ئاستبەرزەکان ڕابگات لە کتێب و گۆڤاری خاوەن فاکتەری کاریگەر، زۆرێک لە پڕۆگرامەکانی خوێندنمان بەرەو پێشەوە برد لە ناویاندا بواری خوێندنی پزیشکی و گونجاندمان لەگەڵ بازاڕى کارى ھەرێمی کوردستان و بازاڕی کاری نێودەوڵەتی.

ڕاسپاردەکانی کۆنفڕانس بەهەند وەردەگرین و کار بۆ جێبەجێکردنیان دەدەین

لە کۆتایدا بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى جارێکیتر دەستخۆشی لە ھەردوو زانکۆی جیھان- ھەولێر و زانکۆی ھەولێری پزیشکی كرد بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆنفڕانسە، وتيشى بە وردی گوێ لە ڕاسپاردەکانی کۆنفڕانستان دەگرین و ھەوڵی جێبەجێکردنیان دەدەین.