لە مەراسیمێكدا نوسینگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەكەركوك كرایەوە

newsitem-1920-5.02.2015-ku.jpg

 د.یوسف گۆران: ئەركی نوسینگەكە چارەسەركردنی كێشەی خوێندكارانی پارێزگاكەیە بەسەرجەم پێكهاتەكانیەوە


د.نەجمەدین كەریم: تەنها كەركوكیەكان باشتر لە هەر كەسێك خەمی كەركوك دەخۆن

ڕێبوار تاڵەبانی:  هیوادارم كردنەوەی ئەو نوسینگەیە سەرەتایەكی باش بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خوێندكاران

كەركوك...لە مەراسیمێكدا نوسینگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرایەوە

* ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: ئەركی لە پێشینەی نوسینگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە كەركوك چارەسەركردنی كێشەی خوێندكارانی پارێزگاكەیە بەسەرجەم پێكهاتەكانیەوە.

ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە میانەی مەراسیمی كردنەوەی نوسینگەی كەركوكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هات، كە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێكەوتی (4/2/2015) لە گەڕەكی شۆراوی شاری كەركوك بەڕێوەچو.

لە مەراسیمەدا كە بەئامادەبونی د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك و ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و د.عەباس تەقی سەرۆكی زانكۆی كەركوك بەوەكالەت و د.سەڵاح سەرۆكی زانكۆی چەرمۆ بەوەكالەت و بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی كەركوك و ژمارەیەكی دیكە لە لێپرسراوانی ئیداری شارەكەو ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆی شارەكە بەڕێوەچو، لەسەرەتادا لەلایەن د.یوسف گۆران و د.نەجمەدین كەریم نوسینگەكە بەڕەسمی كرایەوە.

دوای بەسەركردنەوەی بەشەكانی نوسینگەكە، لە دیدارێكدا گفتوگۆ لەبارەی كێشەو گرفتەكانی خوێندكارانی كەركوك كرا، هەروەك باس لەو هەنگاوانە كرا كە پێویستن بگیرێنە بەر بۆ هەرچی زوتر چارەسەركردنی كێشەی خوێندكاران و پەرەپێدانی خوێندنی باڵا لە شارەكەدا.

پاشان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەی هاوبەشدا, د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: كردنەوەی ئەم نوسینگەیە بەشێكە لەو گرنگیدانەمان بەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە نوسینگەكە بەدواداچون بۆ كێشەی خوێندكارانی پارێزگاكە بەسەرجەم پێكهاتەكانیەوە بكات، لەهەمان كاتدا دەبێت ببێتە ناوەندێكی گرنگ بۆ بایەخپێدان بەخوێندنی باڵا و بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن لە پارێزگاكەدا.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆنگرە ڕۆژنامەیەدا د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك لە وتەیەكدا ڕاگەیاند: تەنها كەركوكیەكان باشتر لە هەر كەسێك خەمی كەركوك دەخۆن، هەربۆیە كاتێك باس لە پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ حكومەت كرا، ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە دەبێت كەركوكیەك ببێتە وەزیری خوێندنی باڵا، چونكە پێشتر ئێمە وەزیری خوێندنی باڵا-مان لە كەركوك نەبینیوە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پارێزگاری كەركوك دوای ئاماژەكردن بەكێشەی خوێندكاران لە پارێزگای كەركوك، كردنەوەی نوسینگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی-شی بەهەنگاوێكی گرنگ دانا و، لەو بارەیەوە وتی: كارێكی زۆر باشتان كرد بۆ شارەكە، هیوادارام كردنەوەی ئەو نوسینگەیە ببێتە دەروازیەك بۆ چارەكردنی كێشەی خوێندكارانی كەركوك لە هەرێمی كوردستان، هەروەك پشتیوانی تەواوی خۆی و پارێزگاكەی بۆ هاریكاریكردن لەسەرخستنی كارەكانیان دوپات كردەوە، لە كۆتایشدا بە گرنگەوە ئاماژە بەڕۆڵ و قوربانیەكانی هێزی پێشمەرگە كرد بۆ پارێزگاریكردن لە شاری كەركوك.

ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك-یش لە وتەیەكیدا دوای پێرۆزبایكردن لە خەڵكی كەركوك، دەستخۆشی لە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد، ڕونیشی كردەوە زیاتر لە (500) قوتابخانەو خوێندنگەی كوردی لە پارێزگای كەركوك هەیە، بەڵام كاتێك كە قۆناغی شەشەمی ئامادەیی تەواو دەكەن ڕوبەروی كێشەی زۆر دەبنەوە و گرفتی وەرگرتنیان بۆ پەیدا دەبێت، بۆیە هیوادارم كردنەوەی ئەو نوسینگەیە سەرەتایەكی باش بێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە.

لە وڵامی پرسیارێكی پەیامنێرانیشدا د.یوسف گۆران ڕاگەیاند: ئەمساڵ بەپێیی پلانێك و توانای وەزارەت و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، سەرجەم ئەو گەیشتە دەستمان جێبەجێمان كرد، بەتایبەت كێشەی ئەو خوێندكارانەی كە لە زانكۆكانی (بەغداد، بەسرە، موصڵ، تكریت، دیوانیە..) ناویان گەڕابوەوە دوبارە هەڵبژاردنیان بۆ كرایەوە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان وەرگیران، لەهەمان كاتدا ئەو خوێندكارانەشی كە لەو زانكۆیانە لە قۆناغەكانی دیكە دەیانخوێند بەسیستەمی میوانداری وەرگیران، ئەو جگە لە وەرگرتنی ژمارەیەك خوێندكار لە زانكۆ تایبەتیەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بەرامبەر، لەسەروی هەموشیانەوە وەرگرتنی (190) خوێندكار بوە بۆ درێژەدان بەخوێندنی باڵا/ ماستەر لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.

نوسینگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە كەركوك، وەك دەست پێشخەرییەك لە پێناو بایەخدان بەكەركوك بەفەرمانی وەزاری ژمارە (20641) كە ئیمزای د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەسەرەوەیە و لە ڕێكەوتی (26/10/2014) دەرچووە كرایەوە، هەر بەپێی هەمان فەرمانی وەزاری (د. ئەحمەد ئەمین فتح اللە) وەك بەڕێوەبەری نوسینگەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دیاریكرا، ئەركی سەرەكی ئەو نوسینگەیەش بریتیە لە كارئاسانی بۆ خوێندكارانی كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم، بۆ ئەوەی بتوانین لە نزیكەوە هاریكاری و ڕێنوێنیان بكەین، تا باشترو لە نزیكەوە بتوانرێت كێشەی خوێندكارانی ئەو سنورە چارسەر بكرێت.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015) وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كێشەی ژمارەیەكی زۆری خوێندكارانی پارێزگای كەركوكی چارەسەركرد، لەوانەش ئەو خوێندكارانەی كە لە زانكۆكانی (بەغداد، بەسرە، موصڵ، تكریت، دیوانیە..) ناویان گەڕابوەوە كە ژمارەیان (141) خوێندكار بوو، دوبارە هەڵبژاردنیان بۆ كرایەوە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان وەرگیران، لەهەمان كاتدا ئەو خوێندكارانەشی كە لەو زانكۆیانە لە قۆناغەكانی دیكە دەیانخوێند و ژمارەیان (57) خوێندكار بوە بەسیستەمی میوانداری لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان وەرگیران بۆ درێژەدان بەخوێندن، لەلایەكی دیكەشەوەو بەدەستپێشخەری د.یوسف وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (104) خوێندكار بەبێ‌ بەرامبەر لە زانكۆ تایبەتیەكانی هەرێمی كوردستان وەرگیران، لەسەروی هەمو ئەوانەشەوە بە دوو قۆناغ (190) خوێندكاری كەركوك  بۆ درێژەدان بەخوێندنی باڵا/ ماستەر لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان وەرگیران.