ئەو خوێندکارانەى لە کۆلێژى یاساى ئێوارانى کۆیە وەرگیراون و ناڕازین, دوبارە دابەش دەکرێنەوە

IMG_6009999.jpg

 سەبارەت بە گەڕانەوەى ناوى خوێندکاران/ قوتابیان لە کۆلێژى یاساى ئێواران لە زانکۆى کۆیە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە سەرجەم ئەو خوێندکارانە ئاگاداربونە کە خوێندن لەو بەشە ئێوارانەو لە ڕیبەرى وەرگرتنیشدا ئاماژەى بۆ کراوە.

لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم عومەر وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەموو ئەو خوێندکار/ قوتابیانەى (زانکۆلاین)یان پڕکردۆتەوە بۆ بەشى یاسا/ئێواران لە زانکۆى کۆیە، ئاگاداربون لەوەى کە خوێندن لەو کۆلێژە ئێوارانە، چونکە لە ڕێبەرى وەرگرتندا ئاماژەى بۆ کراوە، لەهەمان کاتدا وەک ساڵانى پێشوترى زانکۆکان دەوامى کە ئێوارانیان هەبوە خوێندن بەپارە بووە، بەهەمان شێوە لە کۆلێژى یاسا/ئێواران لە زانکۆى کۆیە خوێندن بەپارەیە, لەهەمان کاتدا جەخت لەسەر ئەوەش دەکەینەوە کە سەرجەم ئەو خوێندکاران/ قوتابیانەى ناویان لەو بەشە هاتۆتەوە بەپێى پێشبڕکێ و, لەسەر داواى خۆیان ناویان کۆلێژى یاسا/ئێواران لە زانکۆى کۆیە گەڕاوەتەوە.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکراشیکرد, کە وەزارەتى خوێندنى باڵا دەرفەتى داوە بەسەرجەم ئەو خوێندکارانەى کە ناویان لەو بەشەدا هاتۆتەوە فۆڕمى بەهەڵە پڕبکەنەوە و، هەروەک ڕەزامەندیش وەرگیراوە کە بەپێى کۆنمرەکانیان دوبارە بەسەر شوێنى گونجاو دابەش بکرێنەوە, بەو مەرجەى لەماوەى ئەم هەفتەیەدا لەلایەن زانکۆى کۆیە داخوازییەکانیان بگاتە وەزارەتەکەمان.