بەشێک لە سیستمى وەرگرتن لە ناوەندیەوە کرایە ناناوەندى

5.JPG

 لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت، کەبەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو، تاوتوێى پڕۆسەى وەرگرتنى خوێندكاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان کرا.

دەرفەتى کار لەسێنتەرەکانى بەکارخستن بەڕێژەى(300%) زيادى كردوە

لەو کۆبونەوەیەدا کە بەئامادەبونى ڕاوێژکارانى وەزیرى خوێندنى باڵا و سەرۆکى سەرجەم زانکۆکان و  بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەت، ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتى (٣١/٥/٢٠١٦) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى سەرۆکایەتى زانکۆى سلێمانى بەڕێوەچوو، د.یوسف گۆران لە وتەیەکدا دواى ئەوەى سوپاسى سەرۆکایەتى زانکۆى سلێمانى کرد بۆ ئەو میواندارییە، ئاماژەى بەچەند بابەتێکى زانستى و کارگیڕى کرد و وتى: لەگەڵ تەواوبونى پڕۆسەى خوێندن و، هاتنى وەرزى هاوین کارکردن لە بةثييى ثلانةكانى سێنتەرەکانى بەکارخستن دەست پێ دەکات، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەى ڕاگەیاند: بەبەراورد بەساڵى ڕابردو ئەو دەرفەتى کارانەى دراوە بە سێنتەرەکانى بەکارخستن بەڕێژەى(300%) زيادى كردوە، بەشێوەیەک ساڵى ڕابردو (١٥٠) کۆمپانیا دەرفەتى کارییان بۆ سێنتەرەکانى بەکارخستن لە زانکۆکان ڕەخساندبوو، بەڵام ئەمساڵ ژمارەى کۆمپانیاکان نزیکبۆتەوە لە (٤٥٠) کۆمپانیا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: زیادبونى ژمارەى کۆمپانیاکان ئاماژەیەکە ڕونە بۆ سەرکەوتنى پڕۆژەکە، هەربۆیە دەبێ لە کارى بەردەوامدا بین بۆ بەستنەوەى زانکۆ بەبازارى کار، سێنتەرەکانى بەکارخستنیش ناوەندێکى گرنگن بۆ بەدیهێنانى ئەو ئامانجە.

سیستمى ناوەندى وەرگرتن بەرەو گۆڕانکارى دەبرێ

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا د.یوسف گۆران باسى لە سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکان کرد و لەو بارەیەوە وتى: بەپێى نوێترین ئامار کە لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە ئاراستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کراوە، ئەمساڵ نزیکەى (١١٢) هەزار خوێندکار  بەشدارى لە تاقیکردنەوەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى دەکەن، هەروەک پێشبینى دەکرێت ( ٦٠ بۆ ٧٠) هەزار خوێندکار لە تاقیکردنەوەکان دەربچن و ڕوو لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و زانکۆکان بکەن، ئەو ژمارەیەش فشارێکى زۆر دەخاتە سەر وەزارەت و زانکۆکان.

هەر لەو بارەیەوە د.یوسف گۆران وتى: لەلایەک ڕوکردنى ئەو ژمارە زۆرەى خوێندکار لە زانکۆکان، فشارێکى ناسروشتى دروست دەکات، لەلایەکى دیکەوە دەزانین کە ئەو سیستمى وەرگرتنەى کە ئێستا پیادەى دەکەین سەربارى ئەوەى کە نمرە کراوەتە بنەماى وەرگرتن و جۆرێک لە دادپەروەرى تێدایە، بەڵام نارەزاییەکى زۆرى لەلایەن خوێندکاران و خەڵکیشەوە لەسەر هەیە، بۆیە گۆڕینى ئەو سیستمە کارێکى ئاسان نیە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئەو ڕەخنەو گلەیى و ناڕەزییانەى کە لەلایەن خوێندکاران و خەڵک و تەنانەت لەلاى زانکۆکانیش هەیە وا دەکات ئێمە وەک هەنگاوى یەکەم دەست بەگۆڕینى ئەو سیستمە بکەین، بۆیە گۆڕینى ئەو سیستمە دەبێ لەسەر بنەماى ڕەچاوکردنى ئارەزو تواناى خوێندکاران و تواناى زانکۆکان و دورکەوتنەوە بێ لە خوێندنى لۆکاڵى و زانکۆى لۆکاڵى، بەڵکو دەبێ کار بکەین بۆ زیاتر لەیەک نزیکرکردنەوەى کەلتورى شارەکان و ئاوێتەکردنى وردە کەلتورى شارەکان و دامەزراندنى زانکۆى نیشتیمانى، بەشێوەیەک خوێندکاران بەیەکەوە بیر بکەنەوەو گفتوگۆ لەسەر بابەتە گرنگەکانى ڕۆژ بکەن و توێژینەوەى هاوبەش ئەنجام بدەن و یەکێتیى نەتەوەى دروست بونیاد بنێینەوە، بۆیە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: گرنگە هەنگاو بەهەنگاو دەست بەگۆڕینى سیستمەکە بکەین، بەتایبەت لەو بەش و کولێژانەى کە فشاری زۆرییان لەسەر نیە، وتیشى دەبێ لە داڕشتنى سیستمەکەدا ڕەچاوى ئارەزوى خوێندکاران بکەین و بەدوربێ لە ناوچەگەرى، هەروەک فشارى سەر زانکۆکانیش کەم بکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا وتى: وەک هەنگاوى یەکەم لەو سیستمەدا بەنمونەیەکى بچوک دەست پێ دەکەین، ئەگەر توانیمان سەرکەوتو بین، ئەوا لە ساڵانى دواتر هەنگاو بەهەنگاو نمونەکان زیاتر و زیاتر دەکەین تا بگەینە ئەو ئامانجەى کە ئارەزوى هەموو خوێندکاران بەدى بهێنین و فشارى سەر زانکۆکانیش کەمبکرێتەوە و ئاستى زانستیشیان زیاتر بەرەو پێشەوە بچێ.

لە کۆتایى وتەکەشیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: جەدواى گۆڕینى ئەم سیستمە تەنها بریتی نیە لە بەدیهێنانى ئارەزوى خوێندکارو کەمکردنەوەى فشار لەسەر زانکۆکان، بەڵکو بریتیە بوژانەوەى ئەقڵى خوێندکار، چونکە شێوەى پەرەوەردەو خوێندن لە هەرێمى کوردستان تەنها ئاستى بیرهێنانەوەى خوێندکار تاقى دەکاتەوە نەک بیرکردنەوەى خوێندکار، بۆیە ئەگەر دەرفەتى هەڵبژاردن بدەین بەخوێندکار مەرج نیە هەموکات نمرە پێوەرى دادپەروەرى بێ، بەڵکو دەبێ شێوازەکانى دیکەى تاقیکردنەوەى ئەقڵى خوێندکار لە وەرگرتنى بۆ زانکۆکان ڕەچاو بکرێ، ئەوەش پێوەرى پێشکەوتنى ئاستى زانکۆکان لە جیهاندا دەردەخات.

سیستمى وەرگرتن لە ئەزمونى وڵاتان

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەلایەن د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سمینارێک لەبارەى سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکان لە وڵاتانى پێشکەوتو بەتایبەت بەریتانیا پێشکەش کرد. لەو چوارچێوەیەشدا باسى لە وردەکارییەکانى سیستمى (یوکاس) کرد، کە چۆن خوێندکاران بەڕێگەى ئۆنلاین دەتوانن داواکارى پێشکەش بکەن و تا چ ڕادەیەک ڕەچاوى ئارەزو و تواناى خوێندکاران دەکرێت، هیواشى خواست دەرگایەک بەڕوى گۆڕینى سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکانى کوردستان بکەینەوە.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا لەلایەن ئەندامانى ئەنجومەنەوە چەندین سەرەنج و بۆچون لەبارەى شێوازى گۆڕانکارییەکانەوە خرانە بەر باس و گفتوگۆ، بۆ ئەوەش چەندین پێشنیاز گەڵاڵە کران.

بەشێک لە سیستمى وەرگرتن لە ناوەندیەوە کرایە ناناوەندى

لە کۆتایى کۆبونەوەکەشدا وەک هەنگاوى یەکەم لە ڕێگەى لێژنەیەکى تایبەتەوە کە ماوەى دوو هەفتەى بۆ دیاریکرا چەند کۆلێژ و بەشێک دیاری دەکرێن بۆ ئەوەى سیستمە نوێیەکەیان تێدا جێبەجێ بکرێ، بەوەش بۆ یەکەمجار لە ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) بەشێک لە سیستمى وەرگرتنی خوێندکاران/ قوتابیان لە زانکۆکان لە ناوەندییەوە دەکرێتە ناناوەندى.

کەسوکارى شەهیدان لە بەشێک لە کرێى خوێندنیان بەخشران

هەر لەو کۆبونەوەیەدا لەسەر پێشنیازى نوسراوى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و پشتگیرى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران، ئەنجومەنى وزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاردرا بەبەخشینى ڕێژەیەک لە پارەى خوێندنى هاوسەرو کوڕ و کچى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و یەکێک لە منداڵەکانیان، کە لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان بەشێوەى پەڕالێڵ دەخوێنن.