لە ژمارە (٢٥٠)ى ئەمڕۆى ههفتهنامهی باس له ڕێکەوتى (١٨-٨-٢٠١٥)دا، چاوپێکەوتنێکى بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى عێراق بڵاوکراوەتەوە، بەداخەوە تێبینیمان کرد کە تەواوى زانیارییەکانى نێو ئەو چاوپێکەوتنە دورە لە ڕاستیی و، پێچەوانەى ئیتیک و بنەما زانستى و ئەکادیمیەکانە، بۆیە بەپێویسمان زانى ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕاى گشتى بڵاوبکەینەوە:
یەکەم/ سەبارەت بە بنەماکانی وەرگرتن لە زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستان سیستمێکی دڵنیایی جۆری پێشەکەوتوو جێبەجێ دەکرێت و بەرەو ڕیزبەندیی نیشتیمانی و پڕۆسەی بۆڵۆنیا هەنگاو دەنێین، لەڕووی سیاسی و ئەمنییەوە کەش و هەوای هەرێمی کوردستان زۆر لەبارترە بۆ سەقامگیری پڕۆسەری خوێندن و پەرەپیدانی کواڵیتی، هەروەها بەشێک لە زانکۆ تایبەتەکانمان بەرەو بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ پڕۆگرامەکانیان هەنگاو دەنێت، نمونەشمان بۆ سەلماندی ئەم ڕاستییە زۆره.
ئێمە توانیمان بە سەرکەوتوویی هەموو ئەو زانکۆیانە دابخەین کە بە پێچەوانەی ئاڕاستەی پاراستنی کواڵیتی و بەهاکانی خوێندنی باڵا کاریان دەکرد و، مەبەستیان بوو قازانجی زۆر و خێرا لەسەر حسابی کواڵیتی بەدەست بهێنن، دیارترین نمونەمان داخستنی کۆلێجی دیجلەی زانکۆییە کە بەداخێکی زۆرەوە بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵاى عێراقى له قسهكانیدا وەک نمونەی زانکۆیەکی سەرکەوتوو نمایشی دەکات، لە کاتێکدا ئەم لقە کۆلێژە خراپترین نمونەى خوێندنى تایبەت بوو لە هەرێمى کوردستان، دهمانهوێ بۆ ڕای گشتی و جهنابی بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵاى عێراقى جارێكی دیكه ئهوه ڕون بكهینهوه، كه ئەم کۆلێژە لە بنەڕەتدا گرفتى یاسایى هەبوو، تەنانەت گرفتیان لەگهڵ لقى سەرەکى زانکۆکەى خۆیشیان هەبوو، ئهو كولێژه یەکێک بوو لەو زانکۆیانەى کە بەهیچ جۆریک پابەندى بنەماکانى پاراستنی کوالیتى و ئاستى زانستى و بەهاى ئەکادیمى نەبون، چەندین جار وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی ههرێمی كوردستان لێژنەى لێکۆلێنەوەی لەسەر کێشەکانى ئەو کۆلێژە دروست کردوە، تا دوا جار لەسەر بنەماى زانستى و لەسەر ڕاسپاردەی دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین، وەزارەتەکەمان بڕیارى داخستنى ئەم کۆلێجە زانکۆییەی دا. بەڵام بەداخەوە لەو کاتەدا بەڕێز سهلام خۆشناو بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵاى عیراق بەهاوکارى دەزگاى چاودێری سەربە وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق کەوتنە دروستکردنى فشارێکی زۆر لەسەر هەرێمى کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنى لقی کۆلێجی دیجلەی زانکۆیی و هەوڵێکی زۆریان دا، کە ئەم کۆلێجە لە هەریمى کوردستان بەردەوام بێت، بەبێ ئەوەى گوێ بدەنە ئەو ڕاستیەى زانکۆى ناوبراو بەهیچ جۆرێک ڕێز لە بەهاو پیرۆزییەکانی خوێندن و بڕوانامەی زانستی ناگرن و پابەندی بنەماکانی دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین نابن، بۆ نمونە له ساڵی خوێندنی (٢٠١١- ٢٠١٢)دا تەنها لەبەشى یاسا (١٠٦٤) خوێندكاری وەرگرتبوو!، ئایا وەرگرتنى ئهو ڕێژه زۆرهی خوێندكار تەنها بۆ بازرگانیکردن نەبێت چ مانایهكی ترى هەیە؟، بێگومان بەم ژمارە زۆرە ئەگەر تەنها (١٠٠) دۆلاری ئهمریكیش لە خوێندکار وەربگرن هەر قازانج دەکەن، بهڵام لەسەر حیسابى بەهاو کوالێتى خوێندن. پاش دهركهوتنی ئەم تێبینیانە و وەک هەنگاوێک بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی خوێندن و فێرکردن لەم کۆلێجە وەزارەتەکەمان تاقیکردنەوەیەکى وهزارى بۆ خوێندكارانی سەرجەم بەشەکانی کۆلێجی ناوبراو ڕێکخست، ڕێژەى دەرچون لەو تاقیکردنەوەیە جێگەى سەرسورمان بوو!، چونكه لەکۆى (١٨٠٠) خوێندكار، ژمارەی دەرچووەکان بە پەنجەى دەست دهژمێردران! كهواته دهپرسین ئایا دەکرێت بریکارى وەزارەتی خوێندنی باڵا-ی عێراق باس له نرخی خوێندن لەو زانکۆیە بە نمونەیەکی سەرکەوتوو بێنێتەوە ؟. چاوەڕوان دەکرا بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵاى عێراق كه لەسەر پشکى کورده لە بەغداد لەبرى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەرژەوەندییەکانى هەرێم بپارێزیت و ڕێگە نەدات هەرێمەکەمان ببێتە جێگهی بەرهەمهێنانی بڕوانامەی بێ بنەما و بێ ناوەرۆک، بۆیه هەر دوا بەدواى دهركهوتنی دەرئهنجامى تاقیکردنەوەکان و دوابەدوای هەڵسانگاندنی زانستییانەی کۆلێجی دیجلەی زانکۆیی لەلایەن لێژنە پسپۆڕەکانی وەزارەتەکەمان، توانیمان بڕیاری داخستنی ئەم کۆلێجە جێبەجێ بکەین کە پیچەوانەی خواستی هەندێک کەسی خاوەن بەرژەوەندیی بوو.
بەڕاى ئێمە دانپێدانان بە زانکۆ تایبەتەکانى هەرێم لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عیراق تێکەڵ بە ململانێى سیاسى کراوە، نەک ڕەچاوى پێوەرو بنەما زانستى و ئەکادیمیەکان کرابێت. چاوەرێمان دەکرد بەڕێز سهلام خۆشناو بریکارى وەزیری خوێندنی باڵا-ی عێراق، هەوڵمان بۆ بدات ئەم جۆرە بابەتە تێکەڵاوى سیاسەت نەکرێت، بەڵام بەداخەوە بەڕێزیان وەک نوێنەرى کورد لەم ئەرکەدا سەرکەوتوو نەبوون.
لەو چاوپێکەوتنەدا بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵا-ى عێراقى ئاماژەى بەهەندێک بنەما کردوە کە گوایە "بنەماکانى وەرگرتن لە زانکۆ تایبەتەکانى سەر بەحکومەتى عیراقى فیدراڵ بەرزترن لەو بنەمایانەى لە هەرێمى کوردستان لە زانکۆ تایبەتەکان پەیڕەو دەکرێت"!. بەداخەوە ئەم وتانە تەواو پێچەوانەی ڕاستییەکانن، بنەما و پێوەرەکانى وەرگرتن لە زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان لە بنەما و پێوەرەکانى وەرگرتن لە زانکۆ تایبەتەکانى حکومەتى عێراقى زۆر بەرزترن، بۆ نمونە با بەڕێز بریکارى وەزارەتی خوێندنی باڵا-ی عێراق وهڵاممان بداتهوه كه له کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆکانی عیراق خوێندكار و قوتابی بەنمرەى چەند وەردەگیرێن ؟، لە کاتێکدا کەمترین کۆنمرەى وەرگرتن لە کۆلێژى ددان لە زانکۆ تایبەتەکانى هەرێم (٧٩ .٩٥) بوه، بهههمان شێوه وەرگرتن لە بەشى یاسا لەزانکۆ تایبەتەکانى عێراق وهك دهبینین بە کۆنمرەى (٥٥) وەردەگیرێت، لەکاتێکدا لەزانکۆ تایبەتەکانى هەرێم چونە پێشبڕکێ کۆنمرەى (٦٠) و، لەهەندێک زانکۆ وەرگرتن كۆنمرهی (٧٠)ى تێپەڕاندوە. بۆ ژمارەى وەرگیراوان لە کۆلێژى یاسا بۆ هەر زانکۆیهك له زانكۆ تایبهتهكانی ههرێمی كوردستان لە (١٦٠) خوێندكار تێپەڕ ناکات، با بریكاری وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی عێراق وهڵامی ڕای گشتی له كوردستان بداتهوه بزانین لە زانکۆ تایبەتەکانى عیراق دوو بەرامبەر و زیاتره، له كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2015-2016) کۆنمرەى چوونە پێشبڕکێ لەبەشى یاسا له زانكۆ تایبهتهكان بهرزكراوهتهوه بۆ (٦٥) و، ژمارەى وەرگیراوان بۆ هەر زانکۆیەك كهمكراوهتهوه بۆ (١٢٠) خوێندكار. با جەنابى بریکارى وەزیر پێمان بڵێت ئەوان کۆنمرە و ژمارەى وەرگیراوانیان له ئێستادا چەندە؟ لەبارەى ڕێژەی خوێندكار بۆ مامۆستا، وەزارەتەکان پەیڕەوی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەکات و هەموو زانکۆ تایبەتەکانیش بەتەواوەتی پابەندن بە ڕێنماییەکان.
دووەم/ سەبارەت بەنرخى کرێی خوێندن له زانکۆ تایبهتەکانی هەرێمى کوردستان
وەزارەتەکەمان بەبەردەوامى هەوڵیداوە نرخى خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان لەهەرێمى کوردستان داببەزێنێت، ئەگەر چى زانکۆکان ساڵانە بەمەبەستى بەرزکردنەوەى نرخەکان، نرخى نوێمان بۆ پێشنیاز دەکەن، بهڵام وەزارەتەکەمان سەربارى ئەوەى کە ڕەزامەندى لهسهر داواكانیان پیشان نەداوە, لەگەڵ ئەوەشدا بۆ دوو جار نرخی خوێندنمان له زانكۆ تایبهتهكان دابەزاندووە، بەتایبەت لە پسپۆڕی زانستە مرۆییەکان، بۆ نمونە بۆ ساڵى خوێندنى ( ٢٠١٢- ٢٠١٣) بهڕێژەى (١٠%)ى نرخەکان دابەزێندراون. لە دواین نوسراوی وەزارەتەکەمانیشدا داوامان له زانكۆ تایبهتهكانی ههرێمی كوردستان کردوە ڕەچاوى بارودۆخى بارى دارایى هەرێمى کوردستان بکەن و، نرخى خوێندن بەرزنەکەنەوە، خۆشبەختانە زانکۆکان جگە لەوەى پابەندبون، لەهەمان کاتدا بەشێک لە زانکۆکان بەڕێژەیەک نرخەکانیشیان دابەزاندوە.
سێهەم/ دەربارەی (٢٦٣) کورسی خوێندن بۆ یەکەمی بەشەکانی هەرێمی کوردستان
لەسەرەتاى چاوپێکەوتنەکەدا بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى عێراق باسی لەوە کردوە کە گوایە حکومەتى عیراق (٢٦٣) کورسى خوێندنی بۆ یەکەمەکانى هەرێمى کوردستان تەرخان كردوه، بەڵام هەرێمى کوردستان ئەم دەرفەتەى ڕەت کردۆتهوه.!، بێگومان ئەم زانیارییانە هەڵەو چەواشەکارن و، راستیەکەش بەم شێوەیەى لاى خوارەوەیە:
بهر له چهند ساڵێك حکومەتى عیراق ڕایگەیاند: کە دەتوانێت "یەکەمی بەشەکانی زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ تەواوکردنى خوێندنى باڵا/ ماستەر ڕهوانهی دەرەوەی وڵات بکات"، ئهوكات حکومەتى هەرێمى کوردستان و وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی ههرێمی كوردستان پێشوازی گەرمیان لەم ڕاگەیاندنە کرد و، هەموو ئامادەکاریەکیش بۆ جێبەجێکردنى ئەنجام درا، بەڵام هەر لەسەرەتاى دەستپێکردنى پڕۆسەکەوە یەکەمەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دوچارى کێشەو گیروگرفتى گەورە بوونەوە و، مامەڵەکانیان وەک پێویست بەرێ نەدەکرا و، ڕۆتینێکى لە ڕادە بەدەرى ئیدارى کاندیدەکانى هەرێمى کوردستانى دووچارى نا ئومێدى کرد و، وەڵامى داخوازییەکان و پەیوەندییەکانیان نەدەدرایەوە و، مامەڵەکانیان پەراوێز و پشت گوێ دەخران، لهههمان كاتدا بێ ڕێزیان بەرامبەر دەکرا، سەربارى ئەوانهش بۆ مەبەستى سیاسى دەنێردران بۆ (هيئة المسائلة والعدالة)، لەوێش مامەڵەکانیان بەدرێژاى چەندین مانگ دوا دەکەوت ، ئێمە چەندین جار لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینهوهی زانستی داوامان لە بەڕێز (سهلام خۆشناو) بریکارى وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینهوهی زانستی حكومهتی عێراقی کرد، کە ئۆفیسێکى جێبەجێکردنى مامەڵهی ئهو كاندیدانه بهێننه هەریمى کوردستان، بەڵام بەداخەوە هیچ بەدەنگەوەهاتنێکى نەبوو!
پاشان بەناچارى سەرجەم ئەو کاندیدانە لە ڕێگەى خۆپیشاندانەوە داوایان پێشکەش بە سەرۆکى کابینەى شەشەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد تا بەهانایانەوە بێت و هاوشێوەی هاوڕێکانیان لە بەرنامەی تواناسازی حکومەتی هەرێم سودمەند بن، چونكه ژیانیان لەمەترسىدا بوهو، مامەڵەکانیشیان لە بەغداد بەڕى نەدهكرا، لەو کاتەدا ماوەی یەک ساڵی تەواو بوو لە دڵەڕاوکێ و چاوەڕوانیدا دەژیان، ههربۆیه ئەو کاتیش حکومەتی ههرێمی كوردستان بڕیاریدا ئەو کاندیدانە بهێنرێنەوە سەر هەرێمى کوردستان و، لە چوارچێوەى بەرنامەى تواناسازى ڕەوانەى دەرەوەى هەرێمى کوردستان کران، ههموو كاندیدهكانیش گهواهی ئهو ڕاستیانەن كه لهسهرهوه باس كران، لهگهڵ ئهوانهشدا هەموو ئەو نوسراوانەى کە ئهو كات بەمەبەستى هاوکاریکردنى ئەو کاندیدانە ئاڕاستەى بەڕێز د.سهلام خۆشناو بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵا-ى عیراقى کراوە و، هیچ وەڵامێکى نەبووە لە ئەرشیفى وەزارەتهكهماندا پارێزراوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی