بە چاودێری و ئاماده‌بونی (د.یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له مه‌راسیمێكدا بۆ یه‌كه‌مین جار توێژه‌ری ساڵی دیاریكرد و، (22) توێژه‌ری له زانكۆكی كوردستان خه‌ڵات و ڕێزلێنانی وه‌زاره‌تیان پێشكه‌ش كرا.
له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا، كه ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، سەرۆکی زانکۆ حكومی و تایبه‌ته‌كان و، به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیه‌كانی فه‌رمانگه‌كانی دیوانی وه‌زاره‌ت و، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆکان بۆ کاروباری زانستی و، ڕاگری پەیمانگه تایبەتەکان و، بەڕێوەبەرانی دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین، ئه‌مڕۆ سێ شەمە ڕێکەوتی (11/12/2018) لە (هۆتێل دیڤان) به‌ڕێوه‌چو، له‌سه‌ره‌تادا ئاماده‌بوان به ساتێك بێ ده‌نگی ڕێزیان له شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان گرت، پاشان د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتارێكی پێشكه‌شكرد.
پیرۆزبایی له توێژه‌رانی سه‌ركه‌وتو ده‌كه‌م
له‌سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: سەربەرزم ئەمڕۆ لە ڕێورەسمی ڕێزلێنان لە توێژەرانی ساڵ لە خزمەتتاندام، سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم، پڕبەدڵ سوپاس و پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی هەموو ئەو توێژەرانە دەکەم کە توانیان بەرهەمی کاری توێژینەوەکانیان بگەیەننە ئاستی بڵاوکردنەوە لە گۆڤارە زانستییە ئاست بەرزەکانی جیهان.
بەرهەمی توێژەرانمان شاڕێی دەرکەوتنی زانکۆکانمانە لەسەر نەخشەی ئەکادیمیای جیهانی
هه‌ر له وتاره‌كه‌یدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له كارنامه‌ی كابینه‌ی هه‌شته‌م بۆ بایه‌خدان به‌توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد و ڕایگه‌یاند: له ساڵی (٢٠١٤) و لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕامانگەیاند، کە پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی لە ئەولەویەتی کارەکانی وەزارەتەکەمان دەبێت، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە بەشداری ڕەسەن لە بەرهەمهێنانی مەعریفەو بڵاوکردنەوەی بەرهەمی توێژەرانمان لە گۆڤارە زانستییە ئاست بەرزەکان شاڕێی دەرکەوتنی زانکۆکانمانە لەسەر نەخشەی ئەکادیمیای جیهانی، وتیشی هەمیشە ئەو ڕاستییەمان وتوە، کە زانکۆکانمان لە سەدەی بیست و یەکەم و، لە سەردەمی ئابوری مەعریفەدا ئەرک و ئۆباڵی گەورەیان لەسەر شانە، ڕاشیگه‌یاند: کۆمەڵگه‌ی کوردستان چاوەڕی دەکەن کە زانکۆکان جگە لە پێگەیاندنی جگەرگۆشەکانیان بتوانن لە ڕێگه‌ی توێژینەوەی زانستی و، بەشداری ڕەسەن لە چارەسەرکردنی پرسە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بكه‌ن بکەن، جه‌ختی له‌سه‌رئه‌وه‌ش كرده‌وه كه چاوەڕی دەکرێت زانکۆکان بە هزرو بیر‌و توانای زانستی‌یان بەشدار بن لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیار لەهەمو بوارێکی سیاسی، کارگێڕی، تەنانەت گەشەکردنی بزنسیشدا.
توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە دیوە
سه‌باره‌ت به كار و پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌ت له‌ماوه‌ی ڕابردودا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە تا ئێستا بۆ گەشەپێدانی توێژینەوەی زانستیی کۆمەڵێک هەنگاوی کرداریمان ناوە، کە گرنگترینیان پرۆسەی ڕیزبەندیی نیشتیمانی و، دامەزراندنی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی بو، وتیشی توێژینەوەی زانستی لە نێو ڕیزبەندیی نیشتیمانیدا پشکی شێری پێدراوە، چونکە قورسایی پێوەرەکان لەبەر ڕۆشنایی دیدگای و له پێشینه‌ی ئەولەویاتی وەزارەت داڕێژراوە، خۆشبەختانە لە ماوەی چوارساڵی ڕابردودا توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە دیوە، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕونكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌وباره‌یه‌وه دا‌و وتی: ئه‌گەر بە وردی لە داتاکانی ڕیزبەندیی نیستیمانی بڕوانین دەبینین بە بەراوردکردنی ساڵانی (٢٠١٥ تا ٢٠١٨) ژمارەی فاکتەری کاریگەری کۆکراوە لە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستیی لە گۆڤارە زانستییە ئاستبەرزەکانی جیهان (Web of Science / ISI ) بە ڕێژەی (% 586) زیادی کردوە و، ژمارەی توێژینەوە بڵاوکراوەکان لەو گۆڤارانەی کە ئیندێکس کراون لە (Web of Science and Scopus) بە ڕێژەی (%700) زیادی کردوە، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: ئه‌و داتا و ئامارانه پێمان ده‌ڵێ بەڵێ، کە هەرێمی کوردستان، زانکۆکانی کوردستان، مامۆستاکانی کوردستان، توانایەکی زۆریان هەیە، بەڵام ئەوەی پێویست بو ئێمە وەکو وەزارەت بیکەین، ئەوە بو ئەو توانایانە ئاڕاستەی ئەو شوێنانە بکەین کە پێویستە، ئەوەش شتێک نەبوە کە ئێمە دروستمان کردبێت لە ناو مامۆستاکانی زانکۆ، بەڵام ئەوە تەنها ڕێگەیەک بوە نیشانداوە، کە ئێمە چۆن دەکرێ بەشداربین لە زیادکردن و بەرزکردنەوەی ئاستەکە و، چۆن وابکەین لەسەر نەخشەی جیهانی زانستیدا دەربکەوین. وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاشكراشیكرد، كه ئاستی گوگڵ سایتەیشن بۆ توێژەرانی کوردستان لە نێوان ساڵی (٢٠١٥تا ٢٠١٨) بە ڕێژەی (% 700) زیادی کردوە، وتیشی ئەم ژمارانە ئاماژەی دڵنیاکەرەوەن، کە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە توانایاندا هەیە لەبواری توێژینەوەی زانستیدا هەنگاوی گەورە بنێن.
ده‌بێ توێژه‌ران و مامۆستایان له‌سه‌رده‌می گڵۆباڵیزیشن ئاگاداری گۆڤاره فه‌یكه‌كان بن
بۆ كاری داهاتوی و ئاینده‌ی توێژینه‌وه له كوردستان وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له چه‌ند هه‌نگاو كارێكی گرنگ كرد و ڕایگه‌یاند: دەبێت هەنگاوەکانی ئایندەمان لە بواری توێژینەوە بە وریایی بنێین، هه‌روه‌ك دەبێت هەوڵ بدەین ئاست و کواڵیتی توێژینەوەکانمان لە ئاستی ستانداردە زانستییەکان بێت و، هەوڵ بدەین لەو گۆڤارانەدا بڵاویان بکەینەوە، کە خاوەنی ئاست و ناوبانگی بەرزن بە تایبەت ئەو گۆڤارانەی، کە لەلایەن (Web of Science and Scopus) ئیندێکس کراون و، خاوەنی فاکتەری کاریگەرین و، توێژینەوەکانیش بەرلە بڵاوکردنەوەیان پێداچونەوەی هاوەڵانە (Peer Review) یان بۆ ئەنجام دەدرێت. جه‌ختی له‌سه‌رئه‌وه‌ش كرده‌وه، كه دەبێت بە وریاییەوە خۆمان لە هەموو ئەو گۆڤارانە بە دور بگرین، کە سەنگی زانستیان نییە و، لە پیناو بەدەستهێنانی پارەدا توێژەران بە لاڕێدا دەبەن، هه‌ر له وتاره‌كه‌یدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: ئێمە لەسەردەمێک دەژین، کە سەردەمی گلۆباڵێزەیشنە، دونیا کراوەیە، زانکۆکان کراوەن، هاتوچۆکان کراوەن، ئەم لایەنە هەرچەند لایەنی باشی زۆر زۆرە و، دەتوانین سودی زانستی لێ بکەین، بەڵام کێشەی گەورەی خۆشی هەیە، یەکێک لەو کێشە گەورانەی، کە لە سەردەمی گلۆباڵیزەیشن هەیە و، هەندێک جار ئاڵنگاریه بۆ ئەو کۆمەڵگه‌یانەی دوچاری دەبن، لە دەستدانی بەهاکانە، ئاڵنگاری تازەیە بۆ که‌لتووری تازە و، یەکێکشه لەو شتانەی، کە ئێستا ئێمە له زانكۆكان ڕوبەڕوی دەبینەوە، ئەوەش دروستبونی هەندێک پەیوەندیه لەگەڵ هەندێک جۆرناڵ و دەزگای بەناو ئەکادیمی، بەڵام لە ڕاستیدا ساختەو فەیکە، ئەوەش دەبێتە کێشەیەکی گەورە بۆ مامۆستایان و ئەکادیمیان، ڕونیشیكرده‌وه ئەم کێشەیە بە تەنیا لە هەرێمی کوردستاندا نییە، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر بە وردی سەیری دونیا بکەین دەبینن لە هەمو ئەو کۆمەڵگه‌یانە ئەو کێشە باوە، کە هەوڵی کۆنتاکتکردن دەدەن لەگەڵ کۆمەڵگه‌ی ئەکادیمی، بۆ نمونە وڵاتی چین کە ئێستا ئاره‌زویه‌كی گەورەی هەیە بۆ کۆنتاکتکردن و، بەشداریکردنی لەگەڵ لایەنە ئەکادیمی و نا ئەکادیمیەکانی جیهانی، بۆیه دەبینین ئێستا یەکێک لەو کێشە گەورانەی کە ئه‌و وڵاته هەیەتی ئەوەیه، لە هەوڵی ئەوەدایە، کە چۆن گۆڤاری رەسەن و نارەسەنی نێودەوڵەتی لێک جیابکاتەوە و، بەم ئاڕاستەیەش چەندین هەنگاوی زانستی ناوە
.
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا لیستی گوڤاره باوه‌ڕپێكراوه‌كان ئاماده ده‌كات
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، د.یوسف گۆران باسی له هه‌نگاوه‌كانی وزاره‌ته‌كه‌ی كرد بۆ گۆڤاره ساخته‌كان و له‌وباره‌یه‌وه وتی: ئێستا پرسی گۆڤارە ساختەکان بابەتێکی هەستیارە و، لەهەموو وڵاتانی دونیا جێگه‌ی دیبەیت و هەڵوه‌ستە لەسەرکردنە، تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش لە ئێستادا ئەم پرسە بۆتە دیبەیتێکی (پەبڵیک) و، لە ناو چین و توێژە جیاکانی کۆمەڵانی خەڵكدا وەک پرسێکی مەترسیدار باسی لێوە دەکرێت، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته‌ش، د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: لە ئێستادا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە وردی کار دەکات بۆ ئامادەکردنی لیستی ئەو گۆڤارانەی، کە باوەڕپێکراون و توێژەرانی هەرێمی کوردستان دەتوانن توێژینەوەکانیان تیایدا بڵاو بکەنەوە، ئاشكراشیكرد لیستێکی دیکەش ئامادە دەکرێت بۆ ئەو گۆڤارانەی کە دەخرێنە لیستی ڕەشەوە، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕو له توێژه‌ران وتی: لە ئێستاوە تا کاتی ئامادەکردنی ئەو دوو لیستە، داوا لە زانکۆکان و لە توێژەران دەکەین، کە خۆیان لەو جۆرە گۆڤار و بڵاوکراوانە بەدوربگرن، کە پرسیار لە سەر ڕەسانایەتی و کواڵیتیان هەیە، چونکە بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لە نێو ئەو جۆرە گۆڤارە ساختانەدا دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بەها و پرانسیپ و ئیتیکی کاری ئەکادیمی و، هەموو ئەو کەسانەش ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە، کە مامەڵە لەگەڵ گۆڤاری ساختەدا دەکەن.
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا لێژنه‌یه‌كی وردبینی بۆ تویژینه‌وه‌كان پێكهێناوه
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵیتی توێژینه‌وه‌كان، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: ماوەی ساڵێکە وەزارەتەکەمان لێژنەیەکی پێکهێناوە بۆ وردبینی لەو توێژینەوانەی کە بۆ مەبەستی بەرزکردنەوەی پلەی زانستی پێشکەش کراون و، پرسیار لەسەر ڕەسەنایەتی ئەو گۆڤارانە هەیە، کە توێژینەوەکانیان تیادا بڵاو کراوەتەوە، لەبەر ڕۆشنایی ڕاسپاردەکانی ئەم لێژنەیە و، یاسا‌و ڕێنماییە کارپێکراوەکاندا وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دروست و ئۆبجێکتیڤ دەدات له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی توێژینه‌وانه‌یان له‌و شوێنانه بڵاوكردۆته‌وه.
له‌سه‌ر ئاستی جیهان بایه‌خدان به‌توێژینه‌وه زیادی كردوه
هەر سه‌باره‌ت به‌بایه‌خدانه‌كانی وه‌زاره‌ت به توێژینه‌وه‌ی زانستی، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕونكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌وباره‌یه‌وه دا و ڕایگه‌یاند: لە سەردەمی کابینەی هەشتەمدا توانیمان پڕۆژەی دامەزراندنی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی (National Research Council) بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، وتیشی ئەم ئەنجومەنە بەرپرسیار دەبێت لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان و، دەستەبەرکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ ئەو توێژینەوانەی کە دەچنە خزمەتی چارەسەرکردنی پرسەکانی هەرێمی کوردستانەوە، ڕاشیگه‌یاند: ئێمە لە هەنگاوی یەکەمدا (٢٥٠) ملیۆن دینارمان تەرخان کرد و، بە خشرا بە (حەوت پرۆپۆزەڵی زانستی)، هیواشی خواست خولی پێنجەمی پاڕلەمانی کوردستان کار بکات بۆ چەسپاندنی بودجەی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی لە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستاندا، وتیشی نابێت توێژینەوەی زانستی لە بودجەی گشتیدا فەرامۆش بکرێت، چونکە لەسەرتاسەری دونیا تا دێت گرنگی زیاتر بەتوێژینەوەی زانستیی دەدرێت و، بودجەی ساڵانەی توێژینەوە و پەرەپێدان تا دێت ڕوو لە زیادبونە، بۆ ئه‌وه‌ش ڕایگه‌یاند: لە سەر ئاستی جیهان بودجەی توێژینەوە و پەرەپێدان بەپێی ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەی (وێڵد بانک) لە ساڵی (١٩٩٦) دا (٥٢٢) بلیۆن دۆلار بوە و، لە ساڵی (٢٠١٨)دا گەیشتۆتە نزیکەی (2.19) تریلیۆن دۆلار ، ئەوەش مانای ئەوەیە، کە وەبەرهێنان لە توێژینەوە و پەرەپێدان لەسەر ئاستی دونیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕو لە زیادبونە، بۆیه ئێمه‌ش وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌كادیمی و زانكۆكان پێویسته جه‌خت له‌سه‌رئه‌وه بكه‌ینه‌وه، كه ده‌بێ بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ توێژینه‌وه هه‌بێ.
بۆ یه‌كه‌مین جار (22) توێژه‌ر خه‌ڵات ده‌كرێن
سه‌باره‌ت به‌ڕێكخستنی ئه‌و مه‌راسیمه‌ش، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە سوپاس و ڕێزلێنانی خۆمان پیشکەش بەو توێژەرانە دەکەین، کە بە هەوڵ و ماندوبون و، شەونخونیان کاریان کردوە بۆ ئەوەی داتا و ئەنجام و، بەرهەمی توێژینەوەکانیان لە گۆڤاری زانستی ئاست بەرزدا بڵاوبکەنەوە و، ببنە هۆی بەرزڕاگرتنی ناوی هەرێمی کوردستان و ناوی زانکۆکانیان، وتیشی بێگومان ئەمساڵ لە زانکۆکانی کوردستان (٤٦١) توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە زانستییە ئاست بەرزەکاندا بڵاوکراوەتەوە و، تێکڕای فاکتەری کاریگەری توێژینەوە بڵاوکراوەکانیش گەیشتوەتە (١٦١٩)، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: ئێمە ئەمڕۆ خەڵاتی ڕێزلێنان دەدەینە ئەو توێژەرانەی کە لە ئاستی زانکۆ حکومییەکانی کوردستان لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٧/٢٠١٨)دا توانیویانە توێژینەوەکانیان لە باشترین گۆڤارە زانستییە جیهانیاکاندا بڵاو بکەنەوە و، زۆرترین فاکتەری کاریگەریان کۆ بکەنەوە، ئاشكراشیكرد لە بواری زانستە سروشتی و تەتبیقیەکان (١٥) توێژەر و، لە بواری زنستە مرۆڤایەتییەکانیش (٧) توێژەر لە پلەی یەکەمدا بون، بۆ ئه‌وه‌ش وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: كاتێك كه ده‌ستمان به‌دانانی پێوه‌ره‌كان كرد، زۆر له مامۆستایان به‌تایبه‌ت له بواری زانسته مرۆڤایتیه‌كاندا پێیان وابوو، كه ئه‌سته‌مه زانسته مرۆڤایتیه‌كان بتوانن ئیپماكت فاكته‌ر بێنن، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ئه‌مساڵ توانرا حه‌وت توێژه‌ر له بواری زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كاندا توانیویانه ئیمپاكت فاكته‌ر بهێنن و، له گۆڤاره ئاسته‌به‌رزه‌كان توێژینه‌وه‌كانیان بڵاوی بكه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌یه كه له‌م ڕێگه‌شه‌یدا هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتوبین، بۆی دواباره پیرۆزبایان لێده‌كه‌م.
ده‌بێ توێژەران پرۆسەی توێژینەوە ببەستینەوە بە چارەسەرکردنی هەمو گرفتەکانی وڵاتەکەمان
له به‌شی كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی دوای پیرۆزبایكردن له توێژه‌رانی ساڵ، هیوای خواست توێژینه‌وه‌كان ببنه هۆكاری چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگه، بۆ ئه‌وه‌ش له‌سه‌ره‌تادا وتی: پیرۆزبایی و دەستخۆشیان لێدەکەین و، هیوای بەردەوامیان بۆ دەخوازین، هیوامان وایە بە هەموو لایەکمان کار بکەین بۆ ئەوەی ژێرخان و پێداویستییەکانی توێژینەوەی زانستی پتەوتر بکەین، بودجەی ساڵانەی توێژینەوەی زانستی لە یاسای بودجەی هەرێمدا بچەسپێنین و، ژینگە و (ئیکۆ سیستمی) توێژینەوەی زانستی باشتر ئامادەبکەین، هه‌روه‌ك داواشی لە سەرۆک زانکۆکان كرد، ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن و، لەسەر ئاستی زانکۆکانی خۆشیان خەڵات بکرێن و هانی زیاتر بدرێن، بۆ گرنگی توێژینه‌وه‌ش، د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: کارکردن بۆ گەشەپێدان و چالاککردنی جوڵانەوەی توێژینەوەی زانستیی و، پاراستنی ئاست و کواڵیتی توێژینەوەکان پرۆسەیەکی دورودرێژە و، نەفەسدرێژی و شەونخونی و کاری پێکەوەیی دەوێت، وتیشی هیوادارم هەمومان پیکەوە بتوانین بۆ ئەم ئامانجە پیرۆزە تێ‌بکۆشین، چونكه خەونی گەورەی ئێمە ئەوەیە کە توێژەران و پرۆسەی توێژینەوە ببەستینەوە بە چارەسەرکردنی هەمو گرفتەکانی وڵاتەکەمان، ئەنجامی توێژینەوە زانستییەکان ببنە بنەمای نەخشەڕێگه‌ی چاکسازی و گەشەکردنی هەمەلایەنەی هەرێمەکەمان.
خه‌ڵات و ڕێزلێنان به‌سه‌ر توێژه‌رانی ساڵدا دابه‌ش كرا
هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی خه‌ڵات و دیاری و ڕێزلێنانی وه‌زاره‌تی پێشكه‌ش به توێژه‌رانی ساڵ كرد، كه ژماره‌یان (22) توێژه‌ره له زانكۆكانی كوردستان، ئه‌وانیش بریتیبون له:
١ |
کارزان عبدالمحسین محمد |
٢ |
کاروان وەسمان قادر |
٣ |
شوجاع ا‌لدین بکر عەزیز |
٤ |
ابراهیم خورشید |
٥ |
محمد سوجادى |
٦ |
ڕەمەزان عوسمان |
٧ |
هەکار عبدالکریم سەعید |
٨ |
نیضال عبدالقادر محمد |
٩ |
هیوا عومەر ئەحمەد |
١٠ |
کارزان وەکیل |
١١ |
هاوکار سالار ئەحمەد |
١٢ |
سەروەر عەبدوڵلا |
١٣ |
ئومێد ڕەحمانى |
١٤ |
کیم فراسەر |
١٥ |
زانا ئیبراهیم |
١٦ |
ادەم مایەر |
١٧ |
جەى جۆزێڤ |
١٨ |
ئەحمەد بایز ئەحمەد |
١٩ |
حەسەن هادى عەبدوڵلا |
٢٠ |
هێشوو سلێمان رەحمان |
٢١ |
ئومێد عەبدولا |
٢٢ |
نزار رەئوف عەبدوڵا |
پانێڵێك سه‌باره‌ت به‌دۆخی توێژینه‌وه‌ی زانستی پێشكه‌شكرا
له‌به‌شێكی كۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌دا،كه له‌لایه‌ن عه‌باس ئه‌كه‌رم به‌ڕێوه‌ده‌برا پانێڵێك سه‌باره‌ت به‌دۆخی توێژینه‌وه‌ی زانستی و چۆنیه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه له گۆڤاره ئاسته‌به‌رزه‌كان و، چۆنیه‌تی خۆپاراستن له گۆڤاره ساخته‌كان له‌لایه‌ن هه‌ردو توێژه‌ری براوه (د.کارزان عبدالمحسین محمد ,د.محمد سوجادى ) پێشكه‌شكرا و، تیایدا به‌وردی تیشكیان خسته‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته.