وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى: زانکۆکان ئەرکیان گۆڕاوە

konfrans

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێک لە کۆنفرانسى زانستى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى ڕایگەیاند: ئەرکى زانکۆکان لەم قۆناغەدا جگە لە فێرکردن و توێژینەوە و بەرهەمهێنانى مەعریفە، لە گرێدانى زانکۆشە بەکێشەکانى کۆمەڵگە و بازارى کار و پیشەسازى و پڕۆژەکانى دەستپێشخەرى داهێنەرانە لە بوارەکانى سیاسى، ئابورى، تەکنەلۆژى و وەبەرهێنانى مەعریفى، بۆیە چیتر زانکۆکان تەنها قوتابى و خوێندکار ئامادە ناکەن بۆ گەڕان بەدواى هەلى کار، بەڵکو ئامادەیان دەکەن بۆ دەستپێشخەرى و داهێنان و خولقاندنى هەلى کار و بەشدارى لە گەشەپێدانى ئابورى پشتبەستو بەمەعریفەو تەکنەلۆژیا.

چوارەم کۆنفرانسى زانستى بەپێشکەشکردنى چەند وتارێک دەستیپێکرد

لەو کۆنفرانسەدا، کە ئەمڕۆ شەممە، ڕێکەوتى (٨/٤/٢٠١٧) بەئامادەبونى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ژمارەیەک لە سەرۆکى زانکۆ حکومى و تایبەتەکان و، ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایان و توێژەران لە وڵاتە جیاکان دەستى بەکارەکانى کرد، لە مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا چەند وتەیەک پێشکەشکران.

کۆنفرانسەکە گرنگى خۆى هەیە

لەسەرەتادا، د. مەریوان ئەحمەد سەرۆکى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى وتەیەکى پێشکەشکرد، لەو وتەکەیدا کورتەیەکى لەبارەى مێژوى دامەزراندنى زانکۆکەیان و قۆناخەکانى گەشەپێدانى زانکۆکە کرد، هەروەک ئاژمارەى بەگرنگى لایەنەکانى کۆنفرانسەکەیان کرد، هەر لە میانەى وتارەکەیدا سەرۆکى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى سوپاسى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد لە بەرامبەر هاوکاریکردن و پشتیوانیە بەردەوامەکان لە زانکۆکانى کوردستان.

پێویستە توێژینەوە زانستیەکان سنورە لۆکاڵیەکان ببەزێنن

پاشان د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە سەرەتایى وتارەکەیدا، د.یوسف گۆران وتى: دەستخۆشى لە سەرۆکایەتى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى  و، ڕێکخەرانى چوارەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى دەکەم، کە بەستنى کۆنفرانسیان کردۆتە نەریتى ساڵانەى زانکۆکەیان، کە مایەى پێزانینە، هەروەک خۆشحاڵى خۆشیى پیشاندا کە هەموان پێکەوە کۆبونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن دەرەبارەى کێشە یاسایى و سیاسى و کارگێڕى و داراییەکانى کوردستان و ئێراق و ناوچەکە، هیواشى خواست بەرهەمى توێژینەوەکان لە ئاستێک بێ کە سنورى لۆکاڵى ببەزێنێت و، کاریگەرى  لەسەر نەخشەى ئەکادیمیاى نێودەوڵەتى لەلایەک و، نزیککردنەوەى بیروبۆچونى گەلانى ناوچەکە لەلایەکى دیکە دروست بکات.

 ئەرکى زانکۆکان لە سەدەى بیست و یەک گۆڕاوە

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕو لە توێژەران و ئەکادیمیستەکان وتى: دەبێت ئەو ڕاستیەمان لە پێش چاو بێ کە لە سەدەى بیست و یەکدا ئەرکى زانکۆ و ناوەندە زانستیەکان گۆڕاوە، لە ژێر کاریگەرى بەجیهانیبون و، گەشەسەندنى تەکنەلۆژى و ئابوریدا زانکۆکان ئەرک و بەرپرسیارێتی دیکەیان بۆ دروست بوە.

زانکۆکان بەسێ قۆناخى جیا گەشەیان کردوە

د.یوسف گۆران هەر لە وتارەکەیدا باسى لە قۆناخە جیاکانى مێژوى مرۆڤایەتى و ڕۆڵى زانکۆکان کرد و، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆکانى دابەشى سەر سێ نەوە کرد، بۆ ئەوەش وتى: نەوەى یەکەمى زانکۆکان بریتیبون لە زانکۆکانى سەدەى ناوەڕاست، کە لە قوتابخانەکانى کەنیسەى کاسۆلیکى و پرۆتستانتەوە پەرەیان سەند و ڕۆڵیان بریتى بو لە فێرکردن و ڕەوبەڕوبونەوەى بیرە تاریکەکانى سەدەى ناوەڕاست و داکۆکیکردن لە ڕاستیەکان بەرامبەر وەهم و خورافاتى سەدەکانى ناوەڕاست، زمانى ئەم چەرخە لاتینى بوە، بەڵام نەوەى دوەمى زانکۆکان بریتبون لە زانکۆکانى دواى قۆناخى ڕۆشنگەرى و سەردەمى مۆدێرنە، لەو قۆناخەشدا جگە لە ڕۆڵى فێرکردن، زانکۆکان ئەرکیان بریتبو لە بەرهەمهێنانى مەعریفە و شرۆڤەکردنى میتۆدى دۆزینەوە و داهێنانە زانستیەکان، زمانى ئەو نەوەیەى زانکۆکان نیشتیمانى بو، بەڵام هەرچى نەوەى سێیەمى زانکۆکانە بریتین لە زانکۆکانى سەدەى بیست و یەک و قۆناخى گڵۆباڵایزیشن، لەو قۆناخەشدا ئەرکى زانکۆکان جگە لە ئەرکەکانى فێرکردن و توێژینەوە و بەرهەمهێنانى مەعریفە، دیارترینیان خەسڵەتەکانى نەوەى سێیەمى زانکۆکان بریتیە لە گرێدانى زانکۆ بەکێشەکانى کۆمەڵگە و بازارى کار و پیشەسازى و پڕۆژەکانى دەستپێشخەرى داهێنەرانە لە بوارەکانى سیاسى، ئابورى، تەکنەلۆژى و وەبەرهێنانى مەعریفى، بۆیە چیتر زانکۆکان تەنها قوتابى و خوێندکار ئامادە ناکەن بۆ گەڕان بەدواى هەلى کار، بەڵکو ئامادەیان دەکەن بۆ دەستپێشخەرى و داهێنان و خولقاندنى هەلى کار و بەشدارى لە گەشەپێدانى ئابورى پشتبەستو بەمەعریفەو تەکنەلۆژیا.

نەوەى سێیەمى زانکۆکان گڵۆباڵن

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشی ڕاگەیاند: نەوەى سێیەمى زانکۆکان گڵۆباڵن و گرێدراوى بازارى پێشبڕکێى نێودەوڵەتین، زمانى خوێندنیش لەم قۆناخەدا زمانى ئینگلیزییە و مەودا و تۆڕى بەرفراوانى نێودەوڵەتیان هەیە و، میتۆد و بەهاى نۆێیان ئاوێتەى ژیانى ئەکادیمى کردوە، توێژینەوەکان فرە دیسپلینن و پراکتیکن و پەیوەندییان بەئابورى و بازارى کار و سێکتەرەکانى گشتى و تایبەتەتەکانەوە هەیە.

کێشەکانى سروشتى گڵۆباڵیان وەرگرتوە

د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕاگەیاند: بەجیهانیبون کاریگەرى گەورەى کردۆتە سەر پڕۆسەى خوێندن و بەتایبەت خوێندنى باڵا، بۆ ئەوەش بونى بەهۆى تەکنەلۆژیاى نوێى پەیوەندیکردن کارى گەورەو تەحداى گەورە ڕوبەڕوى توێژەران بۆتەوە، زۆر لە کێشەکان سروشتى گڵۆباڵیان وەرگرتوە، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: پێویستە تیمى توێژەرانى نێودەوڵەتى کارى لەسەر بکەن، چونکە بەو شێوەیە و بەنێودەوڵەتیکردن و بەنێودەوڵەتیبون خەسەڵەتێکى دیارى پڕۆسەى خوێندنى باڵا-ى سەردەمیانە و سەرکەوتوە، وتیشى ئەو کۆنفرانسەتان یەکێکە لە دەرکەوتەکانى کە هیوادارم لە ساڵانى ئایندەدا ڕەهەندە نێودەوڵەتى فراوانتر لەخۆ بگرێت.

ئێستا بەئاسانى دەتوانرێ هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوە و توێژەران بکرێ

لە تەوەرێکى دیکەى وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە گرنگى توێژینەوەى زانستى کرد و وتى: ئەمڕۆ لە سایەى داتابەیسە دەوڵەمەندەکانى چاودێریکردنى توێژینەوە و توێژەران دەتوانین بەئاسانى پرۆفایلى توێژەرانمان و ئاستى توێژینەوەکانمان هەڵسەنگێنین، ئاشکراشیکرد دیاریترین ئەو دداتا بەیسە جیهانییەى کە لەو بوارەدا خزمەتمان دەکەن بریتین لە (سکۆپەس، تۆمسۆن ڕویتەرز و گوگڵ سکۆلار)، د.یوسف گۆران وتیشى ئەمڕۆ تەنها پرسیار لەسەر ژمارەى توێژینەوە زانستیەکانى توێژەران ناکرێت، بەڵکو پرسیارى گەورە لەسەر (Impact Factor)ى گۆڤارەکان و سایتەشن و (h-index)ە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا بەرنامەى تایبەتى بۆ بایەخدان بە توێژینەوەى زانستى هەیە

هەر لە وتارەکەیدا، د.یوسف گۆران تەوەرێکى دیکەى تەرخانکرد بۆ کارنامەى وەزارەتەکەى بۆ پیشخستن و بایەخدان بەتوێژینەوەى زانستى و لەوبارەیەوە وتى: ئێمە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گرنگى تەواو بەو بوارە دەدەین و، لە ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکاندا بابەتى توێژینەوەى زانستى لە پێوەرە هەر گرنگ و کاریگەرەکانە، ئاشکراشیکرد کارێکى دیکەى وەزارەتەکەیان هەوڵدانە بۆ دامەزراندنى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى، ئەو ئەنجومەنە بریتیە لە ئەنجومەنێکى زانستى ستراتیژى نیشتیمانى، کار دەکات بۆ داڕشتنى چوارچێوەى سیاسەت و ستراتیژى گشتى تویژینەوەى زانستى و، هاندان و گەشەپێدان و کاراکردنى چالاکى توێژینەوە لە بوارى پسپۆڕى جیادا، ئەوەش لەبەر ڕۆشنایى پێداویستیە زانستى و تەکنەلۆژى و ئابورى و سیاسى و کۆمەڵایەتیەکانى هەرێمى کوردستان، وتیشى لە ڕێگەى ئەم ئەنجومەنەوە هەوڵ دەدەین بەرهەمى توێژینەوە زانستیەکانمان لە کایە سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتیەکاندا کارایى زیاتریان هەبێت  تا چارەسەرەکردنى ئەو بابەتە هەستیارانە بکەینە پررسیارى زانستى و، بەتەواوەتى تێکەڵاوى ئەکادیمیا و توێژینەوەى زانستیان بکەین، زیاتر لەو بارەیەوە وتى: ئەنجومەنەکە کاردەکات بۆ ئاراستەکردن و پشتیوانیکردنى چالاکى توێژینەوەى زانستى لە ڕێگەى دەستەبەرکردنى گرانتى ساڵانە و بەخشینى بەپرۆپۆزاڵى ئەو توێژینەوانەى کە ئاستى زانستیان بەرزە و لە ئەولەویەتى بەرژەوەندى نیشتیمانى هەرێمى کوردستانن.

ئاراستەیەکى بەهێز لە نێو زانکۆکان بۆ دەستەبەرکردن و گەیشتن بەستاندەرە نێودەوڵەتیەکان هەیە

هەر لە وتارەکەیدا باسى لە ئاست و کاریگەرى توێژینەوە زانستیەکانى هەرێمى کوردستان کرد و لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: شاراوە نیە کە ئاست و ژمارەى توێژینەوە زانستیەکانمان لە زانکۆکاندا هێشتا مایەى دڵخۆشى گەورە نین، بەڵام مایەى خۆشحاڵیە کە هەندێ توێژینەوە و توێژەرى ئاست بەرز بەپێوەرە جیهانیەکان لە زانکۆکانمان دەرکەوتوە و، ئاراستەیەکى بەهێز لە نێو هەندێک لە زانکۆکان و توێژەران هەیە بۆ دەستەبەرکردن و گەیشتن بەستاندەرە نێودەوڵەتیەکان، هەرچەندە تا ئێستا ژمارەیان کەمە، بەڵام بەسەرەتایەکى گرنگى زانستى هەڵیدەسەنگێنین، ئێمە لە بوارى توێژینەوەى زانستیدا کارى زیاترمان دەوێ، خخەونى ئێمە بریتیە لە درەوشانەوەى توێژەر و توێژینەوە زانستیەکانى زانکۆکانمان لە نەخشەى ئەکادیمیاى جیهانى، ئەوەش کارێکە میللەتەکەمان شایانێتى و پێویستە هەموان کارى جیددى بۆ بەدیهێنانى بکەین.

حکومەتى ئێراق ئەو ماددە دەستوریانەى تایبەت بەکورد پێشێلیان دەکات

هەر لە وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانسى باسى گرنگى بەستنى کۆنفرانسەکەى کرد و لەو بارەیەوە وتى: ئەمڕۆ ئێمە لەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەدا گفتوگۆى یاسایى و سیاسى دەربارەى هەرێم و ئێراق و ناوچەکە دەکەین، کە ناوچەکەمان لە دۆخێکى سیاسى، ئەمنى ناجێگیر و ناڕون تێدەپەڕێت، د.یوسف گۆران وتى: لە کاتێکدا هەرێمەکەمان ماوەیەکە لە دۆخێکى ئابورى سیاسى قەیراناویدایە، بەداخەوە حکومەتى فیدراڵى ئێراق بەئەقڵى چارەسەرى دەستورییانەى کێشەکانى نێوانمان مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا ناکات، ئەو دەستورەى کە ساڵى (٢٠٠٥) بەشى هەرەزۆرى گەلانى ئێراق دەنگیان بۆ دا، بەشى هەرە زۆرى ئەو ماددانەى کە تایبەتن بەمافەکانى گەلى کوردستان هێشتا جێبەجێ نەکراوە و پێشێل دەکرێن، بەجۆرێک کە ئێستا هەرێمەکەمان نیگەرانە و دڵنیا نیە لە شێوازى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ناوەند، بۆیە ئێستا بەدواى میکانزمێکى گونجاوتر بۆ دەستەبەرکردنى مافى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان و، پێکەوەژیان دەگەڕێت.

توێژەران دەبێ ببنە نێردەى ئاشتى و ئاوەدانى و پێکەوەژیان

لە کۆتایى وتارەکەیدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هیواى خواست ڕاسپاردەى کۆنفرانسەکە بتوانێت ڕۆڵێک لە دۆیزنەوەى و پێشنیازکردنى ڕێگەى چارەى سیاسى، یاسایى، کارگێڕى بۆ کێشە کەڵەکەبوەکانى کوردستان و ئێراق و ناوچەکە بدۆزێتەوە، ئەکادیمیست و توێژەرەکان چ ناوخۆ و چ نێودەوڵەتیەکان بتوانن نێردەى ئاشتى و ئاوەدانى و پێکەوەژیان و داکۆکیکەرى مافە پێشێلکراوەکان بن لە وڵات و کۆمەڵگەکانى خۆیاندا.

خوێندنى باڵا ڕۆڵى گەورەى لە گەشەپێدانى کۆمەڵگە هەیە

لە بەشى کۆتایى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا، د. عەلى قەرەداخى وتارێکى خوێندنەوە و تیدا باسى کێشەو گرفتەکانى خوێندنى باڵا لە ناوچەکە کرد، هەروەک باسى لە گرنگى ڕۆڵى خوێندنى باڵا بۆ پێشکەوتنى کۆمەڵگە کرد و بۆ ئەوەش نمونەى بەچەندین وڵات هێنایەوە کە خوێندنى باڵا ڕۆڵى گەورەى گێڕاوە لە پێشکەوتن و گەشەپێدانیان.

بارودۆخى خوێندنى باڵا لە ڕۆژهەڵاتى ناوین

پاشان کارنامەى چوارەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى دەستپێکرد، لەو چوارچێوەیەدا و لە یەکەمین پانێڵدا کە تایبەت بو بە (بارودۆخى خوێندنى باڵا لە ڕۆژهەڵاتى ناوین) تێدا هەریەک لە د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى  و، د.مەریوان ئەحمەد سەرۆکى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى و، د.ئۆرهان حیکمەت سەرۆکى بۆردى (IUC) و، د.عەلى ڕەحیمى لە زانکۆى بانکۆک لە تایلەند) بابەتەکانیان سەبارەت بەدۆخى خوێندنى باڵا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست خستەڕو.

خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان لە ڕوى چەندایەتیەوە گەشەى زۆى کردوە

لەو چوارچێوەیەدا و، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان وتى: کاتێک قسە لەسەر خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان دەکەین، دەبێ قسە لەسەر کێشە و دەرفەتەکانمان بکەین، هەروەک دەبێ ئەوە بزانین کە چۆن خۆمان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێینن، د.یوسف گۆران وتى: خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان میراتى ئەو سستمى خوێندەیە کە لە ئێراق هەبوە و لەژێر سایەى وڵاتێکى دکتاتۆریدا داڕێژرابو، بۆیە لە ڕابردوا نەیتوانیوە هیچ بەرهەم بێنێ، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى دواى ڕاپەڕین لە ساڵى (١٩٩١) ئێمە خاوەنى یەک زانکۆ و (٢٩١) مامۆستا بوین، بەڵام بەهەوڵى دڵسۆزان و دەکردنى یاسایەکى تایبەت بەخوێندنى باڵا لە پاڕلەمانى کوردستان خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان لە ڕوى چەندایەتیەوە گەشەى کردوە، بۆیە ئێستا خاوەنى (١٤) زانکۆى حکومى و (١٥) زانکۆى تایبەتین لەگەڵ (١٠) پەیمانگەى تایبەت.

زانکۆکان ئێستا دەستکراوەترن

 لە بەشیکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى خوێندنى باڵا بەهۆى ئەوەى میراتگرى خوێندنى باڵا-ى ئێراق بو بەدەست چەندین کێشەوە دەیناڵاند، لەوانە کێشەى شێوەى بەڕێوەبردنى زانکۆکان کە سەنتراڵى بو، بەڵام کاتێک کە ئێمە دەستمان بەکارکرد هەوڵماندا ئەم شێوازى بەڕێوەبردنە بگۆڕین، بەوەش جۆرێک لە سەربەخۆیمان بۆ زانکۆکان  گەڕاندەوە، لەهەمان کاتدا لە ڕوى داراییەوە بەهەمان شێوە زانکۆکان سەربەخۆ نەبون، بۆیە نەیاندەتوانى پلان و کارنامەیان بۆ گەشەپێدانى زاکۆکانیان و پێشخستنى کۆمەڵگە هەبێ، هەربۆیە لە ڕوى داراییەوە هەوڵماندا ئەو دیدەش بگۆڕین، چونکە ئەگەر زانکۆکان سەربەخۆى دارایى هەبێ، ئەوا سەربەخۆى زانستیشیان دەبێ.

ژمارەو ستافى زانستى و خوێندکاران زیادى کردوە

 د.یوسف گۆران ئاماژەى بەژمارەى بەمامۆستایان و خوێندکاران لە زانکۆکان کرد و وتى: ستافى زانستى لە زانکۆکانمان گەیشتۆتە (٨٨٥٣) لەو ژمارەیەشدا (٢٦٠) پڕۆفیسۆر (١٠١٣) یاریدەدەرى پڕۆفیسۆر (٢٤١٢) مامۆستا (٥١٦٨) یاریدەدەرى مامۆستان، لەهەمان ژمارەى خوێندکاران گەیشتۆتە زیاتر لە (١٢٠) هەزار خوێندکار لە زانکۆ حکومیەکان، لەو ژمارەیەشدا (٥٢%) خوێندکارن کچن و (٤٨) کوڕن، هاوکات زیاتر لە (٤٠) خوێندکارى دیکەش لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دەخوێنن.

ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکان کاریگەرى زۆرى لەسەر پێشخستنى زانکۆکان هەبوە

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە کاریگەرى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان کرد و لەو بارەیەوە وتى: ئاستى بەرهەمى مەعریفی لە دواى ساڵى ٢٠٠٤ گۆڕانکارى باسى بەخۆیەوە بینوە، بەڵام لە دواى جێبەجێکردنى پڕۆژەى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان گۆڕانکارى زۆرى بەدیهێنا، چونکە ئامانجمان لە جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە کێبرکێى زانستى  بو تا بەهۆیەوە هەم زانکۆکان و هەم توێژەران خۆیان بەتوێژینەوە سەرقاڵ بکەین و، ئاشنایان بکەین بە ستاندارە و پێوەرە نێودەوڵەتیەکان، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: لە ماوەى دو ساڵى جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیەدا کاریگەرى زۆرى خستە سەر زانکۆکان، بەشێوەیەک دەرئەنجامەکان زۆر باشبون و ڕێژەکان (توێژینەوە، کۆنفرانس، سیمپۆزیوم، وۆرکشۆپ، سمینار) و چالاکیە زانستیەکان زیادیان کرد، وتیشى زیادبونى ئەم چالاکیانەش لە کاتێکدا بو کە قەیرانى داریی ڕوبەڕوى هەرێمى کوردستان و زانکۆکان بو بوەو..

ڕێفۆرم لە خوێندنى باڵا و ناوەندى وەرگرتن

لە کۆتایى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بەو چاکسازیانە کرد کە لە خوێندنى باڵا و ناوەندى وەرگرتن کردویانە، بۆ ئەوەش وتى لە پێداچونەوە بەخوێندنى باڵا گرنگى زۆرمان بە توێژینەوە و  زمانى ئینگلیزى و سمستەرەکانى خوێندن دا، وتیشى گۆڕانکاریمان لە خوێندنى یاسا کردوە و، لەهەوڵدانی بۆ گۆڕانکاری لە کۆلێژەکانى پزیشکى و ئەندازیارى، بۆ گۆڕانکارى لە ناوەندى وەرگرتنیش وتى: بەهەمان شێوە گۆڕانکاریمان لە ناوەندى وەرگرتن دەستپێکردوە، ساڵى پار وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆى لە (٢٤%) بەشەکان لە زانکۆکان جێبەجێکرد و، تێیدا خواستى خوێندکار لە وەرگرتن ڕەچاوکراوە و، ئەمساڵیش بڕیارمانداوە ئەو سستمە بۆ زیاتر لە (٥٠%) فراوانى بکەین، لەهەمان کاتدا هەوڵمانداوە جۆرێک لە شێوازى وەرگرتن بۆ کۆلێژەکانى( پزیشکى و ئەندازیارى زانست) دیارى بکەین.

زیاتر لە (١٠٠) توێژینەوە دەخرێتەڕو

واش بڕیارە لە ماوەى دو ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا، لەبەر ڕۆشنایى تەوەرەکانى (تەکنەلۆژیاى زانیارى، کارگێڕى و ئابورى و ژمێریارى و دارایى، یاسا و سیاسەت، زمانەکان) زیاتر لە (١٠٠) توێژینەوە لەلایەن توێژەرانەوە بخرێتەڕو و، لەلایەن ئامادەبوانەوە تاوتوێ بکرێ.