وەزیرى خوێندنى باڵا لە دهۆک: ڕێنماییە نوێیەکانى ماستەر و دکتۆرا، بەئاراستەی فراوانکردنی هەلی خوێندنن بۆ پێشکەشکاران

ئاهه‌نگی ده‌رچوانی زانكۆی دهۆك

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: باوەڕمان وایە وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی خوێندنی باڵا، فاکتەری سەرەکی بنیادنانی ئابوریەکی گەشەکردو و سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەقامگیرە، کاریشمان کردوە بۆ بەرزکردنەوەی کواڵێتی خوێندن و توێژینەوەی زانستی لە زانکۆکانمان و لەهەوڵیشداین بۆ ڕەخساندنى دەرفەتی خوێندنی زیاتر بۆ گەنجانەکانمان.

ئەو وتەیەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێکەوتى (٧/١١/٢٠١٩) لەمیانى پێشکەشکردنى وتارێکدا هات کە بە ناوى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕێوڕەسمى دەرچوانى خولى بیست و چوارەمى زانکۆى دهۆک پێشکەشى کردو تیایدا (٤٠٠٧) رۆڵەى وڵاتەکەمان بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان لە (٦٨) بەشى زانستى جیاجیا وەرگرت.

لەسەرەتاى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەناوى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە دەرچوان و خانەوادەکانیان و شاری دهۆک کردو، دەستخۆشی لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆى دهۆک و مامۆستایانیش کرد کە لە پرۆسەی پێگەیاندنی ئەم گەنجانە ماندوبون. بۆ ئەمەش وتى شاری دهۆک جێگەی شانازیمانەو خەڵکی ئەم ناوچەیەش هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خەبات و قوربانیداندا بون لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی، گەلەکەمان.

سەبارەت بە گەشەکردن و فراوانبونى زانکۆى دهۆک، د. ئارام محمد قادر وتى: زانکۆی دهۆک لە دوای دامەزراندنیەوە بەردەوام لە گەشەکردن و فراوانبووندا بوە، لە هەمانکاتدا لە ڕوی ژێرخان و کوالێتی خوێندن و بنیادنانی کامپەس و توانای مرۆیی و توێژینەوەی زانستی  هەمیشە لە برەودا بوە، یەکێکیش لە خەسڵەتە دیارەکانی زانکۆى دهۆک کارایی ئۆفیس و فراوانی ڕەهەندی نێودەوڵەتی و بونی چەندین پرۆژەو پرۆگرامی هاوبەشە لەگەڵ زانکۆو دامەزراوەکانی دونیا.

سەبارەت بە روئیاو پلانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ گەشەپێدانى کەرتى خوێندنى باڵا،  وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان خاوەنی روئیاو پلانی ڕونە بۆ هێڵە گشتییەکانی گەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا، بۆ ئەمەش پلانی حکومەت بە رونی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا ئاماژەی پێکراوەو وردەکاری پلانی چوار ساڵی خوێندنی باڵاش گەڵاڵە کراوە، وتیشى: باوەڕمان وایە کە وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی خوێندنی باڵا فاکتەری سەرەکی بنیادنانی ئابوریەکی گەشەکردو و کۆمەڵگەیەکی ئارام و سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەقامگیرە، هەر بۆ ئەمەشە کار بۆ بەرزکردنەوەی کواڵێتی خوێندن و فێرکردن و توێژینەوەی زانستی لە زانکۆکانمان دەکەین، هەوڵیش دەدەین دەرفەتی خوێندنی زیاتر بۆ گەنجانى وڵاتەکەمان بڕەخسێنین، بۆ ئەمەش ئەمساڵ توانیمان زیاتر لە (٩٧%)ى دەرچوانى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان جێگە بکەینەوە، و کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران و خوێندنی تایبەتیشمان دابەزاند، ئەم هەنگاوەمان بۆ فراوانکردنی هەلی خوێندن و چەسپاندنی بنەکامانی هەلی یەکسان و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە.

لە کۆتایى وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر بە دەرچوانى ڕاگەیاند: ڕێنماییە نوێیەکانى خوێندنى باڵاى ماستەرو دکتۆرا بە ئاراستەی فروانکردنی هەلی خوێندن و ئاسانکاری لە پرۆسەی پێشکەشکردن داڕێژراون، بە پێی ڕێنماییە نوێیەکان ئێوەی دەرچوانی ئەمساڵی زانکۆکانی کوردستان ئەوانەی هیشتا دانەمەزراون دەتوانن داواکاری بۆ خوێندنی ماستەر پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی بتوانن کاتەکانیان بەکار بهێنن بۆ گەشەپێدانی لایەنی ئەکادیمی تواناکانتان.

هەر لە ڕێوڕەسمى دەرچوانى زانکۆى دهۆک، د. موسڵیح دهۆکى سەرۆکى زانکۆى دهۆک لە وتەیەکدا ئاماژەى بە پێکهاتەى زانکۆى دهۆک و هەوڵەکانى زانکۆ بۆ پێشخستنى ئاستى زانستى و پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى لەڕێگەى پێشکەشکردنى نوێترین پرۆگرامى خوێندن بۆ ئامادەبوان خستەڕو.

بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی وتاری د.ئارام محمد وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كلیك (لێــــــــره‌) بكه‌.