د.یوسف گۆران: جێبەجێکردنى سیستمى (بۆلۆنیا پرۆسس) چارەسەرى زۆربەى کێشەکانى زانکۆکان دەکات

bolonya

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: سیستمى (بۆلۆنیا پرۆسس) بەیەکێک لە باشترین سیستمەکانى خوێندن لەسەر ئاستى دونیا دادەنرێت و، لە زۆربەى وڵاتە پێشکەوتوەکان جیهان جێبەجێ دەکرێ، بۆیە هاوشێوەى زانکۆکانى (چەرموو و زاخۆ) هانى زانکۆکانى دیکەش دەدەین ئەو سیستمە جێبەجێ بکەین.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ دوشەممە، رێکەوتى (٢٦/٢/٢٠١٨) لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەیەکى هات، کە تایبەت بوو بەچۆنیەتى بەڕێوەچونى سیستمى (بۆلۆنیا پرۆسس) لە زانکۆى چەرموو و، سودوەرگرتنى لە زانکۆى ڕاپەڕین.

لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.سەڵاح ڕەزا سەرۆکى زانکۆى چەرموو و، د.لەزگین عەبدى سەرۆکى زانکۆى زاخۆ بەڕێوەچوو، باس لە چۆنیەتى جێبەجێکردنى پڕۆسەى (سیستمى بۆلۆنیا) لە زانکۆى چەرموو کرا، هەروەک زانکۆى ڕاپەڕین-یش ئەخوازێ هەمان سیستم  بەڕێوەچو، هەڵسەنگاندن بۆ کار و چالاکیەکانى سێنتەرەکانى بەکارخستن و ، ئاستەنگ و بەربەستەکان کرا.

لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، سمینارێک لەبارەى چۆنیەتى جێبەجێکردنى سیستمى (بۆلۆنیا پرۆسس) لە زانکۆى چەرموو کرا، بۆ ئەوەش وردەکارییەکانى جێبەجێکردنى پرۆسەکە لە ڕێکخستن کۆرسەکان، پڕۆگرام، سەعاتەکان کارکردن، تاقیکردنەوە، ڕێکخستنى خوێندکار و چەندین وردەکارى دیکە باس کرا، کە لە قۆناخى یەکەمدا بەشێوەیەکى سەرکەوتوو توانیوانە سیستمەکە جێبەجێ بکەن.

دوا بەدواى پێشکەشکردنى سمینارەکە، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا، بەگرنگیەوە باسى سیستمى بۆلۆنیا پرۆسیس کرد و وتى: بە بڕیارى ئەنجومەنى وەزارەت هەریەک لە زانکۆکانى (چەرموو و زاخۆ) تایبەتمەندى کارکردنیان وەرگرتوە، بۆیە خۆشحاڵین هەنگاوى باشیان ناوە و، چاوەڕێین بە سود وەرگرتن لەو بڕیارەى وەزارەت ڕیفۆرمى خۆیان بکەنەوە و هەنگاوى زیاتر بنێن.

هەر لە وتەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: لەگەڵ دەستبەکاربونمان هەوڵماندا سود لە سیستمە پێشکەتوەکانى جیهان وەربگرین و، لە زانکۆکانى کوردستان جێبەجێیان بکەین، هەربۆیە هەر لەسەرەتاوە کارمانکرد بۆ ئەوەى سیستمى بۆلۆنیا پرۆسیس لە هەندێ زانکۆ جێبەجێى بکەین، بەخۆشحاڵیەوە ئێستا لە زانکۆى چەرموو چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەسکەوتى باشیش بەدەستهاتوە، لەهەمان کاتدا لە زانکۆى زاخۆش ئێستا سیستمى بۆلۆنیا پرۆسیس بۆتە نەخشەڕێگەى کارکردنیان، وتیشى وەک وەزارەت پێمان خۆشە ئەزمونى زانکۆى چەرموو و زانکۆى زاخۆ وەک ئەزمونێک فراوانى بکەین و، لە زانکۆکانى دیکەش جێبەجێیان بکەین.

د.یوسف گۆران، ئەوەشى ڕاگەیاند: بەپێوەرەکانى سیستمى بۆلۆنیا پرۆسیس ئەتوانین زۆڕیک لە کێشەکانى زانکۆکانى کوردستان چارەسەر بکەین و، باشتر تێکەڵى ناوەندە ئەکادیمیەکانى جیهان ببن و خوێندکارانیش بەئازادى لە نێوان زانکۆکان بخوێنن، ئەوەشى ڕاگەیاند: هاوشێوەى ئەو دوو زانکۆیە هانى زانکۆکانى دیکەش دەدەین و، وەک زانکۆکانى چەرموو و زاخۆ هاوکاریان دەبن، خۆشحاڵى خۆشى پیشاندا کە زانکۆى ڕاپەڕین-یش بەرەو جێبەجیکردنى سیستمى بۆلۆنیا پرۆسیس هەنگاو دەنێ.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا، ئامادەبوان بەخستنەڕوى بۆچون و ڕا و پێشنیازەکانیان کۆبونەوەکەیان زیاتر دەوڵەمەند کرد.