وەزیرى خوێندنى باڵا: لەبەرامبەر قوربانیدانى خەڵکى دهۆک، کار بۆ گەشەپێدانى زانکۆى دهۆک دەکەین

وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی دهۆك

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: شارى دهۆک لە مێژوى گەلەکەمان خاوەن قوربانی و بەرخودانە، لەبەرامبەر ئەم خەباتە زۆرە لێپرسراویەتیمان دەکەوێتە ئەستۆ کاربکەین بۆ گەشەپێدانى زانکۆى دهۆک وەک دامەزراوەیەکى ئەکادیمى و ستراتیژى بۆ نەوەکانى داهاتومان.

ئەم وتانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتى (٢٦/٨/٢٠١٩) لەمیانى بەشداریکردنى هات، لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى دهۆک، کە تیایدا هەریەک لە سەرۆکى زانکۆ و، ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و، ڕاگرى کۆلێژەکان ئامادەبوون.

 

لە زانکۆى دهۆک (٢٢) هەزار خوێندکار لە (١٨) کۆلێژ و بەش دەخوێنن

لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، د. موسلیح دهۆکى سەرۆکى زانکۆى دهۆک لە وتەیەکدا بەناوى ئەنجومەنى زانکۆى دهۆک و مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندکاران و قوتابیانى زانکۆى دهۆک، بەخێرهاتنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەتى کرد، لە وتەیەکیشدا، باسێکى لەبارەى زانکۆى دهۆک و مێژووى دامەزراندنى زانکۆ و ژمارەى کۆلێژ و بەشەکان پێشکەشکرد، بۆ ئەوەش وتى: زانکۆى دهۆک لە (١٨) کۆلێژ پێکهاتوە، كه‌ (١٤٢٠) مامۆستا و (٢٢) هەزار خوێندکار و قوتابى هەیە، هەر لە وتەکەیدا سەرۆکى زانکۆ ئاماژەى بەپڕۆژەکانى زانکۆى دهۆک کرد بەتایبەت پڕۆژە نێودەوڵەتییەکانى وەک ئیراسمۆس و، دوو بڕوانامەیى لەنێوان زانکۆى دهۆک و زانکۆکانى دەرەوە.

 

وەزیرى خوێندنى باڵا: لێپرسراویەتى لەئەستۆماندایە کار بۆ پێخستنى زانکۆکان بکەین

د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە کۆبونەوەى لەگەڵ ئەنجومەنى زانکۆى دهۆک و، ڕۆڵى سەرۆکى زانکۆى ئێستا و پێشووى بۆ پێشخستنى زانکۆکە بەرزنرخاندو وتى: لەسەرەتاى دامەزراندنى زانکۆ لە ساڵى (١٩٩٢)وە تا ئێستا زۆرن ئەو کەس و لایەنانەى کە ڕۆڵیان لە گەشەپێدان و خستنە سەرپێى ئەم زانکۆیە هه‌بوه‌، بەتایبەت ئەوانەى خانەنشین بون و، ئەوانەشى کۆچى دواییان کردوە، بۆیه‌ لێرەوە ڕێزیان بۆ دەنێرین، د. ئارام محمد ڕاشیگەیاند: شارى دهۆک لە مێژوى گەلەکەمان ڕۆڵ و کاریگەرى زۆرى هەبوە و، خاوەنى قوربانی و شۆڕش و بەرخودانە، بۆیە یەکێک لە پاداشتەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ئەم دەڤەرە دامەزراندنى زانکۆى دهۆک بوو، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەى بە پەرۆشى خەڵکى شۆڕشگێڕ و قارەمانى دهۆک لەڕابردو کرد، کە ڕۆڵى گرنگیان لە گەشەپێدانى شار و زانکۆکەیان بینوه‌ تا گەیشتن بەم ئاستەى ئێستا، د. ئارام محمد جه‌حتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌، كه‌ لەبەرامبەر ئەم خەباتە زۆرە، لێپرسراویەتیمان دەکەوێتە ئەستۆ کاربکەین بۆ پێشخستن و، گەشەپێدانى ئەم زانکۆیە وەک دامەزراوەیەکى ئەکادیمى و گرنگى ستراتیژى لە دەڤەرەکە بۆ نەوەکانى داهاتومان.

 

بۆ پێشخستن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى، هاوکارى زانکۆکان دەبین

لەبارەى پێخستنى سێکتەرى خوێندنى باڵا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى دهۆکى ڕاگەیاند: دەبێت هەموان بەیەکەوە درێژە پێدەر و هاوکار و هەماهەنگ بین بۆ پێشخستنى سێکتەرى خوێندنى باڵا له‌ کوردستان، چونکە ئێوەى ئەکادیمى لیدەرى سەرەکى نێو پرۆسەکەن و، دەتوانن ڕۆڵ و کاریگەرى زۆرتان بەسەر بوژانەوە و گەشەپێدانى سێکتەرەکە هەبێت، ئێمەش وەک وەزارەت لە هەموو ڕوێکەوە هاوکار و یارمەتیدەرى سەرەکیتان دەبین و، درێغى ناکەین لە هەر پڕۆژە و بەرنامەیەک، کە ئامانج لێى پێشخستن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى زانکۆکانمان بێت.

 

بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکانى کوردستان له‌پێشینه‌ی كاره‌كانمانه‌

بۆ بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکانى کوردستان و، بەهێزکردنى پێگەى زانستیان، د. ئارام محمد ڕایگەیاند: بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکان و پێشخستنی ئاستەکانیان لەڕوى زانستى و ئەکادیمیەوە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانمان لەسەرجەم زانکۆکانى کوردستان، بۆیە دەمانەوێت بەهەمان ئاست زانکۆى دهۆکیش بەشێک بێت لەو پڕۆژە گرنگە و، پێگەى نێودەوڵەتى زانکۆ بەهێز بکەین، بۆ ئەمەش دەستخۆشى لە ستافى زانکۆ دەکەم بۆ هەوڵەکانیان بەم ئاراستەیە، بەو پێیەى توانا و شارەزاى زۆر لە زانکۆکەدا هەیە، وەزارەتیش بۆ جێبەجێکردنى ئەم پڕۆژانە هاوکارى سەرەکى دەبێت و، دەرگامان بەڕویاندا کراوەیە بەمەبەستى پێشکەشکردنى هەر بۆچون و پڕۆژەیەک بە ئاراستەى خزمەتکردنى کەرتى خوێندنى باڵا له‌ کوردستان.

 

سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران هاوکارى سێکتەرى خوێندنى باڵایە

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە پشتیوانییەکانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و، خودى بەڕێز سەرۆک وەزیران کرد بۆ تێگەشیتنى تەواو و گرنگى بۆ سێکتەرى خوێندنى باڵا له‌ کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا وتى:  ئەم تێگەیشتنە بۆ گەشەپێدان و پێشخستنى کارەکانمان هاوکار و پشتیوانى باشمان دەبێت و، ئێمەش لەڕێگەى ڕاوێژ بە مامۆستا و شارەزا و ئەکادیمیست و  کۆمیونیتى ئەکادیمى کوردستان دەتوانین ڕیفۆڕمى ڕاستەقینە لە خوێندنى باڵا له‌ کوردستان ئەنجام بدەین و، ئەو پڕۆژە و کارانەى لە پلانى وەزارەتەکەماندایە جێبەجێیان بکەین و، کرانەوە و گەشەپپێدانى زیاتر لە سێکتەرەکە ئەنجامبدەین.

 

لە چوار ساڵى ئایندە کار بۆ پەرەپێدانى کواڵێتی و گەشەپێدانى زانکۆکان دەکەین

لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا داواى لە ئەنجومەنى زانکۆى دهۆک کرد هاوکاربن بۆ ئەوەى لە چوار ساڵى کارکردن پلانى ستراتیژى لە سێکتەرى خوێندنى باڵا ئەنجامبدەین، بۆ ئەوەى بە لەبەر چاوگرتنى بارودۆخى هەرێمى کوردستان و، تواناى مادى و مرۆیییەکان پەرەپێدانى کواڵیتى و، بەزرکردنەوەى ئاستى زانستى بخەینە نێو کارکانمانەوە و، ئەو پڕۆژانەى لەو لایەنەوە ئەنجامدراون پەرەى زیاتریان پێبدەین. د. ئارام محمد ڕاشیگەیاند: دەمانەوێت پلانى کارکردنى زانکۆکەتان بکەین بە پلانى وەزارەتەکەمان و، لە خزمەتى گەشەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان ڕەنگبداتەوە و، زانکۆکانمان بەرەو گەشانەوەى زیاتر ببەین.

 

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا هەریەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و، سەرجەم ڕاگرەکانى زانکۆى دهۆک، پێشنیاز و بۆچونى خۆیان لەبارەى کاروبارەکانى پەیوەست بە زانکۆ و پلانى کاکردنیان خستەڕوو.