د.یوسف گۆران: چاودێرى دارایى ئەرکێکى هەستیارى و گەورەییان لە ئەستۆدایە

IMG_4208.jpg

 وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەگەڵ هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ زیادکردنى داهات و کەمکردنەوەى خەرجیەکان ئەرکى چاودێرى دارایى چڕتر دەبێت.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى کۆبونەوەیەکى لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى چاودێرى دارایى هات، کە ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتى (١٥/٢/٢٠١٦) لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو.

لەو کۆبونەوەیەدا د.یوسف گۆران بەگرنگیەوە باسى ئەرکى چاودێرى دارایى کرد و وتى: حکومەتى هەرێمى کوردستان لە هەوڵەکانى بەردەوامە بۆ زیادکردنى داهات و کەمکردنەوەى خەرجیەکان، یەکیک لەو سێکتەرانەى کە لەو بارە کارى لەسەر کراوە خوێندنى باڵا و زانکۆکانە، ئەوەش وا دەکات کە ئەرکى چاودێرى دارایى لە جاران زیاتر بێت، وتیشى بەشێکى زۆرى متمانەى خەڵک بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە بۆ کارابونى چاودێرى دارایى، بۆیە هەر کاتێک هاوڵاتیان درکیان بەوە کرد کە بەدواداچون بۆ ڕاپۆرەکانى چاودێرى دارایى دەکرێت و لێپێچنەوە لەسەرپێچیکەران دەکرێت متمانەکرد بە دامەزراوەکانى حکومەت زیاتر دەبێت، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پاڵپشتى خۆى بۆ کارەکانى بەڕێوەبەرایەتى چاودێرى دارایى دیوانى وەزارەت دوپات کردەوە.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا چنار مەهدى بەڕێوەبەرى چاودێرى دارایى کورتەیەکى لەبارەى کاروچالاکى بەڕێوەبەرایەتیەکەیانى پێشکەش بەوەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، هەروەک لەلایەن فەرمانبەرانى بەڕێوەبەرایەتیەکەوە چەند پێشنیازێک خرانەڕوو بۆ زیاتر چالاکردنى بەڕێوەبەرایەتیەکەیان و چاودیریکردنى داهات و خەرجیەکان.