سێنتەرى توێژینەوە و فێرکردن بۆ تەندروستى ژنان کرایەوە

senteri zhnan

بەئامادەبونى د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەنوێنەرایەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و نوێژینەوەى زانستى و، بەئامادەبونى نوێنەرى وەزارەتى تەندرووستى و، سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکان و، نوێنەرى بەشێک لە ڕێکخراوە پزیشکیەکانى سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان و، ئەندامانى پاڕلەمانى کوردستان و، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٢٣/ ٥/ ٢٠١٧) لە هۆڵى هوتێل دیدمان لە شارى هەوڵێر مەراسیمى کردنەوە و ناساندنى  سێنتەرى توێژینەوە و فێرکردن بۆ تەندروستى ژنانبەڕێوەچو.

مەراسیمەکە بەساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانى پاکى شەهیدان دەستیپێکرد دواتر چەند وتارێک پێشکەشکران، لەوبارەیەوە د.دارا میران سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى لە وتەیەکدا دواى بەخێرهێنانى میوانان ئاماژەى بەوەکرد، کە بیرۆکەى دامەزراندنى ئەم سێنتەرە لە ئەنجامى گفتوگۆ و ڕاتەکانى مێشک لەگەڵ پەیمانگەى جیهانى بۆ مافەکانى تەندروستى و مرۆڤ لە زانکۆى نیویۆرک لە ئالبانى (بەپاڵپشتى گرانتى بچوک لەلایەن ڕێکخراوى ئایرێکس )هاتۆتەکایەوە، کە یارمەتیدەربون لە ڕێنمایی و پاڵپشتى دامەزراندن و، دانانى پێکهاتە و ئامانجەکانى سێنتەرەکە.

هەر بەو بۆنەیەوە د. کریم ساڵح عبدوڵ ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خوێندەوە، لە وتارەکەیدا دواى پیرۆزبایى و دەستخۆشى لە سەرۆکایەتى زانکۆى هەولێرى پزیشکى و ستافى ئەو زانکۆکە، وتى: لەم بارودۆخەدا هەنگاو بۆ دامەزراندن و کردنەوەى ئەم جۆرە سێنتەرە دەنێن, وتیشى دابینکردنى هەرخزمەتگوزاریەک بەتایبەتى خزمەتگوزارى تەندروستى لە هەر وڵاتێک یان هەرێمێک پێوەرێکى گرنگە بۆ خزمەتى هاوڵاتى و مرۆڤ، د.کەریم ساڵح عەبدول ئەوەشى ڕونکردەوە کە لە دواى راپەڕین تەنها یەک کۆلێژى پزیشکى گشتى لە هەولێر هەبو, بەڵام لەئێستادا (٣) کۆلێژى پزیشکى و، (٤) کۆلێژى پزیشکى ددان و، (٣) کۆلێژى دەرمانسازى و، (٤) کۆلێژى پەرستارى لە زانکۆکانى کوردستان بونیان، ئەوە جگە لە چەندین بەشى پزیشکى و تەندروستى دیکە لە زانکۆ و پەیمانگە تەکنیکیەکانى هەرێمى کوردستان، هاوشانى ئەوانیش بۆردى کوردستانى دامەزراوە و، بڕوانامەى بۆردى پزیشکى کوردستانى لە چەندین پسپۆڕى جیا و هاوچەرخ بەخوازیارانى خوێندنى باڵا دەبەخشێت.

لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا، نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى : هیچ بوارێکى ژیان و، هیچ کەرتێک نیە پێویستى بەخوێندنى باڵا نەبێت, بۆیە کەرتى تەندروستیش پێویستى بەپسپۆڕان و شارەزایان و، زانایانى لێهاتوى زانکۆکان و خوێندنى باڵا هەیە. د.کەریم ساڵح ئەوەشى خستەڕو، کە گرنگیدانى زیاتر بە توێژینەوەى زانستى لەهەرێمى کوردستان لە (١١/٥/٢٠١٧)بە پێکهێنانى (بۆردى نیشتمانى بۆ توێژینەوەى زانستى ) بڕیارى بۆ دەرچو، ڕونیشیکردەوە، کە ئەو بۆردە ئەرکێکى گەورەى دەکەوێتە ئەستۆ لە داڕشتن و دەستنیشانکردنى ئەو پرسانەى کە لەسەر ئاستى نیشتمانى و، پێویستیان بە توێژینەوەى زانستییە لە بوارە جیاکانى زانستى و پزیشکى و مرۆیی و کۆمەڵایەتى هەیە, وتیشى دامەزراندن و کردنەوەى ئەم جۆرە سێنتەرە وەک سێنتەرێکى پسپۆڕ مایەى خۆشحالی و دەستخۆشیە کە کاریگەرى لە بوارەکانى توێژینەوەى زانستى دەبێت, وتیشى پێویستە هەماهەنگى لە نێوان پسپۆڕانى پزیشکى و کۆمەڵایەتى و دەرونزانى و لایەنە پەیوەندارەکان دروست بکات، کە هەمویان کاریگەریان لەسەر ژیا ن و تەندروستى ژنان و کۆمەڵگاکەماندا هەیە.

هەر لە مەراسیمى کردنەوەى سێنتەرەکەدا، د . سەعدون ڕۆستەم بەنوێنەرایەتى وەزاراتى تەندروستى وتەیەکى پێشکەشکرد و تیایدا ئاماژەى بەوەکرد کە لە دۆخێکى خراپى ئابورى و ئەمنى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان و ناوچەکەدا، کردنەوەى ئەم جۆرە سێنتەرە و ئەرکى بەڕێوەبردنى و کارکردن تیایدا هیچى لە ئەرکى پیرۆزى برا پێشمەرگەکانمان کە لە بەرەى ڕوبەڕوبونەوەى دڕندەترین ڕێکخراوى تیرۆستى داعش کەمتر نیە, هەروەک هەمو جۆرە هاوکارى و پاڵپشتیەکى وەزارەتى تەندروستى بۆ سێنتەرەکە خستەڕو .

لە کۆتایى مەراسیمى کردنەوەى سێنتەرەکەدا، د. حمدیە میرخان بەڕێوەبەرى (سێنتەرى توێژینەوە و فێرکردن بۆ تەندروستى ژنان) لەمیانى وتەکەیدا بەوردى مەبەست و ئامانجى سێنتەرەکەى بۆ ئامادەبوان خستەڕو  وتى : دیدگاى ئێمە بۆ سێنتەرەکە، دیدگایەکى ئاکادیمى پێشەنگە، بۆیە ئەم سێنتەرەکە تایبەت دەبێ بە بەکارهێنانى ستانداردەکانى بەرزى توێژینەوەو کارى فێرکردن لە بوارى تەندروستى ژنان لە ناو زانکۆ و کۆمەڵگەدا, وتیشى پەیامى ئێمە بەرزکردنى تەندروستى ژنانە لە ڕێگەى پێشخستنى توێژینەوەى نایاب لەسەر ژنان و، بابەتەکانى نێرینە و مێینە، هەروەک پەیوەستە بە تەندروستى بەپاڵپشتیکردنى تۆڕێک لە ئەندامانى دەستەى وانەبێژ لە پیشەى جیاوازەکان، کە لە ئارەزومەندان  بۆ ئەنجامدانى توێژینەوە و فێرکردن.