د.یوسف گۆران: پڕۆژەى نەتەوەییمان پێویستى بەبونیادنانى زمانێکى یەکگرتوو و ئابورییەکى یەکگرتوو هەیە

IMG_0069.JPG

 د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: حاجى قادر دەنگى ڕۆشەنگەرو کەسێکە کە دەستبەردارى پرسە تاکەکەسیەکان بووە، ئەو خەمى گەلێکى دواکەوتوو پارچەرچە و ناکۆک و داگیراکراو و دابڕاوى لەخۆى گرتوە،کە تا ئێستاش ئەو خەمە هەر ماوە.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێکیدا هات کە لە کۆنفرانسى نێودەوڵەتى یادى دووسەد ساڵەى لە دایکبونى حاجى قادرى  کۆیى پێشکەشى کرد.

لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا، کە ئەمڕۆ یەک شەممە, ڕێکەوتى (٢٢/٥/٢٠١٦) بەئامادەبونى محمود حاجى ساڵح وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و خالد دۆسکى وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوان و ژمارەیەک لە پاڕلەمانتاران و  لێپرسراوانى حکومى و مامۆستایانى زانکۆ و توێژەران و، ژمارەیەک لە کەسایەتى و نوسەرو ئەدیب لەلایەن سەرۆکایەتى زانکۆى کۆیە لە هۆڵى کۆبونەوەکانى سەرۆکایەتى زانکۆ دەستى پێکرد, لە ڕێوەڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا چەند وتەیەک پێشکەش کرا.

لە سەرەتادا پ.ى.د.وەلى محمود سەرۆکى زانکۆى کۆیە لە وتەیەکدا بەناوى سەرۆکایەتى زانکۆ و لێژنەى باڵاى ئامادەکارى کۆنفرانس بەخێرهێنانى میوانان کرد، دواتر کورتەیەکى لەبارەى ژیانى حاجى قادرى کۆیى باس کرد و وتى: حاجى قادر توانیوییەتى بەزمانێکى وا شیعرەکانى بنوسێ کە ڕەچەشکێن بێت و لاسایى پێش خۆى نەکاتەوە، هەروەک بەشەکانى مێژو زمانى کوردى زانکۆکەکەى ڕاسپارد  ئەو ڕێکەوتەى لە دایکبون کە بۆ حاجى قادرى کۆیى دانراوە بۆ ساڵى داهاتوو بەتەواوەتى یەکلایى بکەنەوە. هەر لە وتەکەیدا ئاماژەى زیاتر بە ڕۆڵ و ژیان و بەشێک لە ناوەڕۆکى شیعرەکانى حاجى قادرى کۆیى کرد.

لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا د.یوسف گۆران دواى ئەوەى سوپاسى سەرۆکایەتى زانکۆى کۆیە و ڕێکخەرانى کۆنفرانسەکەى کرد، خۆشحاڵى خۆشى بۆ بەستنى ئەم کۆنفرانسە دەربڕى کە بۆ بەرز ڕاگرتنى یادى دوو سەد ساڵەى لە دایکبونى شاعیرى گەورەى گەلەکەمان حاجى قادر کۆیى ڕێکخراوە، وتیشى لەم کۆنفرانسەدا کە قسەکردنى هەمەلایەنەیە لەسەر ڕەهەندە جیاکان و کاریگەرییەکانى ئەم کەڵە پیاوە دەکرێت، بەستنى ئەم جۆرە کۆنفرانسانە کە ڕەهەندێکى نەتەوەیى هەمەلایەنى هەیە دیارە ئەرکێکە کە زانکۆکان و سێنتەرەکانى بیرکردنەوە بەردەوام لە ترۆپکى خەمە سەرەکیەکانیان بێت.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى بابەتەکانى کۆنفرانسەکە هەم مێژوییە و هەم هەنوکەیى و  هەستیارە، چونکە پەیوەندى بەخەمێکى کۆن و هەنوکەیەوە هەیە و پەیوەستە بەگەلەکەمان، کە خەمى نەتەوایەتیە،   لە دیدى کەسایەتیەکى ناسراوەى گەلەکەمان، کە لەسەرەتایى دەرکەوتنى ئەم بیرکرنەوەیە لە کوردستان و ناوچەکەدا گرنگیەکەى بابەتەکە لەوەدایە دواى دوو سەد ساڵ تێپەڕبونى هێشتا خەمى چارەسەرنەکراوى گەلەکەمانە. دیار خوێندنەوەى کارەکان و ژیانى حاجى قادرى کۆیى هێندە قوڵ و فراوانە چەند ڕەهەند و بیروڕاى جیاوازى لەبارەوە دەکریت.

د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: حاجى قادر پێش هەموو شتێک شاعیرى خەمى گشتى و خەونى سیاسیە، ئەو هەم درێژکراوى شیعرى ئەدبیاتى کلاسیکیە، هەم دابڕانیشێتى، دابڕانیک بەئاڕاستەى کۆکردنەوەى خەمى نیشتیمان و بەرجەستەکردنى لە شیعردا، وتیشى حاجى قادر لەسەر ڕێبازى نیشتیمانپەروەى شاعیرانى پێش خۆى، بە دیدە رەخنەیەکەى ڕوى لە هۆشیارى و خەیاڵدانى کۆمەڵى کوردیە، دەنگى ئەو دەنگى ڕۆشەنگەرو کەسێکە کە دەستەبەردارى پرسە تاکەکەسیەکان بووە، ئەو خەمى گەلێکى دواکەوتوو پارچەپارچە و ناکۆک و داگیراکراو و دابڕاوى لەخۆى گرتوە، بەواتایەکى تر خەمى گەورەى ئەو سیاسەتە مەعشوقى ئەو وەک شاعیریکیش نیشتیمان بووە.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى ئێمە کاتێک کە قسە لەسەر حاجى قادر دەکەین تەنها قسە لەسەر شاعیرێک و بیرمەندێک و داهێنرێک ناکەین، چونکە زیاد لەوەش تێکۆشەریکى شۆرشگیر بووە، شیعر لاى ئەو تەنها فۆرمیکى ئیستاتیکى و ژانەرێکى هونەرى باڵا نەبووە، بەڵکو کەرەستەیەکى هۆشیارکردنەوەو بوژانەوەش بووە بۆ بەهیزکردنى هەستى نەتەوەى، حاجى قادر زۆر جار شیعرەکانى بەزمانیکى سادە نوسیوەتەوە تا پەیامى نەتەوەى خۆى باشتر و ڕاستەوخۆ بگەێنێت، هەموو خەمیکى گەورەى ئەو بۆ یەکریزى  یەکێتیى و ڕزگاربونى کورد بووە لە چەوەسانەوەو داگیرکارى، هەوڵێک بووە تا ئێستا و دواى دوو سەدە هێشتا بەداخەوە ماناو تین و پیرۆزى بەداخەوە پێویستى خۆى لەدەست نەداوە.

 د.یوسف گۆران بەگرنگیەوە باسى لە مێژوى خەباتى ئەدەبى حاجى قادر کرد و زیاتر لەوبارەیەوە وتى: دواى دوو سەد ساڵ هێشتا نەتەوە خەمى گەوەرەى گەلەکەمانە، حاجى قادر پێش هەموو شتێکى شاعیرى خەمى گشتى و خەمى سیاسیە، ئەو لەسەر ڕێبازى نیشتیمانپەروەرانى پێش خۆى هیواى بەگۆڕینى ئەو واقیعەى خۆیدا خواستوە، دەنگى ئەو دەنگى کەسێکە کە دەستبەردارى پرسە کەسیەکانى بوە، هەربۆیە غەزەلى گەورەى ئەو وەک شاعیرێک سیاسەتە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: کاتێک قسە لەسەر حاجى دەکەین قسە تەنها لە شیعرو نوسەرو ئەدیبێک ناکەین، بەڵکو شیعر کەرەسەتەیەکى هۆشیارکردنەوەش بوو، هەربۆیە زۆرجار بەئەنقەست بەزمانێکى سادە نوسیویەتى تا باشتر پەیامەکانى بگەیێنت، پەیامەکانى حاجى قادر بۆ ڕزگارى گەلى کورد بوو، کە تا ئێستاش پێویستى خۆى لە دەست نەداوە.

هەر لە وتارەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئێمە کاتێک قسە لەسەر خەمە نەتەوەییە گەورەکانى حاجى قادرى کۆیى دەکەین کە هێشتا بەشى هەر زۆرى ئەم خەم و برینە قوڵانە دواى دوو سەد ساڵ ساریژ نەبووە، داگیرکارو پارچەپارچەبونى نیشتیمان ئێستاش واقعى تاڵى گەلەکەمانە. بەڵام ڕەنگە لەوەش تاڵتر ئەوە بێت کە ئەمڕۆ جیا لەسەردەمى حاجى ئاڕاستەیەکى رۆشنبیرى نەتەوەیى گشتگیرى بەهێزمان نیە، بیرى لۆکاڵى و، سیاسەتى لۆکاڵى و، حزبى لۆکاڵى..سەرئەنجام کەلتورى لۆکاڵى کاریگەرى تەواوى لەسەر واقعى ئیستاى کوردستان جێهێشتووە.

لەو چوارچێوەیەشدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: گرنگە لەسەردەمى لاوازبونى بیرو سیاسەتى نەتەوەیى و لەسەردەمى باڵادەستى بیرو سیاسەتى لۆکاڵى ئیستادا دوو بارەو چەندین بارە بەرهەم و دیدە نەتەوەییەکانى حاجى قادرى کۆیى و خانى...بخوێنینەوە، پڕۆژەى نەتەوەییمان پێویستى بەبونیادنانى زمانێکى یەکگرتوو و ئابورییەکى یەکگرتوو هەیە، لەسەروى هەموشیانەوە بەیادەوەرى مێژویى و ئەقڵى نەتەوەیى هاوبەش هەیە، هەروەک گومانیش نیە کە ڕۆشنبیرانمان و زانکۆکانمان دەتوانن لەو ئەرکە نەتەوەییە گەورەیەدا ڕۆڵێکى بەرچاو و کاریگەرییان هەبێ.

 لە کۆتایشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هیواى خواست گفتوگۆ و  بابەتەکان کۆنفرانس ڕۆڵیان لە بوژانەوە و بەهێزکردنەوە و بوژاندنەوەى گیانى یەکبونى نەتەوەى و وتارى نەتەوەیى لە کۆمەڵگەى کوردستانى بەگشتى لە نێو ڕۆشنبیرانمان بەتایبەت.

لەو کۆنفرانسەدا کە ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بڕیارە لەبەر ڕۆشنایى سێ تەوەردا (زەمان و ئەدەبى حاجى قادرى کۆیى، مێژو و ژیانى حاجى قادرى کۆیى،لایەنى ڕۆشەنگەرى) لەلایەن توێژەران و بیرمەندان و نوسەران و ئەدیبانەوە تاوتوێ بکرێ.

حاجى قادر سەربارى ئەوەى شاعیرێکى گرنگى سەردەمەکەى بوو، یەکێکە لە دوا کلاسیکە گەورەکانى ئەدەبى کوردى، هەروەک بەرجەستەى ئەو گۆڕانکاریەشى کردوە، کە لە کوردستان ڕویانداوە بەتایبەت کۆتاییهاتنى سیستمى میرنیشینى و سەرهەڵدانى هۆشیارى نەتەوەیى. حاجى قادر ڕاستەوخۆ لە ڕێگەى شیعر و هەڵوێستەکانى ڕۆڵى بنەڕەتى لە داڕشتن و گەڵاڵەکردنى ئەم هۆشیارییە هەبووە بەتایبەت لە ئاستى دەستەبژێردا.