د.ئارام محەمەد لە زانکۆى گەرمیان: لە ئەنجامى سکاڵاى خوێندکاران (١٥٧٩) خوێندکارى دیکە وەرگیران

وەزیرى خوێندنى باڵا زانکۆى گەرمیانى بەسەر کردەوە

لەمیانى گفتوگۆیەکدا لەگەڵ خوێندکارانى زانکۆى گەرمیان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە ئەنجامى پێداچوونەوە بە سکاڵاى خوێندکاران (١٥٧٩) خوێندکارى دیکە لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران بەمەش ڕێژەى وەرگرتنى خوێندنى بەخۆڕایى زیادیکرد.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى بەسەرکردنەوەى زانکۆى گەرمیان هات، کە ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٢١/١٠/٢٠١٩) بەیاوەرى ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت، سەردانى زانکۆى گەرمیانى کرد و، لەلایەن د. سیروان حەسەن سەرۆکى زانکۆ و  یاریدەدەران و مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆ و خوێندکاران پێشوازى لێکرا.

لەمیانەى لە نزیکەوە بەسەرکردنەوەى تۆمارى گشتى زانکۆ د.ئارام محەمەد قادر لە شێواز و چۆنیەتى بەرێوەچوونى ڕاییکردنى مامەڵەى وەرگرتنى خوێندکارانى پرسى و ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێندکاران گفتوگۆى کردو گوێى لەسەرنج و پێشنیازەکان لەبارەى وەرگرتنیان لەزانکۆو پەیمانگەکان گرت، لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى باڵا لەپاڵ ڕێنماییکردنى خوێندکاران و هاندانیان بۆ خوێندن، تەواوى پاڵپشتى و پشتویانى وەزارەتى بۆ دووپاتکردنەوە.

لەبەشێکى دیکەى سه‌ردانه‌ مەیدانیەکەیدا، د.ئارام محەمەد قادر له‌ زانکۆى گەرمیان هەریەک لە کۆلێژ و کتێبخانە و چەند تاقیگەیەکى بەسەرکردەوە، هه‌روه‌ك لە کافتریاى زانکۆش لەگەڵ خوێندکاران لەکەشێکى خوێندکارانى خوێندندا گفتوگۆیه‌كی زانستى له‌باره‌ی پڕۆگرامەکانى خوێندن و ئاستى زانستى زانکۆ و بەشەکانیان و کەموکوڕییەکان كرد، به‌ڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکى زانکۆ بڕیارى چارەسەرکردنى گرفتەکانى دا.

وەزیرى خوێندنى باڵا ئه‌وه‌شی ڕاگەیاند: بەخۆشحاڵیەوە دەمانەوێت لێرەوە ئەوە ڕابگەیەنین، کە لە ئەنجامى پێداچونە بە سکاڵاى خوێندکاران و پێداچونه‌وه‌یان (١٥٧٩) ده‌رچوی پۆلی دوانزه‌ی دیکە لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەربگرین، بەمەش وەرگرتنى ڕێژەى وەرگرتنى خوێندکاران بەخۆڕایى بەرزدەبێتەوە، بۆیە لە ئێستاوە ئەو دەرچوانەى کە سکاڵایان تۆمارکردبو دەتوانن بە هەمان سیستمى ئەلیکترۆنى و، لە ڕێگەى وێبسایتى (regayzanko.com) بچنە نێو سیستمه‌کە و، بەهەمان وشەى تێپەڕ و نهێنى ئەنجامى وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەربگرنەوە.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داوا لەو خوێندکارانە دەکات، کە ناوەکانیان لە ئەنجامى سکاڵا تۆمارکردن گەڕاوەتەوە لە نزیکترین دەرفەتدا پەیوەندى بە کۆلێژ و بەشەکانیان بکەن و، مامەڵەى دەستبەکاربون ئەنجامبدەن.