د.یوسف گۆران: هیچ کۆمەڵگەیەکى زیندو بەبێ لەبەرچاوگرتنى رۆڵ و پێگەى مامۆستاى زانکۆ پێش ناکەوێ

IMG_0079.JPG

 وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: مامۆستایان لە سەردەمى شوڕشەوە تا بەئەمڕۆ دەگات ڕۆڵ و پێگەیەکى دیارى و بەرچاوەییان لە بوارى پیگەیاندنى نەوەکانمان و لە خەباتى سیاسى و ڕزگاریخوازى گەلەکەمان هەبوەو هەیە.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى پیشکەشکردنى وتارێکى لە وۆرکشوپێکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان هات، کە ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتى (١٧/٥/٢٠١٦) بەئامادەبونى ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتیەکان و سەرۆک و نوێنەرى سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و سکرتێڕى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانى سکرتاریەت لە هۆڵى کۆبونەوەکانى سکرتارییەتى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان بەناونیشانى (پلەو پێگەى مامۆستایانى زانکۆ بەرهەمى ماندوبونى چەندین ساڵەیە، نەک بەخشش) بەڕێوەچوو.

لەسەرەتایى وۆرک شۆپەکەدا مامۆستا ئەحمەد سابر جێگیرى سکرتێرى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستانى خوێندنەوە، لە وتەکەیدا دواى بەخێرهێنانى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى و وەفدى هاورێى، ئامانجى وۆرکشۆپەکەى ڕونکردەوە ڕایگەیاند: ئامانجى سەرەکیمان دۆزینەوەو دەستنیشانکردنى ڕێگەیە چارەیەکى زانستیە بۆ گرفتە داراییەکانى هەرێمى کوردستان، لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا بەگرنیگەوە باسى لە پڕۆژە گرنگەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد و بەپڕۆژەى گرنگ و گەورە بۆ بوارى پیشخستنى زانست و دۆخى دارایى هەرێمى کوردستان وەسفى کرد.

لە بەشیکى دیکەى کردنەوەى وۆرکشۆپەکەدا، وەزیرى خویندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەش کرد، د.یوسف گۆران لە سەرەتایى وتارەکەیدا دواى ئەوەى پیرۆزبایى ساڵیادى دامەزراندنى یەکێتیى مامۆستاى کوردستانى کرد، بەگرنگیەوە باسى لە مێژوى دامەزراندنى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان کردو لەوبارەیەوە وتى: هەموومان مێژوى دامەزراندنى یەکێتیى مامۆستایانمان لەبەرچاوە کە لە چ بارودۆخێکدا دامەزراندنى خۆى ڕاگەیاند، یەکێتیى مامۆستایان لە کات و مێژوییەکى زۆر هەستیارى میللەتەکەماندا دروست بوە، دامەزراندنى ئەم ڕێکخراوە پیشەییە لە پاڵ ئەوەى ئەرکیکى پیشەیەى بووە ئەرکێکى سیاسیش بووە، بۆیە یەکێتى مامۆستایانى کوردستان لەسەرەتاى دامەزراندنیەوە مامۆستایان ئەرکى پیشەیەى و سیاسىیان گرتە ئەستۆ، وتیشى ئەم شێوازى دامەزراندنە لە خۆیدا ئاماژەیەکە بۆ پێگەو ڕۆڵى مامۆستا لە کۆمەڵگەى کورداوەریدا، چونکە مێژوەکەى ڕەنگدانەوەى دۆخەکەیەتى، هەر لەو چوارچێوەیەدا د.یوسف گۆران وتى: پیویست ناکات ئێمە بەکۆمەڵگە بڵێین کە مامۆستا چەندە گرنگە، بەڵکو مێژوەکەى ئەو گرنگیە دەخاتەڕوو، کە یەکێتیى مامۆستایان کەى و چۆن و بۆچى دروست بووە.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتارەکەیدا ئەوەى ڕونکردەوە کە شۆڕشى گەلەکەمان  چ وەک سەرکردە چ وەک کادیرى پیشکەوتوو لە هەموو بوارەکاندا مامۆستایانى ڕۆڵى بزوێنەرییان هەبووە، ڕونیشیکردەوە کە کەم حزبى سیاسى لە کوردستاندا هەیە سەرکردەکانینان یان زیاتر لە سەرکردەکانیان لە یەکێیتى مامۆستایان نەبوبێت و لە چوارچێوەى ئەو ڕێکخراوەکەدا کارى پیشەیى و سیاسیان نەکردبێت، وتیشى ئەوە شانازییە بۆ مامۆستایان کە چ ڕۆڵ و پێگەیەکى گەورەیان لە کۆمەڵگەدا هەیە، وتیشى ئەگەر سەیرى ڕابردو و ئێستا بکەین ناتوانین باس لە میللەتێکى زیندو بکەین بەبێ ئەوەى کە بزانین تا چ ئاستێک ڕێز و پێگە بۆ مامۆستایان دادەنێن بەتایبەت مامۆستایانى زانکۆ کە ئەمڕۆ ئیمە قسەى لەسەر دەکەین، چونکە مامۆستایى زانکۆ و زانکۆ لە دنیادا بەتەنها شوێنێک نین بۆ پێدانى بڕوانامە، بەڵکو شوێنێکن بۆ دروستکردنى هەلى کار، زانکۆ شوێنێکە بۆ گەشەپێکردنى ئابورى وڵاتان، شوێنێکە بۆ گەشەپێکردنى ڕەوتى کۆمەڵایەتى سیاسى وڵاتەکە، بۆیە ئەگەر لە وڵاتە پێشکەوتوەکان بڕوانین و بزانین پیگەى مامۆستایان لە کوێیە ئەوکات ئاستى گەشەو پێشکەوتنى کۆمەڵگەمان بۆ دەردەکەوێ. د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: یەکێک لە پایەو پێوەرەکانى کۆمەڵگەى پێشکەوتوو و گەشەکردو ئەوەیە کە ڕۆڵ و پێگەى مامۆستایى زانکۆ لە ڕوى سیاسى یا ئابورى یاخود کۆمەڵایەتیان چۆنە، بۆیە پێم وانیە کە هیچ پێشکەوتنێکى سیاسى ئابورى کۆمەڵایەتى لە هیچ کۆمەڵگەیەک ڕوبدات ئەگەر توێژى مامۆستایان ڕۆڵیان تێدا نەبوبێت.

سەبارەت بەڕۆڵ و پێگەى مامۆستا لە بارودۆخى ئابورى و سیاسى ئەمڕۆى کوردستاندا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئێمە بینیمان لەم ماوەیەى قەیرانە سیاسى و ئابورییەکان کە لە هەرێمى کوردستان ڕویداوە ناوەندەکانى زانست لە زانکۆکان چ ڕۆڵێکیان بۆ چارەسەرکردنى قەیرانەکان هەبووە، ڕۆژ و هەفتە نیە لە یەکێک لە زانکۆکانى کوردستاندا قسە لەسەر بابەتیکى گرنگى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى نەکریت و رێگەى چارەى زانستیان بۆ دەستنیشان نەکرێت، تەنانەت ئەو دیدارو کۆڕو کۆبونەوانەى کە لە دەرەوەى زانکۆش دەکرێن هیچیان بەبێ بەشدار و ڕۆڵى دیارى مامۆستانى زانکۆ بەڕێوەنەچوون، بەڵکو مامۆستاى زانکۆى تیدا پێشەنگ بوە، بۆیە مامۆستایانى زانکۆ نەک تەنها پەروەردەى نەوەکانى داهاتومان بۆ دەکەن، بەڵکو چارەسەر بۆ کێشەکانى ئێستاو ئایندەش پیشنیاز و گەڵاڵە دەکەن.

د.یوسف گۆران وتى: هەموومان ئەوەمان لە بیرە کە مامۆستایانى زانکۆ چۆن ڕێگەیان نەدا لە دواى ڕاپەڕین پڕۆسەى خوێندنى باڵا لە کوردستان پەکى بکەوێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە نەک نەیانهێشت خوێندن لە زانکۆى سەڵاحەدین ڕابوەستێت،بەڵکو زانکۆى سلێمانى و دهۆکیشیان دامەزراند، ژمارەى مامۆستایان لەو کاتەدا نزیکەى ٢٠٠ مامۆستا بوو، ئێستا تەنها ژمارەى پرۆفیسۆرەکانمان لە ژمارەى مامۆستایانى ئەو کات زیاترە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ووتى: بۆیە ئێمە باس لە دۆخى دارایى ئەوکات ناکەین کە چۆن و بە چ بارودۆخێک مامۆستایان توانیویانە بارودۆخى زانکۆکان و خوێندن بەرێوەبەرن، ئەوەش شەرەفێکى سیاسى دیکەیە لە پاڵ ئەو شانازییانەى کە دراوە بەمامۆستایان.

سەبارەت بەڕۆڵى مامۆستایان لە بارودۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستاندا د.یوسف گۆران وتى: لەم دۆخە سیاسیەى ئیستادا مامۆستایان دەتوانن رؤڵى باش ببینن، بۆ نمونە ڕەنگە ئێمە زۆرجار بیروبۆچونى جیاواز لەلایەنە سیاسیەکانەوە لەبارەى کێشە و بابەتێکەوە دەبیستین، بەڵام مامۆستایانى زانکۆ بەبیروبۆچونى زانستى و ئەکادیمى خۆیان دەتوانێت ڕۆڵێکى زۆر زیاتر ببینن، بۆیە لە ئێستادا دەتوانن ڕۆڵى باشتر لە ڕوداوە سایسى و ئابورى کۆمەڵایەتیەکان کە ڕودەدەن بگیڕن. وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى ئەوە شتێکى نائاسایى نیە کە یەکێکە لە باشترین پڕۆژەکان کە تا ئێستا پێشکەشى سەرۆکایەتى حکومەت کرابێت بۆ چارەسەکردنى دۆخى دارایى بەتایبەت سەبارەت بەموچە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەکرابێت، وتیشى بەو پێیەى وەزارەتەکەى ئێمە زۆرترین مامۆستاو شارەزاو کەسانى پسپۆڕى لەخۆى گرتووە، بۆیە پڕۆژەکەمان بەپڕۆژەیەک گرنگ و زانستی دادەنرێ و لەلایەن حکومەتەوە وەرگیراوە، ئیستاش کە حکومەت باس لە بەئەلیکترۆنیکردنى موچەو کردنەوەى حیسابى بانکى بۆ فەرمانبەران و موچە خۆران دەکات، ئەوە  یەکێک بووە لە پێشنیازە دیارو بەرچاوەکانى وەزاروتەکەمان و مامۆستایانى زانکۆ کە لەو پڕۆژەیەدا پیشکەشى حکومەتمان کرد، بۆیە ئەم پرۆژەیە نەک هەر بۆ مامۆستایانى زانکۆ،  بەڵکو بۆ سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و حکومەت سودى هەیە.

لە کۆتایشدا وتى: ئێستا ئێمە لەم بارودۆخە کە کۆبوبنەتەوە ناتوانین باس لە حکومەتیکى چالاک بکەین ئەگەر بێت کێشە داراییەکانى لەلایەن دەستەبژێرى  کۆمەڵگەوە چارەسەر نەکرێت، بۆیە مامۆستایانى زانکۆ پیشەنگى ئەو کۆمەڵگەیەو دەبێت بایەخى زیاتر بەپیگەو ڕۆڵیان لە چارەسەرکردنى کێشەو بابەتەکان پێ بدرێت، تا هەموان بەیەکەوە بتوانن بیروبۆچونى دیکە گەلاڵە بکەین و پرۆژەکە زیاتر دەوڵەمەند و فراوان بکەن تا سەرجەم کیشەکانمان چارەسەر بکەین.

لەو وۆرک شۆپەدا لە دوى تەوەرى جیادا گفتوگۆ لەبارەى (کێشەو گرفتى موچەى مامۆستایان و پێگەى مامۆستایانى زانکۆ) لەلایەن شارەزاییانەو پسپۆڕانى بوارەکە کرا.