بە چاودێرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٤/٢/٢٠٢٠) کۆنفرانسی نێودەوڵەتی (گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و گەشەی هەرێمایەتی) بە ئامادەبونى (د. ئامانج عەبدوڵا سەعید) نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و (د.کاوە شێروانى) سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و ژمارەیەک لە سەرۆکى زانکۆکان و مامۆستایان و توێژەران لە ناوەوە و دەرەوەى هەرێمى کوردستان، لە سەنتەرى ڕۆشنبیرى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر دەستى بەکارەکانى کرد.
لەمیانەى پێشکەشکردنى وتارى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کە لەلایەن د.ئامانج عەبدوڵا سەعید خوێندرایەوە، وتی: جێگەی شانازییە ئەمرۆ جگە لە توێژەرانی زانکۆکانی کوردستان و عیراق، ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژەرانی وڵاتانی جیهان بە بەرهەمی توێژینەوەکانیان لەم کۆنفرانسەدا بەشدارن، لەو چوارچێوەیەشدا ڕایگەیاند: زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەمیشە دەستپێشخەری کاری زانستی و ئەکادیمی ناوازە بون، هەوڵی تەواویان داوە کە ئاست و کواڵیتی پرۆسەی خوێندن بەرز ڕابگرن و بەرهەمی توێژینەوە زانستییەکانیشیان بگەیەننە گۆڤارە زانستییە ئاستبەرزەکانی دونیا و گرنگی بە ئەپلاید ریسێرچ بدەن.
هەر لە وتەکەیدا د.ئامانج عەبدوڵا سەعید وتیشى: ئێمە وەک وەزارەت باوەڕی تەواومان هەیە کە توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمیى دەبێت ڕۆڵی گەورە ببینن لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی خوێندن و گەشەکردنی ئابوری و کۆمەڵایەتی، دەبێت پرسی توێژینەوە زانستییەکانمان باشتر ببەستینەوە بە چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆمەڵگا، بێگومان ئەمە تێڕوانینی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە، زیاتر وتیشى: ئەگەر سەیری داتاکانی ڕیزبەندی نیشتیمانی بکەین دەبینین بەراورد لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٩ بەرهەمی توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە زانستییە ئاستبەرزەکان بە ڕێژەی (٨٠٠%) زیادی کردوە، ئەمەش مانای وایە گروپێک لە توێژەرانی بەتوانا لە زانکۆکانمان پێگەیشتون و توانای بەشداری کارایان هەیە لە بەرهەمهێنانی مەعریفە بە رەچاوکردنی هەمو پێوەر و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
لەلایەن خۆشیەوە د.کاوە شێروانى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر پوختەى کار و هەوڵەکان و ئامانجى بەستنى کۆنفرانسەکەى بۆ ئامادەبوان ڕونکردەوە و لەو چوارچێوەیەشدا وتى: زانکۆکەمان بە بایەخەوە دەڕوانێتە بەستنى ئەو جۆرە کۆنفرانسانە لە ئاستى نێودەوڵەتى بۆ ئەوەى توێژەران و توێژینەوەکانمان سەرنج و پێشنیار و شارەزاییەکان لەگەڵ توێژەرانى وڵاتانى دونیا لە ڕوى زانستییەوە ئاڵوگۆڕ بکەن.
کۆنفرانسی نێودەوڵەتی (گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و گەشەی هەرێمایەتی) بۆ ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت کە تیایدا ژمارەیەک توێژینەوە بە زمانەکانى کوردى و عەرەبى و ئینگلیزى لەلایەن چەندین توێژەرى ناوخۆ و توێژەرانى وڵاتانى جیهان پێشکەش دەکرێن.
بۆ خوێندنهوهی دهقی وتارهكهی وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی كلیك (لێـــــــره) بكه.