د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: وه‌زاره‌ته‌كه‌مان وه‌ك ئه‌و ستراتیجی كاركردنه‌ی دایڕشتوه به‌رده‌وامه له هاندانی زانكۆ ئاستهبهرزهكانی دونیا تا لقیان له هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌وه.
ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، ڕێكه‌وتی (11/2/2019) له میانه‌ی پێشوازیكردنی وه‌فدێكی زانكۆی ته‌كنه‌لۆجی مالیزیا به‌سه‌رۆكایه‌تی (پ.د. واحد بن عومه‌ر سه‌رۆكی زانكۆ) هات.
له‌و دیداره، كه به‌ئاماده‌بونی د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، (پ. د. حبیب الڵه بن هارون سه‌رۆكی زانكۆی قه‌یوان) و، ژماره‌یه‌ك له لێپراسراوانی باڵای زانكۆی ته‌كنه‌لۆجی مالیزی به‌ڕێوه‌چو، تیادا گفتوگۆ له‌باره‌ی چۆنیه‌تی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان كرا.
له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌گه‌رمی به‌خێرهاتنی وه‌فدی میوانی كرد و وتی: خۆشحاڵین كه سه‌ردانی كوردستانتان كرد، هیوام وایه ماوه‌ی مانه‌وه‌تان له كوردستان له ڕوی زانستی و گه‌شتیارییه‌وه سود به‌خش بێ، د.یوسف گۆران وتیشی پێم خۆشه وه‌ك زانكۆیه‌كی ناوداری مالیزی و دنیا هاتونه‌ته كوردستان و لقتان كردۆته‌وه، ڕونیشیكرده‌وه كه وه‌ك چۆن له‌سه‌ره‌تاوه ئاره‌زوی خۆمان پیشاندا بۆ هاتنی زانكۆ ئاستهبهرزهكانی دنیا بۆ كوردستان و به‌تایبه‌ت بۆ ئێوه، ئێستاش به‌هه‌مان گڕوتینی جاران هه‌ماهه‌نگ و هاوكارتان ده‌بین و، هیواداریشم ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی كه دروستان كردوه فراوانتری بكه‌ن تا كردنه‌وه‌ی برنج كهمپسێك له كوردستان.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: وه‌زاره‌ته‌كه‌مان وه‌ك ئه‌و ستراتیجی كاركردنه‌ی دایڕشتوه به‌رده‌وامه له هاندانی زانكۆ ئاستهبهرزهكانی دونیا تا لقیان له هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌وه، چونكه هه‌رێمه‌كه‌مان ناوچه‌یه‌كی ئارامه و ده‌رفه‌تێكی له‌باری ڕه‌خساندوه تا گه‌شه به بواری خوێندنی باڵا بدرێ، هه‌روه‌ك زانكۆكانی جیهان ده‌توانن كوردستان بكه‌نه ده‌روازیه‌ك بۆ ڕاكێشانی خوێندكارانی ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئێراق و وڵاتانی دراوسێ.
هه‌ر له میانه‌ی قسه‌كانیدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: ئێمه پشتگیری ته‌واوی پڕۆژهكهتان ده‌كه‌ین، كه به‌هاوبه‌شی زانكۆی قه‌یوان جێبه‌جێی ده‌كه‌ن، وتیشی هه‌ر هه‌نگاوێك لێره بینێن بۆ گه‌شه‌كردن و فراوانكردن ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كان ئێمه ده‌ستخۆشیان لێ ده‌كه‌ین، د.یوسف گۆران ئاشكراشیكرد كه ڕۆژانه داوای كردنه‌وه‌ی زانكۆ له وه‌زاره‌ت ده‌كرێ، به‌ڵام ئێمه وه‌ك ستراتیجی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان به‌پله‌ی یه‌كه‌م كواڵیتیمان به‌لاوه گرنگه و، ئه‌خوازین زانكۆ ئاستبه‌رزه‌كانی دونیا لق بكه‌نه‌وه و ئه‌زمونی سه‌ركه‌وتو و تازه بێننه كوردستان.
له به‌رامبه‌ردا، (پ.د. واحد بن عومه‌ر سه‌رۆكی زانكۆی ته‌كنه‌لۆجی مالیزیا) خۆشحاڵی خۆی به‌و پێشوازی و دیداره ده‌ربڕی و وتی: زۆر خۆشحاڵم به‌م سه‌ردانه گرنگه، وتیشی ئه‌م جۆره هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه دولایه‌نه ده‌بێ له نێوانمان به‌رده‌وامی پێ بدرێ و گه‌شه‌ی زیاتری پێ بدرێ.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی زانكۆی ته‌كنه‌لۆجی باسی له‌و پرۆگرام و كارنامانه كرد، كه له كوردستان هه‌یانه، هه‌روه‌ك كورته‌یه‌كی له‌باره‌ی زانكۆكه‌یان وگرنگیدان به كواڵیتی خوێندن پێشكه‌شكرد، چۆنیه‌تی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی خوێندكاران له كوردستان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانی بو.
دوابه‌دوای دیداره‌كه‌ش (پ.د. واحد بن عومه‌ر سه‌رۆكی زانكۆی ته‌كنه‌لۆجی مالیزیا) و (د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی) باسیان له ناوه‌رۆكی سه‌ردانه‌كه و دیدار و كۆبونه‌وه‌كان كرد.
له‌و باره‌یه‌وه د.ئامانج سه‌عید وتی: ئێمه خۆشحاڵین به‌بونی ئه‌م زانكۆیه له كوردستان، چونكه زانكۆی ته‌كنه‌لۆجی مالیزیا كه به (UTM) ناسراوه، یه‌كێكه له زانكۆ ئاستهبهرزهكانی دونیا و له ڕیزبه‌ندی (228)ه، ئه‌وه‌ش ڕیكۆردێكی جیهانی زۆر مه‌زنه، وتیشی له هه‌ندێ پرۆگرامی وه‌ك ئه‌ندازیار و ته‌كنه‌لۆجیا له (50) زانكۆ ئاستهبهرزهكانی دونیایه، ئێستاش ئه‌و زانكۆیه كه له‌گه‌ڵ زانكۆی (قه‌یوانUTM) له كوردستان پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره و گرنگیان هه‌یه، بۆیه ده‌مانه‌وێ كه‌لتوری خوێندنی باڵا له كوردستان ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ین، بۆیه هه‌لی كاركردنیان بۆ ده‌ڕخسێنن، چونكه ده‌رفه‌تی باشترین جۆری خوێندن بۆ گه‌نجان وڵاته‌كه‌مان ده‌ڕخسێنن.
هه‌ر له‌و كۆنگره ڕۆژنامه‌یه‌دا، سه‌رۆكی زانكۆی ته‌كنه‌لۆجی مالیزیا وتی: خۆحاڵین وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م زیاتر له (150) خوێندكار له كوردستان ده‌ستیان به‌خوێندن كردوه، وتیشی ئێمه جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی هه‌مان كواڵیتی خوێندن ده‌كه‌ینه‌وه، وه‌ك چۆن له مالیزیا جێبه‌جی ده‌كه‌ین، به‌هه‌مان شێوه له زانكۆی (قه‌یوانUTM) جێبه‌جێ ده‌كه‌ین و، هه‌ولیش ده‌ده‌ین خویندكاران له‌هه‌مان كاتدا له مالیزیا له كوردستان ده‌ست به‌خوێندن بكه‌ن و تاقیكردنه‌وه بكه‌ن.