Nov 2016

بۆردێکى هاوبەش لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و ڕێکخراوی (DAAD)ی ئەڵمانی پێک دەهێنرێ

2.jpg

 لەسەر پێشنیازى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیارى پێکهێنانی بۆردێکی تەکنیکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمى کوردستان و، ڕێکخراوی (DAAD)ی ئەڵمانی درا بۆ سەرپەرشتیکردن و جێبەجێکردنی پڕۆژە هاوبەشەکانی ئایندەى نێوان هەردولا.

بڕیارى پێکهێنانى ئەم بۆردە لە میانەى دیدارێکى نێوان د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی  و(کرستیان هیولس هێرستەر) بەرپرسی یەکەمی پرۆگرامەکانی زەمالەی خوێندن لە ڕێکخراوی (DAAD) هات.

لەو دیدارەدا، کە لە بارەگای سەرەکی دامەزراوەی (DAAD)ی ئەڵمانی لە شاری (بۆن) لە وڵاتی ئەڵمانیا بەئامادەبونى  پرۆفیسۆر د. پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و، د. ئامانج عبداللە سەعید ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو چەند بابەتێکى هاوبەش تاوتوێکران.

لەو چوارچێوەیەداو، لەسەرەتاى دیدارەکەدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کورتەیەکى لەبارەى نەخشە ڕێگەی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەبوان ڕونکردەوە، هەروەک تیشکیشی خستە سەر پڕۆژەکانی (ڕیزبەندی نیشتیمانی، پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی، بەرزکردنەوەی توانای مامۆستایان، گرنگیدان بە خوێندنی پیشەیی و بەستنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان بە ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن، ڕاهێنان لە زانکۆکان، هەنگاوەکانی گۆڕانکاری لە سیستمی ناوەندى وەرگرتن و دەستپێکردنی سیستمی وەرگرتنی زانکۆیی).

هەر لە میانەى وتەکانیدا د. یوسف گۆران باسی لە گرنگی پڕۆژەکانی زەمالەی خوێندن و ناردنە دەرەوە و ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و خوێندکاران و توێژەران کرد، تەئکیدی لەسەر ئەوەش کردەوە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە چوارچێوەی پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و، دروستکردنی پەیوەندیی ئەکادیمی نێودەوڵەتی و، ڕەخساندنی دەرفەتی کار و، توێژینەوەی هاوبەش لە نیوان زانکۆکانی کوردستان و زانکۆکانی ئەڵمانیا گرنگی تەواو بەم لایەنە دەدات.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەی بەو ڕاستیەش کرد، کە لە ماوەی (٤) ساڵی ڕابردودا وەزارەتی خوێندنی باڵا بەهاریکاری ڕێکخراوی دادی ئەڵمانی توانی بە سەرکەوتویی بەرنامەی (Kurd-DAAD) جێبەجێ بکات، کە لە ڕێگەی ئەم بەرنامەیەوە کاندیدەکانی بەرنامەی تواناسازی کارئاسانیان بۆ ئەنجام دەدرا بۆ تەواوکردنی خوێندن لە زانکۆکانی ئەڵمانیا و، تەواوی تێچوی ئەم بەرنامەیە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوە، وتیشى لەمەودوا چاوەڕوان دەکەین کە ڕێکخراوی (DAAD)ی ئەڵمانی بەشداری زیاتر بکات بۆ دەستەبەرکردنی زەمالەی خوێندن بۆ هەرێمی کوردستان، لەهەمان کاتدا لە  ڕوی داراییشەوە لە دەستەبەرکردنی ئەرکە داراییەکانی ئەم زەمالانە بەشدار بێت، ئەوەشى ڕونکردەوە کە پێویستە ئەو زەمالانە هەموو ئاستەکانی خوێندنی بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا و ڕاهێنانی پرۆفێشناڵیش بگرێتەوە.

لە کۆتایدا د. یوسف گۆران ئەوەشى ئاشکراکرد، کە ساڵ بە ساڵ ژمارەی پێشکەشکاران بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبونە، وتیشى (دوو ملیون) ئاوارە لە سوریا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری ئێراقەوە هاتونەتە هەرێمی کوردستان، ئەوانیش چاوەڕوانی دەرفەتی خوێندن و پەرەپێدانی کارامەییەکانیان دەکەن، بۆیە ئێمەش باوەڕی تەواومان بە بنەماکانی پێکەوە ژیان و تۆلەرانس و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان هەیە، کوردستان بۆتە لانکەیەکی ئارام بۆ هەمو ئەوانەی کە بەهۆی شەر و ناکۆکیە سیاسییەکانەوە ڕویان لە هەرێمی کوردستان کردوە، هەر بۆیە زانکۆکان و تەواوی سیستمی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان پێویستیان بە هاریکاری نێودەوڵەتی هەیە.

لە بەرامبەردا (د. کرستیان هیولس هێرستەر) بە گرنگی و پڕ بایەخەوە ڕەوتی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵای لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و، ئامادەیی خۆی و تیمەکەی نیشاندا بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، تەئکیدی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەزمونی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی پرۆفێشناڵی بەرزدایە و، ڕێکخراوی (DAAD)  بە خۆشحاڵییەوە لە ئایندەدا خۆی بۆ کار و هەماهەنگی زیاتر ئامادە دەکات.

لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەو، لەسەر پیشنیازی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمى کوردستان بڕیاردرا بۆردێکی تەکنیکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی و ڕێکخراوی (DAAD)ی ئەڵمانی پێکبهێنرێ بۆ سەرپەرشتیکردن و جێبەجێکردنی پرۆژە هاوبەشەکانی ئایندە، هەروەک بڕیار درا کە لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی یەکەمین کۆبونەوەی ئەم بۆردە لە سەرەتای مانگى ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بکرێ، ئەوەش ڕاگەیندرا کە ئەرکەکانی ئەم بۆردە بریتی دەبن لە دانانی نەخشە ڕێگەی پەرەپێدانی ئاڵوگۆری مامۆستا و خوێندکار و زەمالەی خوێندن و کاری زانستی و توێژینەوەی هاوبەش لە نێوان هەردوولا، لەهەمان کاتدا کارى هاوبەش دەکات بۆ بەدەستهێنانی گرانت و سەرچاوەی دارایی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژانە.

(د.کرستیان هیولس هێرستەر) تەئکیدیشی کردەوە، کە ڕێکخراوی (DAAD)ی ئەڵمانی  ئامادەیە بۆ گۆڕانکاری لە پێدانی زەمالەی خوێندن و بەشداریکردن لە دەستەبەرکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ هەموو ئاستەکانی خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا، لەهەمان کاتدا پێشنیازیشی کرد کە لە ڕێگەی پڕۆگرامی (Startup fund)ەوە کاربکرێت بۆ ئەوەی توێژەران و ئەکادیمییەکانی کوردستان لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکانیان لە نزیکەوە هەماهەنگیی بکەن بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕاو ئەزمون لە پێناو داڕشتنی پڕۆژەی گەورە بۆ گەشەپێدانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆتایدا د. کرستیان ئامادەیی خۆی و تیمەکەی نیشاندا بۆ بەدواداچون و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەم کۆبونەوەیە.