Nov 2016

قۆناغى یەکەمى پرۆسەى بەئەلیکترۆنیکردنى وەزارەت و زانکۆکانى کوردستان بەکۆتا هات

IMG_0091.JPG

 د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: پڕۆژەى بەئەلیکترۆنیکردنى وەزارەت و زانکۆکانى هەرێمى کوردستان یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانى وەزارەتەکەمان و خۆشبەختانە لەئێستادا قۆناغى یەکەمى پرۆسەکە تەواو بووە و هەنگاوى دیکەش بۆ قۆناغەکانى تر چۆتە پێشەوە.

ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەيةكى فراوان هات لەگەڵ سەرجەم بەرپرسانى ئایتى زانکۆکان کە ئەمڕۆ یەکشەممە, ڕێکەوتى (٢٢/٥/٢٠١٦) لە دیوانى وەزارەت بەئامادەبونى د. ئامانج عەبدوڵا سەعید راوێژکارى وەزیر و د. خەتاب ئەحمەد شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى دیوان بەڕێوەچوو.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د.یوسف گۆران ئاماژەى بە بڕیارێکى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کرد بۆ بەئەلیکترۆنیکردنى دەزگاو دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان, بۆ ئەوەش وتى: لە پێناو کۆکردنەوەى زانیارى دروست و داڕشتنى پلانێکى پتەو بۆ داهاتوو ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بڕیاریداوە سەرجەم دەزگاو دامەزراوەکان هەنگاو بەهەنگاو بەئەلیترۆنى بکات, بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆى دەربڕى کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و زانکۆکان ماوەیەکە دەستى بەو کارە کردوە, وتیشى ئەوە پڕۆسەیەکى گرنگە بۆ زانکۆکان, چونکە حکومەت بەشێوەیەکى گشتى گرفتى داتامان هەیە. د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕاگەیاند: زۆر جار کە سەرقاڵى چاکسازین و بمانەوێ بەرنامە بۆ ئایندە دابڕێژین, یەکێک لە گەورەترین گرفتەکان کە لەو پڕۆسەیەدا ڕوبەڕومان دەبێتەوە نەبونى داتاو زانیارییە, بۆیە ئەگەر زانیاری دروست و تەواو نەبوو ناتوانین هەنگاو بەرە ئایندە بنێین و ستراتیژى کارەکانمان دابنێین, لەهەمان کاتدا نازانیین لە کوێین و بەڕەو کوێ دەڕۆین.

لە کۆتاییدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشی لێکردن کە قۆناغى یەکەمى پڕۆسەکەیان بەسەرکەوتوى تەواو کرد، هیواشى خواست بەهەمان شێوە قۆناغەکانى دیکەى پڕۆسەکەش بەسەرکەوتوى تەواو بکەن.

د.خەتاب شێخانى سەرۆکى لێژنەى باڵاى بەئەلیکترۆنیکردنى وەزارەت و دەزگاو دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: تەواوکردنى ئەم قۆناغە دەستپێکێکى باشە بۆ ئەوەى قۆناغەکانى داهاتوو بەسەرکەوتووى ببڕین، ڕونیشى کردەوە کە بۆ ئەوەى پڕۆسەکە زیاتر سەرکەوتوو بێت لە داهاتودا پێویستیان بە کۆرسى ڕاهێنان و نوێکردنەوەى بەردەوامى زانیارى و داتاکانى پڕۆسەکە دەبێت.