“خستنەڕوى پرۆسەى خوێندنى ئەلیکترۆنى لە زانکۆکانى کوردستان و هەنگاوەکانى دەستپێکردنى پرۆسەکەو دانانى پلانى درێژ خایەن بۆ ئەوەى لە داهاتو سود لەم ئەزمونە وەربگیرێت”، گرنگرتین ئەو تەوەرانە بون کە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم لە کۆنفرانسى لوتکەى خوێندنى ئۆنلاین لە عێراق خرایەڕو.
بەنوێنەرایەتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەریەک لە د. محمد حوسێن ئەحمەد سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیاى جۆرى و د. خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى و بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان بە وەکالەت، ئەمڕۆ بەشدار بون لە کۆنفرانسى لوتکەى خوێندنى ئۆنلاین لە عێراق کە بە ناونیشانى (خوێندن هەرگیز ناوەستێت) بەسەرپەرشتى کۆمپانیاى هواوى و ڕێکخراوى یونسکۆ بۆ زانکۆکانى کوردستان و عێراق بەشێوەى ئۆنلاین ڕێکخرابو.
لە کۆنفرانسەکەدا وتارى هەریەک لە ڕێکخراوى یونسکۆ و کۆمپانیاى هواوى و وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق پێشکەشکران، لە وتەیەکیشدا د. محمد حوسێن ئەحمەد سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیاى جۆرى بە نوێنەرایەتى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستانى وتارێکى پێشکەش کردو تیایدا ئاماژەى بە هەنگاوەکانى دەستپێکردنى خوێندنى ئەلیکترۆنى لە زانکۆکانى کوردستان کرد وەک ئەزمونێکى سەرەتایى، بۆ ئەمەش وتى: لەپێناو پاراستنى پرۆسەى خوێندنى ساڵى ٢٠١٩ -٢٠٢٠و بەفیرۆ نەچونى ساڵێکى خوێندن، وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم لەسەرەتاى دەستپێکردنى ڕێککارەکانى بەرەنگاربونەوەى پەتاى کۆرۆنا، پلان و بەرنامەکانى بۆ پاراستنى پرۆسەى خوێندن ئەنجامدا، لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێوەچونى خوێندنى ئەلیکترۆنى بەشێوەى پاڵپشتیکار وەک باشترین بژاردە خستە بەردەم زانکۆکانى کوردستان.
د. محمد حوسێن ئەحمەد وتیشى: لە ئێستادا پرۆسەکە بەشێوەیەکى سەرکەوتو لە زانکۆکانى کوردستان بەردەوامەو پلانى درێژخایەنمان هەیە بۆ ئەوەى لە داهاتو سود لەم پرۆسەیە وەربگیرێت.
جێگەى ئاماژەیە لە کۆنفرانسەکەدا هەریەک لە زانکۆکانى سەڵاحەدین و پۆلیتەکنیکى سلێمانى ئەزمونى بەڕێوەچونى خوێندنى ئەلیکترۆنیان لە زانکۆکانیان بۆ بەشدارن خستەڕو لە پاڵیشیدا هەریەک لە زانکۆکانى عێراقیش بەهەمان شێوە باسیان لە خوێندنى ئەلیکترۆنى لە زانکۆکانیان کرد، ئەویش بەمەبەستى گۆڕینەوەو گواستنەوەى ئەزمونى خوێندنى ئۆنلاین لە نێوان چین و عێراق و خستنەڕوى بۆ زانکۆکانى کوردستان و عێراق.
لەبەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکەدا زانکۆکانى وڵاتى چین ئەزمونى کارکرنیان بۆ خوێندنى ئۆنلاین لە زانکۆکانیان لەکاتى بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا خستەڕو و ئاماژەیان بە هەنگاوەکانى سەرکەوتنى پرۆسەکە لە وڵاتەکەیان وەک باشترین بژاردە بۆ ئامادەبوان نیشاندا.