د. یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: به‌ڵێنمان پێدراوه کە ئەو بڕوانامه‌یه‌ی لە كۆڕسهكانی پێداگۆجی هه‌رێمی كوردستان وەردەگیرێن متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیان پێببه‌خشرێت، به‌و مانایه‌ی پاش وەرگرتنی ئەو بڕوانامه‌یه، دەتوانن وه‌ك بڕوانامه‌یه‌كی باوه‌رپێكراوی نێوده‌وڵه‌تی سودی لێوه‌ربگرن، هه‌روه‌ك چۆن بۆ كاركردن له زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان به‌كاری ده‌هێنن، به‌هه‌مان شێوه ده‌توانن له بازاری كاری ئەکادیمی نێودەوڵەتییش سودی لێوه‌ربگرن، ئه‌وه‌ش خزمەت بە ئابوری هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌كات.
ئه‌م وتانه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌میانی ده‌ستپێكردنی یه‌كه‌م خولی پێداگۆجی هات، كه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ڕێكه‌وتی (24\4\2019) له هۆڵی سێنته‌ری ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆچه‌ر بیركار ده‌ستی پێكرد و، تیایدا هه‌ریه‌ك له(د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی) سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین و، (د.ئامانج سه‌عید) ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاماده‌یبون.
پڕۆژەیەکی تری نیشتمانی و ئەکادیمی لە وەزارەتەکەمان دەستیپێكرد
له‌ده‌ستپێكی كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌مین كۆرسی پێداگۆجی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتارێكی پێشكه‌شكرد و، له‌سه‌ره‌تادا سوپاسی د.ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددینی كرد و، وتی: خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم ئەمڕۆ لەگەڵ مامۆستایانی به‌شدار كۆده‌بینه‌وه، ئامانجمان ئەوەیە كه بتوانین مامۆستایانی زانكۆكانمان به كۆنسێپته نوێیه‌كانی پێداگۆجی مۆدێرن و داهێنه‌رانه ئاشنا بكه‌ین، كه قوتابی و خوێندكار تیایدا له سێنته‌ری پڕۆسهكهدایه، وتیشی بۆیه پێمان وایه كه ده‌ستپێكردنی كۆرسه‌كانی پێداگۆجی به‌ستانداردی نێوده‌وڵه‌تی و، له ژێر سه‌رپه‌رشتی زانكۆی هامك پشتیوانی گه‌وره‌ی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا ده‌بێت به‌تایبه‌ت هاوكارمان ده‌بێت له جێبه‌جێكردنی بۆلۆنیا پرۆسێس و، توێژینه‌وه و به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ زانكۆكانمان، وتیشی: ئێمه ده‌بێت مامۆستایانمان له‌گه‌ڵ سیستمی نوێی پێداگۆجی ڕابهێنین.
ئەم خوله لەژێر سەرپەرشتی زانکۆی هامێلینا وڵاتی فیلاند ده‌بێت
له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا د.یوسف گۆران ڕونیكرده‌وه، كه وڵاتی فنلاند له بواری پێداگۆجی له پێشینه‌ی وڵاتانی دونیایه، بۆیه ئێمه ده‌توانین پشتیان پێببه‌ستین، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا وه‌فدی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان پێشتر سه‌ردانی وڵاتی فنلاند و (زانكۆی هامك)ی كردوه، بۆ ئه‌وه‌ش ژماره‌یه‌ك له پسپۆڕانی بواری (پێداگۆج)یان ته‌رخان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت ڕیفۆرمی سیستمی پێداگۆجی له هه‌رێمی كوردستان ده‌ست پێبكه‌ین، ڕاشیگه‌یاند: زانكۆی هامك له ڕیزی باشترین زانكۆكانی دونیایه له بورای ڕاهێنانی مامۆستایان و سیستمی پێداگۆجی مۆدێرن. هه‌ر له وته‌كه‌یدا ڕو له به‌شداربوانی خوله‌كه وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: ئێوه ده‌بێت خۆتان به‌خۆشحاڵ بزانن، چونكه یه‌كه‌مین گروپن، كه به‌شداری كۆرسه نوێیه‌كان له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی یه‌كێك له باشترین زانكۆكانی دونیا ده‌كه‌ن.
ده‌رچوانی ئه‌م كۆرسه ده‌توانن له وڵاتانی دونیاش وانه بڵێنه‌وه
له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی تیشكی خسته سه‌ر لایه‌نه گرنگه‌كانی كۆرسه‌كه و ڕایگه‌یاند: له مانگی (11) ساڵی ڕابردو ڕاوه‌ندی یه‌كه‌می پێداگۆجی كه (33) مامۆستا له زانكۆكانی كوردستان پێكهاتبون ڕه‌وانه‌ی وڵاتی فنلاند كران و، بۆ ماوه‌ی (6) هه‌فته به‌شداریان له كۆرسه‌كانی ڕیفۆرمی پێداگۆجی كرد، دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان له مانگی (یه‌ك)ی ئه‌مساڵ به‌سه‌رپه‌رشتی زانكۆی هامك توانیان پرۆگرامێكی نوێ بۆ كۆرسه‌كانی پێداگۆجی دابڕێژنه‌وه، ئاشكرایكرد پڕۆگرامه‌كه له (60) یه‌كه‌ی (ECTS) پێكدێ، د.یوسف گۆران ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: ڕاوه‌ندی دوه‌م، كه له (20) مامۆستا له زانكۆكانی كوردستان پێكدێن ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه به‌ره‌و فنلاند به‌ڕێده‌كه‌ون بۆ ده‌ستپێكردنی كۆرسی دوه‌می ئه‌م پرۆگرامه، رونیشیكرده‌وه له ڕیفۆرمكردنی پێداگۆجی زانكۆكان هه‌مو زانكۆ حكومی و تایبه‌ته‌كان و مامۆستایانی شاره‌زا به‌شداریان پێكراوه تا له گه‌ڕانه‌وه‌یان به‌رده‌وامی به سیستمی نوێی پێداگۆجی بده‌ن، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕو له به‌شداربوانی كۆرسه‌كانی پێداگۆجی وتی: ئه‌گه‌ر ئێوه‌ی قوتابی و خوێندكاری به‌شداربوو بتوانن به‌شداری كارا بكه‌ن، ئه‌وه دڵنیابن هه‌مومان پێكه‌وه ئه‌ركێكی گه‌روه‌ی نیشتیمانی و ئه‌كادیمی بۆ وڵاته‌كه‌مان به‌جێ ده‌گه‌ێنن، چونكه به‌و هۆیه‌وه ده‌توانرێ كوردستان بخرێته سه‌ر ڕێچكه‌ی ستاندارده نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، وتیشی ئێستا له‌گه‌ڵ زانكۆی هامك كارده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی كۆرسه‌كانی پێداگۆجی متمانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست بهێنن، به‌و مانایه‌ی بڕوانامه‌ی ده‌رچونتان له كۆرسه‌كان له هه‌مو شوێنێكی دونیا باوه‌ڕپێكراو بێت.
وەزارەت و ئەنجومەنی وەزارەت كار بۆ ئه‌وه ده‌كات دیبلۆمی پێداگۆجی به به‌شداربوان بدات
له كۆتایی وته‌كانیشیدا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی دەستخۆشی لە هەمو لایەک كرد، به‌تایبه‌ت سوپاسی زانکۆی سەڵاحەددینی كرد بۆ هه‌ماهه‌نگی و ئاماده‌كارییه‌كان، هه‌روه‌ك سوپاسی ئه‌و زانكۆ تایبهتانهشی كرد، كه به‌شداربون له ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌ركه داراییه‌كانی سه‌رخستنی ئه‌و پڕۆسه‌یه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌وڵ ده‌دات بڕوانامه‌ی دیبلۆمی ستانداردی پێداگۆجی به‌به‌شداربوان بدات، هه‌روه‌ك زانكۆ و به‌شداربوانی كۆرسه‌كه‌ی دڵنیا كرده‌وه له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌دا.
د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی: له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوو وه‌زاره‌ت چه‌ندین كاری فراوان و گرنگی جێبه‌جێكردوه
هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه (د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی) سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین له‌میانی پێشكه‌شكردنی وته‌یه‌كدا سه‌رباری ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆی به ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆرسی پێداگۆجی به‌سیستمێكی نوێ، سوپاسی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا-ی كرد بۆ به‌خشینی ئه‌و متمانه‌یه به زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین، وتیشی: له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردودا وه‌زاره‌ت چه‌ندین كاری گرنگ و فراوانی جێبه‌جێكردوه، ڕونیشیكرده‌وه كۆرسه‌كانی پێداگۆجی به‌م سیستمه نوێیه ده‌بێته هانده‌رێكی گرنگ تا مامۆستایان سود له پێشكه‌وتنه زانستییه جیهانییه‌كان وه‌ربگرن.
ڕاوه‌ندی دوه‌می پێداگۆجی له فنلاند ده‌ست پێ ده‌كات
هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی كۆرسه‌كانی پێداگۆجی به‌سیستمی نوێ، هه‌ر ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، ڕێكه‌وتی (24/4/2019) ڕاوه‌ندی دوه‌می پیداگۆجی، كه (20) مامۆستای دیكه له زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان له خۆده‌گرێ به‌ره‌و توركیا به‌ڕێده‌كه‌ون بۆ وه‌رگرتنی ڤیزای وڵاتی فنلاند تا به‌شداری كۆرسه‌كانی ڕاهینانی پێداگۆجی له وڵاتی فنلاند بكه‌ن و، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كوردستان ببنه هاوكار و هه‌ماهه‌نگی مامۆستایانی ڕاوندی یه‌كه‌م بۆ درێژه‌دان به كۆرسه‌كانی پێداگۆجی و، ڕاهێنانی هه‌ڵگرانی ماسته‌ر و دكتۆرا به‌سیستمی نوێ پێداگۆجی له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان.